كه‌سێكى مه‌شبوهه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 05/05/2016

دواڕۆژ
- وڵاتیش سه‌یره‌ به‌گم، ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئاوه‌دانى بكه‌یته‌وه‌ ئه‌كید ماڵى خۆت وێران ئه‌بێ.
+ وایه‌ كوڕم.. په‌یوه‌ندییه‌كه‌ عه‌كسى یه‌.
- یه‌عنى چۆن عه‌كسى یه‌؟
+ یه‌عنى وه‌كو په‌یوه‌ندیى نێوان نه‌وت و به‌خته‌وه‌رى وایه‌، ئه‌ها ئێمه‌ هه‌تا نه‌وتمان زۆرتر بێ زیاتر قوڕ ئه‌كرێ به‌ سه‌رماندا؟!!.
- به‌و سه‌ره‌ى جه‌نابتان عه‌یب نه‌بێ شتێكم بیركه‌وته‌وه‌. دوێنێ لووتم ته‌قى به‌ لووتى زه‌لامێكدا ئه‌توانم سوێندت بۆ بخۆم كه‌ سه‌ر به‌ شوێنێكى خه‌ته‌ره‌.
+ به‌چى یا ئه‌زانى؟! سه‌روسه‌كوتى نه‌ى ئه‌هێنا؟
- جا سه‌روسه‌كوت كه‌ى شه‌رته‌ به‌گم؟ زه‌لام هه‌یه‌ ده‌موقه‌پۆزى یه‌ك بیست و پێنج فلسیى قه‌ڵب ناهێنێ كه‌چى هه‌موان له‌به‌رى هه‌ڵئه‌سن.
+ مه‌وزوعه‌كه‌ دوور مه‌خه‌ره‌وه‌. به‌ چى یا ئه‌زانى ئه‌و كابرایه‌ سه‌ر به‌شوێنێكى خه‌ته‌ره‌؟!. زمانى نه‌وعێ بوو؟
- نه‌خێر نه‌وه‌ڵـڵا.. كوردییه‌ك قسه‌ى ئه‌كرد له‌ زۆر موزیع باشتر.
+ ده‌ كه‌واته‌ جل و به‌رگه‌كه‌ى له‌ جل و به‌رگى وڵاتى خۆمان نه‌چووه‌.
- جل و به‌رگى خۆمان؟! كام جل و به‌رگه‌؟ مراخانى بێ قۆڵ؟ یان كه‌واى پوله‌كه‌ى سه‌ر ئه‌ژنۆ؟
+ ئه‌ى ئیتر چۆن زانیت كه‌سێكى مه‌شبوهه‌ رۆڵه‌؟
- مه‌دحى حكومه‌تى ئه‌كرد گه‌وره‌م. مه‌دحى حكومه‌ت!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure