جەنگی ئەردۆغان دژی كوردەكانی سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە


سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و نیوەی ئەو هێزانەیشی كە لە ئەفغانستاندان، بكێشێتەوە، چونكە دەوڵەتی بەناو ئیسلامی كە لە عێراق و سوریایە لەناوچووە. ئەو دژی هەڵوێستی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی حكومەتەكەی و هاوپەیمانانی دەوڵەتەكەی بوو لە ناتۆ و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش.
ترەمپ وتی هێزە ئەمریكیەكان لەو جەنگە بەردەوامانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پاشەكشە پێدەكات كە سەرۆكە ئەمریكاییەكانی پێش خۆی بۆیان ناردوون. هەروەها وتی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە خۆیان و بەبێ‌ وڵاتەكەی ئەو كە رووبەڕووی ئێران و كۆریای باكور بووەتەوە و لەگەڵ روسیا و چین-یشدا لەجەنگی سارددایە، شەڕەكانی خۆیان بكەن. 
دەوڵەتی بەناو ئیسلامی، لە شاری رەققەی پایتەختیان لە سوریا و هەروەها لە شاری موسڵی پیتەختیان لە عێراق، تێكشكێنرا و زیانی یەكجار زۆری بەركەوت، بەڵام هێشتا كۆتاییان نەهاتووە چونكە هێشتا هەزاران لایەنگری لە سوریا و عێراق و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
لیندسی گراهام ئەندامی ئەنجومەنی پیران هێرشی كردە سەر پاشەكشەكە و سەرۆك ترامپ-یش هێرشی كردە سەر لیندسی. دەڵێم ئەم سیناتۆرە بەكرێگیراوی ئیسرائیل و دوژمنی عەرەب و موسڵمانانە و لەوباوەڕەیشدام كە بوونی ئەو لە ئەنجومەنی پیران لەكەیەكە بەسەر دیموكراسیەتی ئەمریكاوە.

ترەمپ لە جریوەكەیدا وتی: روسیا و ئێران و سوریا بە كشانەوەكەی ئەمریكا رازیی نین، سەرەڕای ئەوەی هەواڵە درۆینەكان دەیڵێن كە پێویستە ئەمریكا دژی دەوڵەتی ئیسلامی و لایەنی دیكەیش بجەنگێت كە ئەوان رقیان لێیانە، بەبێ‌ ئەوەی لەگەڵیدا بین.
 
ترەمپ لە جریوەیەكی تریدا دەپرسێت: ئایا دەتەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك پۆلیسێك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كار بكات و گیانی بەنرخ ببەخشێت و ترلیۆنەها دۆلار لەبریی ئەوانی تر بدات كە رێز لەوەیش ناگرن كە دەیكەین؟ ئایا دەمانەوێت تاهەتایە هەر وا بمێنینەوە؟ ئیتر كاتی ئەوەیە ئەوانی تر جەنگەكانی خۆیان بكەن.

سوودمەندی راستەقینەی پاشەكشەی سەربازیی ئەمریكا لە سوریا توركیایە كە خۆی ئامادە دەكات بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكانی ئەوێ‌. وتاری زۆرم لە میدیای ئەمریكا و ئەوروپادا خوێندوونەتەوە كە دەڵێن كشانەوەكەی ئەمریكا دیارییەكە بۆ توركیا و پێدەچێت سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان قەناعەتی ئەوەی بە سەرۆك ترەمپ كردبێت كە كوردەكانی سوریا تیرۆریستن و دەبێت لەناوببرێن. هێزەكانی توركیا هێرشەكەی سەر كوردەكانی سوریایان دواخست بەڵام هەر ئەنجامی دەدەن.

لەوباوەڕەدام ترەمپ پێش راگەیاندنی كشانەوەكەی ئەمریكا راوێژی بە ئەردۆغان نەكردووە، بەڵام بڕیارەكەی ئەمریكا ئەوە بووە كە توركیا ویستوویەتی و دەیەوێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی كوردەكانی سوریا كە هاوپەیمانن لەگەڵ كوردەكانی توركیا لە دژی رژێمی ئەردۆغان كە پێدەچێت بیەوێت سەڵتەنە و سوڵتانایەتی بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان ببێتە سوڵتانێكی تر و سەركردایەتی موسڵمانانی ناوچەكە بكات.
 
لێرەدا ئیستێك دەكەم بۆ ئەوەی بڵێم من لایخۆمەوە لایەنگری ئەردۆغان-م لەبەرامبەر فەلەستینیەكان و پشتگیریەكانی لە مەقاوەمەی كەرتی غەززە و هەوڵەكانی بۆ یارمەتیدانی خەڵكی غەززە، وەك ئەوەی قەتەریش لەم دواییەدا كردی، بەڵام دژی هەموو هەڵوێستەكانی تریم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چونكە ئەو كار بۆ خۆی دەكات نەك بۆ توركیا یان بۆ فەلەستینیەكان یاخود بۆ هەر گەلێكی تری ناوچەكەمان.

كوردەكان لە سوریا باس لە بەرەڵاكردنی نزیكەی 3200 ئەندامی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی دەكەن كە لای ئەوان دەستبەسەرن. هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە ناوی جەنگاوەرە كوردەكانە، هەڕەشەی ئازادكردنی ئەندامەكانی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی-یان كرد وەك تۆڵەیەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان كە نەخشەی جەنگی لە دژی كوردەكانی سوریا كێشاوە و لە دژی كوردەكانی توركیایش دەجەنگێت.

گرنگترینی ئەوەی لەم بابەتەدایە ئەوەیە كە دەوڵەتی بەناو ئیسلامی شەڕەكانی دۆڕاندووە بەڵام هێشتا جەنگەكەی نەدڕاندووە چونكە پیاوەكانی لە هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن و ئێستا هەوڵدەدات بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی خۆی بۆ شەڕێكی تر لە دژی توركیا و رژێمی سوریا و دوژمنەكانی تری لە عێراق و ناوچەكانی تر.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure