كانت.. گەورەترین فەیلەسوفی سەردەمە تازەكان؟

بۆچوون / بیروڕا :: 31/12/2018

نووسینی: هاشم ساڵح
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

بەڵێ‌، پرسیارەكە ئەمەیە: كێ‌ گەورەترین فەیلەسوفی سەردەمە تازەكانە؟ رەنگە بڵێن دیكارت-ە. لەوانەیە بڵێن نیچە یان هایدگەر-ە. بەڵام نیمچە كۆدەنگییەك لەسەر ئەوە هەیە كە كانت-ە، بەڵام بۆچی كانت-ە و هیگڵ نییە؟ لەو باوەڕەدام ئەمە جۆرە زوڵمێكی تێدابێت. بابڵێین كانت و هیگڵ پێكەوە. هەردووكیان مەزنن. هەردووكیان كیشوەرێكی نوێی جیاوازیان لە كیشوەرەكانی بیری مرۆڤدا دۆزیوەتەوە. بەڵام ئەی دیكارت-ی دامەزرێنەری فەلسەفەی نوێ‌؟ ئەی سپینۆزا-ی دامەزرێنەری رەخنەی فەلسەفیی قووڵی رەچەڵەكی جوولەكە؟
 
بەڵام ئەم كانت-ە كێیە؟ ئەو رۆژی 22 ی نیسانی ساڵی 1724 لە شاری كۆنیگ سبێرگ لە باكوری ئەڵمانیا، لە خێزانێكی مامناوەند لەدایكبووە. ئەم شارە ئێستا بە ئەڵمانی نەماوە و بووەتە شارێكی روسیا. لەو كاتەوەی كە نینۆكەكانی هێشتا نەرم بوون خێزانەكەی بە رێزگرتنی ئەخلاق پەروەردەیان كرد، ئەمەیش هەتا كۆتایی ژیانی مەزنترین كاریگەری و شوێنەواری تێدا جێهێشت. خۆی دەڵێت: باشترین پەروەردەی ئەخلاقم وەرگرتووە، ئەمەیش بۆ چاكەی دایكی میهرەبانم دەگەڕێتەوە كە ژنێكی ئایینداری تۆبەكاری زۆر باش بوو. پیرۆز بێت لەو كەسەی كە دایكێكی وای هەیە. 

كاتێك تەمەنی گەیشتە شازدە ساڵ، ناوی خۆیی لە زانكۆی شارەكە تۆمار كرد و دەستیكرد بە خوێندنی فەلسەفەی لایبنیز كە لەو كاتەدا گەورەترین فەیلەسوفی ئەڵمانی بوو. كاتێكیش گەیشتە تەمەنی سی ساڵی بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەستهێنا. دوایی وەك مامۆستایەك لە هەمان زانكۆ دامەزرێنرا. دواتر كەوتە خوێندنەوەیەكی فراوانی فیكریی لە نیوتن و هیوم و بەتایبەتیش جان جاك رۆسۆ. خۆی دانی بەوەدا ناوە كە خوێندنەوەی رۆسۆ خستوویەتیە سەر رێگەی راست و جۆرێك لە شۆڕشی فیكریی لەلا ورووژاندووە. بۆچی؟ چونكە رۆسۆ ئەخلاقی لە سەرووی زانستەوە داناوە و تێیگەیاندووین كە زانست بەبێ‌ ئەخلاق و ویژدان و بیری مرۆڤایەتی، توێكڵەپیاز-ێكیش ناهێنێت. ئەمەیش ئەوە بوو كە زۆر بەداخەوە دواتر شارستانێتیی خۆرئاوا لێی دووركەوتەوە بۆیە درەوشاوەیی و راستگۆیی خۆیی، لەچاو گەلانی تردا، لەدەستدا و ونی كرد.
 
دواتر كانت پلە پلە لە پۆستەكانی زانكۆدا سەركەوت هەتا گەیشتە بەرزترین پلەكان و بووە گەورەترین رووناكبیرە بێ‌ ركابەرەكانی ئەڵمان. ساڵی 1786 بووە راگری زانكۆكە و هەر لەو كاتانەیشدا مەزنترین دانراوە فەلسەفیەكانی سەردەمەكەی بڵاوكردەوە، لە نموونەی رەخنەی عەقڵی پوخت، رەخنەی عەقڵی پراكتیكی، ئایین لە سنووری تەنیا عەقڵدا و...هتد. 

ئیتر كانت كەوتە دیالۆگ و گفتوگۆی فەلسەفی لەگەڵ گەورە بیرمەندانی ئەوروپادا. پرس و قسەوباسی ئەو كاتەیش تایبەت بوو بە رۆشنگەری و چۆنیەتیی دەربازبوون لە چەمكی توندوتیژی و تاریكستانی ئایینی مەسیحی. ئەمە هەمان ئەو كێشەیەیە كە رووناكبیرانی ئەمڕۆی عەرەبی سەرقاڵ كردووە. لە ساڵی 1784 وتە بەناوبانگەكەی: رۆشنگەریی چییە؟ لە رۆژنامەی بەرلین-دا بڵاوكردەوە. بڕوابوونی فەلسەفییانەیشی بە بوونی خودا رزگاریكردووە لە ترس و نیگەرانیی كۆتاییە دوورەكە یان ترس لە مردن. ساڵی 1796 دوا وانەی زانكۆیی وتووەتەوە و ساڵی 1804 لە تەمەنی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەمەیش بۆ ئەو سەردەمە تەمەنێكی زۆر بووە و هاوتای سەد ساڵ و رەنگە زیاتریشی ئێستا بووە.

كێیش دەیەوێت خولیا و پەرۆشیە فیكرییەكانی ئەو بزانێت كە بە درێژایی ژیانی سەرقاڵی كردووە، دەبێت رەچاوی ئەو چوار پرسیارە بكات كە لە ساڵی 1793 دا و دوای ئەوەی گەیشتە تەمەنی حەفتا ساڵی، كردوونی. پرسیارەكان: ئەو شتە چییە كە دەكرێت بیزانم؟ ئەو شتە چییە كە دەبێت لەم ژیانەدا بیكەم؟ ئەو شتە چییە كە رێگەم پێدراوە ئاوات و ئومێدی بۆ بخوازم؟ مرۆڤ چییە؟

ئەمە ئەو چوار پرسیارە گەورەیەن كە هەموو كارە فەلسەفیەكانی ئەوی ئاراستە كردووە. وەڵامی پرسیاری یەكەمیانی لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا (رەخنەی عەقڵی پوخت) داوەتەوە و تێیدا ئەو سنوورەی روونكردووەتەوە كە دەكرێت عەقڵ بۆی بڕوات یان بۆی نەچێت. واتا: عەقڵی مرۆڤ توانای هەموو شتێكی نییە، پێچەوانەی ئەوەی كە وادەزانین هەیەتی. بەڵام دەتوانێت زۆر شت بكات. دەبێت بزانین كە عەقڵ بەتوانا تایبەتەكانی خۆی چی دەتوانێت بدۆزێتەوە و چیش ناتوانێت بدۆزێتەوە. ئەو شتەی كە عەقڵ دەتوانێت تێیبگات دیاردە مادییەكانی جیهان و ئەو یاسایانەن كە كۆنترۆڵی گەردوون دەكەن. ئەمەیش شتێكی كەم نییە. بەڵام عەقڵ ناتوانێت جیهانی پشت دیاردە مادییە بەرهەستەكان تێبگات، واتا جیهانی پشتەوە یان ئەوەی كە بە زاراوەی جیهانی میتافیزیك ناسراوە. ئەمەیش پێچەوانەی ئەوەیە كە فەیلەسوفەكانی پێشوو دەیانگوت و وایاندەزانی كە عەقڵ توانای زانینی هەموو شتەكانی هەیە. بۆیە كانت كتێبەكەی ناونا: رەخنەی عەقڵی پوخت، یان رەخنەی عەقڵی میتافیزیكی لە واقیعدا. ئەمەیش ئەو عەقڵەیە كە وادەزانێت توانای تێگەیشتنی لە هەموو شتێكدا هەیە تەنانەت بەوانەیشەوە كە لە جیهانەكەی تردا هەن. ئەمە ئەو خەیاڵپڵاوە بە جەور و ستەمكارەیە كە كانت لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا پووچەڵی كردەوە.

ئەو بە ئادەمیزاد دەڵێت: بایەخ بەوانە بدەن كە دەتوانن تێیانبگەن و بەڵگەی لۆژیكی و زانستییانەیان لەسەرە، ئیتر ئەوانی تر وازلێبێنن. كاتی خۆتان بە شتێكی بێسوودەوە بەفیڕۆ مەدەن و مەكەونە خولانەوە و سەرەگێژەی غەیب و میتافیزیكەوە. هێندەتان بەسە لە دیاردە هەستپێكراوەكانی ئەم جیهانە مادییە بگەن. عەقڵ ئەوەندەی بەسە شانازیی بەوەوە بكات كە یاسای خۆگرتنی گەردوون لە سەردەستی نیوتن دۆزراوەتەوە، بەتایبەت یاسای كێشكردنی گەردوون. خۆ ئەگەر ئەو دۆزینەوە زانستیانە نەبوونایە نەدەگەیشتینە داهێنانی ئەم ئامێرە تازانەی تەكنۆلۆژیا كە یارمەتیی مرۆڤ دەدەن لە بەدیهێنانی هەموو دڵنیاییەكان بۆ رامكردنی  سروشت و كۆنترۆڵكردنی. كەواتە عەقڵی مرۆڤ دەتوانێت زۆر شت بكات و تەنانەت شارستانێتیی مەزنیش دابمەزرێنێت، وەك ئەوەی لە ماوەی چوار سەدەی رابردوودا لە ئەوروپا كردی. بەڵام عەقڵ ناتوانێت وەڵامی پرسیارە سەرەكیەكانی میتافیزیكی بداتەوە، وەك: دوای مردن چی روودەدات؟ ئایا رۆح لەگەڵ جەستەدا فەنا دەبێت یان نا؟ لێرەوە سنووری عەقڵ دەوەستێت و سنووری باوەڕ/ئیمان دەست پێدەكات. تەنیا ئایین دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە.

دەربارەی پرسیاری دووەمیش كە دەڵێت: ئەو شتە چییە كە دەبێت بیكەم؟ كانت وەڵامی ئەمەیشیانی لەڕێی كتێبێكی گەورەوە داوەتەوە كە كتێبی (رەخنەی عەقڵی پراكتیكی/كردەیی)یە و تێیدا ئەخلاق-ی بە مانا تازەكەی وشەكە روونكردووەتەوە. دەڵێت: ئەو شتە بەرامبەر خەڵكی مەكە كە خۆت حەزناكەیت خەڵكی بەرامبەرت بیكات. بەمانایەكی تر: ئایا لەسەر رووی ئەم گۆی زەوییە كەسێك هەیە پێیخۆش بێت خەڵكی لێی بدەن یان بیدزن یان بیكوژن یان دەستدرێژیی بكەنە سەری یاخود رقیان لێیبێت؟ بێگومان نەئـ. لەبەر ئەوە نابێت تۆیش ئەم كارە ناشیرینانە بەرامبەر كەسانی تر بكەیت. بەمانایەكی دی: ئەوە بۆ خەڵكی بكە كە دەتەوێت و حەز دەكەیت خەڵكیش بۆ تۆی بكات. بەم شێوەیە كاروبارەكانی كۆمەڵگە رێكدەخرێن و دەبێتە كۆمەڵگەیەكی بە ئەخلاقی پێشكەوتووی بەرز. هەر ئەمەیش بوو كە دواتر لە كۆمەڵگە پێشكەوتووە ئەوروپاییەكاندا بەدیهات و خەڵكی بوونە شارستانی و بەڕێزەوە مامەڵە و رەفتاریان لەگەڵ یەكدیدا دەكرد. ئیتر وانەمایەوە كە ناكۆكیەكانیان بە هێزی بازوو یاخود بە لێدان چارەسەر بكەن، وەك ئەوەی خەڵكە سەرەتاییە هەرچی و پەرچییەكان دەیانكرد. بەڵكو لەبریی ئەوە پەنایان دەبردە بەر دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا.

بەمەیش ئەو پرەنسیپانەی كانت نووسینی، هەر بە مەرەكەبی سەر كاغەز نەمانەوە، بەڵكو وەك كارێكی واقیعی، بەرجەستە و جێبەجێكران و وەك پرەنسیپگەلێكی نیمچە پیرۆزیان لێهات كە گەلی ئەڵمان و باقی گەلانی پێشكەوتووی ئەوروپایش پەیڕەویان كرد و لەسەری رۆیشتن. ئەمەیش مانای وایە كە فیكری كانت بە پراكتیكی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێكرا و بەشداربوو لە پێكهێنانی هەموو شارستانێتیە نوێكاندا. بەم مانایە بێت، كەواتە لە دوای دیكارت و جان جاك رۆسۆ، كانت مامۆستای هەموو شارستانێتیی ئەوروپایە.

دەربارەی پرسیاری سێیەمیش، ئەوەی كە چ ئامانج و ئومێدێك لەم ژیانەدا بخوازرێت؟ ئەوا كانت لەڕێی كتێبە بەناوبانگەكەیەوە (ئایین تەنیا لە چوارچێوەی سنووری عەقڵدا) وەڵامی داوەتەوە و تێیدا رەخنە لە رەچەڵەكی مەسیحیە وشكوبرینگەكان دەگرێت و تێگەیشتنێكی عەقڵانی و ژیرانەی ئایین دەردەخات. واتا تێگەیشتن و چەمكێكی گونجاو بۆ كۆمەڵگە تازەگەر و نوێخوازەكان.

بەلای كانت-ەوە دەمارگیریی ئایینی هۆكاری شەڕانگێزی و جەنگە مەزهەبییەكانە كە لەمیانەی جەنگی سی ساڵەی نێوان (1618-1648) ئەڵمانیا و هەموو ئەوروپای دادڕان. ئەو جەنگانە لە نێوان هەردوو مەزهەبی سەرەكی، كاسۆلیك و پرۆتستانت، بەرپا بوون و ملیۆنەها قوربانیی لە هەردوو لایەنەكە لێكەوتەوە.

بۆیە پێویستە واز لە تێگەیشتنی كۆن و تاریكستانی ئایین بهێنرێت و تێگەیشتنێكی وای بۆ دابنرێت كە لە چوارچێوەی عەقڵدا بێتەوە. ئەو كاتە ئاشتەواییەكی مێژوویی لە نێوان زانست و باوەڕ/ئیمان یاخود فەلسەفە و ئایین دروست دەبێت. كانت لەڕێی دانراوەكانیەوە بەشداربووە لە بەدیهێنانی ئەو ئاشتەواییە گەورەیەدا. هەروەها كانت دامەزرێنەری فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی بوو، ئەو فەلسەفەیەی كە بڕوای بە بایەخ و گرنگیی فیكر و نموونەی باڵا هەیە و دەتوانێت ژیان بگۆڕێت و بەرەو باشتری ببات. كەواتە ببنە ئایدیالیست ئەی هاوڕێیان و لێی مەترسن بەڵام لەگەڵیشیدا واقیعی بن.
 
ئەو بڕوای بە توانای عەقڵی مرۆڤ هەبوو لە دروستكردنی موعجیزەدا و لەڕێی ئەو زانستی فیزیا و ماتماتیك-ەوە كە ئیسحاق نیوتن-ی تێدا بەهرەدار و بلیمەت بوو. سوودێكی زۆریشی لە بیردۆزەكانی ئەم زانایە وەرگرتووە، بەجۆرێك هەندێك هەن دەڵێن كە: ئەگەر نیوتن نەبوایە كانت-یش نەدەبوو! چونكە نیوتن بڕوابەخۆبوونی داوە بە كانت و توانای زانستی نوێی بۆ سەلماندووە لە كردنەوەی لوغز و نهێنیەكانی گەردوون و تێگەیشتن لە نهێنی و شاراوەكانی. دەبێت ئەوەیش بزانین كانت لە سەدەی هەژدە لەدایك بووە و ژیاوە كە دەكاتە سەردەمی رۆشنگەری و رێنیسانسە گەورەكە.

بۆیە بەشداربووە لە رەواندنەوەی تاریكایی ئەو تاریكستانیەی كە دەوری عەقڵەكانی داوە. دژی دەمارگیریی ئایینی و بەزۆر لەقاڵبدانی عەقڵەكان و دەستەمۆكردنیان بووە. هەروەك دژی تەمبەڵیی عەقڵ و خۆدزینەوە و خۆبەدەستەوەدانی قەدەر بووە. كانت رۆشنگەریی ئاوا پێناسە كردووە: دەرچوونی مرۆڤە لە قۆناغی گوێپێنەدان و كەمتەرخەمی و گەیشتنیەتی بە تەمەنی پیێگەیشتن یاخود تەمەنی كامڵی و بەهۆشهاتنەوە. قۆناغی بایەخنەدانی عەقڵیشی وا پێناسە كردووە كە: شوێنكەوتنی ئەوانی تر و بێتواناییە لە پێكهێنانی خودبیری یان رەفتار لە ژیان و یان نەتوانایی لە هیچ بڕیاردانێك بێ‌ راوێژی كەسی سەرووی خۆمان كە بەسەر سەرمانەوە راوەستاوە وەك باوك و شێخ و كاهن و...هتد. ئەمەیش مانای مانەوەمانە لە قۆناغی عەقڵی منداڵیدا ئیتر با بووبینە كەسێكی گەورەیش لە تەمەندا.
 
 لەبەر ئەمەیشە كانت هاوار دەكات و دەڵێت: ئەی خەڵكینە عەقڵی خۆتان بەكاربێنن! بۆ ئەوەی بوێریی بەكارهێنانی عەقڵتان هەبێت! چونكە خودا عەقڵی داونەتێ‌ بۆ ئەوەی بەكاریبێنن نەك هەڵیوەشێنن. لەمڕۆوە سستی مەنوێنن و خۆتان مەدەنە دەستی تەمبەڵیی قەدەر و بەختەوە. شتێك قبووڵ مەكەن هەتا دادگایی عەقڵ و هەڵاوێری و لەبێژنگدان و تاقیكردنەوەی بۆ نەكەن. 

بەڵام كانت لە سەر بنەمای دژایەتیی ئیمان و بیرەباوەڕی ئایینی لە رۆشنگەریی نەگەیشتووە. بەڵكو لەمڕووەوە وتە بەناوباگەكەی وتووە: لەو جێگەیەدا كە سنووری عەقڵ كۆتاییدێت سنووری ئیمان دەست پێدەكات. كانت داوای ملكەچبوونی كوێرانەی خەڵكی بۆ سەركردەكان و پیاوانی ئایینی نەكردووە وەك ئەوەی دواتر لە پروسیا روویدا. وەك بینیشمان دژی رامكردن و دەستەمۆبوونی عەقڵ و تەڵقیندانی زۆرەملێی فیكر بووە و بۆی جەنگیوە. بەڵام زۆر بەداخەوە، ئەڵمانیا زیاد لە جارێك لە پرەنسپیەكانی ئەو لایدا بەتایبەت لەكاتی قۆناغی نازییەت و هیتلەر-دا. ئەوە بوو لەو سەردەمانەدا بنەمای ملدانی كوێرانە باو بوو و وایلێهات كە خەڵكی ئەڵمانیا فەرمانەكانی جێبەجێ‌ دەكرد تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی قەناعەتە قووڵەكەی خۆیشی بووبێت. بنەمای (جێبەجێ‌ بكە و دژ مەبە)ی پەیڕەو كرد!.
 
كانت هەموو فەلسەفە پەروەردەكەیی لەسەر ئەم بنەما سەرەكییە بونیادنا: نابێت مرۆڤ وەك ئامراز وەربگیرێت بەڵكو دەبێت هەمیشە مرۆڤ ئامانج بێت. بە واتایەكی تر: نابێت بە هیچ جۆرێك كەرامەتی مرۆڤ لەلایەن كەسانی ترەوە سووكایەتی پێبكرێت و ببێزرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە خزمەتكارێكی سادەی ناو ماڵیش بێت.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure