ئێران و ئه‌مریكا و بژارده‌ى سه‌ربازیى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا 
كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ و په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تى (سه‌رۆك كۆمارێكى پێشنبینى نه‌كراو) له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه‌، بووه‌ هۆى توندوتیژبوونى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئێران و ئه‌مریكا پاش ئه‌وه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م و له‌سه‌رده‌مى ئۆباما-دا تائه‌ندازه‌یه‌ك ئارام بوو. تره‌مپ به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌یه‌كى فراوانترى وا به‌ده‌ستبێنێت كه‌ هه‌م به‌رنامه‌ ئه‌تۆمى و هه‌م سیاسه‌تى مووشه‌كى و هه‌م هه‌ڵسوكه‌وتى ناوچه‌یى ئێران بگرێته‌وه‌، له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌ و هه‌وڵیدا له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا سه‌رله‌نوێ سیستمى ئابڵوقه‌كان دژى ئێران جێبه‌جێ بكات.

واشنتۆن توانى به‌ جه‌نگى ده‌روونى چه‌ند زه‌برێك بوه‌شێنێت له‌ په‌یكه‌رى ئابوریى ئێران و وه‌ك بینیمان هه‌ڵاوسان و دابه‌زینى تواناى ئابوریى هاووڵاتیان و هه‌ره‌سهێنانى به‌رچاوى نرخى تمه‌ن به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام ئه‌م سیاسته‌ نه‌بووه‌ هۆى داڕووخانى سیستمى سیاسیى ئێران له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ گشتییه‌ى به‌دوادا نه‌هات له‌ناو خه‌ڵكى ئێراندا كه‌ واشنتۆن چاوه‌ڕوانى بوو.

پاش تێپه‌ڕبوونى شه‌ش مانگه‌كه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى ئاكامه‌كانى گوشاره‌ ئابوریه‌كه‌ى سه‌ر ئێران له‌و ئاسته‌دا بمێنێته‌وه‌، پێویست بوو واشنتۆن وه‌ك پێشتر به‌ كرده‌وه‌ ده‌روونییه‌كانى بارودۆخى ئابورى و سیاسى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێران به‌ دژوارى بهێڵێته‌وه‌. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (برایان هوك) به‌ڕێوه‌به‌رى گروپى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئێران باسى كرده‌وه‌ى سه‌ربازیى كرد ئه‌گه‌ر تاران به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

مه‌سه‌له‌یه‌كى روون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئاماژه‌كردن بۆ بژارده‌ى سه‌ربازیى له‌ سیاسه‌تى راگه‌یه‌نراودا به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نگه‌ ئابوریه‌كه‌ى دژى تاران ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانى واشنتۆنى به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ و دووریش نییه‌ به‌تێپه‌ڕبوونى كات و چاككردنه‌وه‌ى خاڵه‌ لاوازه‌كانى ئابوریى ئێران و به‌ڵێنه‌ داراییه‌كانى ئه‌وروپا، واشنتۆن ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ى ئێستایشى له‌كیس بچێت به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌مریكا نه‌یتوانى قه‌یرانه‌ ئابوریه‌كه‌ى ئێران بكات به‌ قه‌یرانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى. بۆیه‌ واشتۆن پێویستى به‌وه‌یه‌ په‌ناببات بۆ تۆمه‌تى تازه‌، بۆ نموونه‌ بڵێت تاران به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكاى خستووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و واى له‌ قه‌ڵه‌م بدات كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ مووشه‌كیه‌كانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى جددین بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ حكومه‌تى تاران ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌بێت گیروگرفت و رێگره‌ ئابوریه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و ئابڵوقه‌كان كاریگه‌ریى زیاتر دروست بكه‌ن.

پێویسته‌ پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ بزانین كه‌ له‌ رووى مێژووییه‌وه‌ ئه‌مریكا له‌ چل ساڵى رابردوودا چه‌ندین جار باسى بژارده‌ى سه‌ربازیى كردووه‌ دژى ئێران. پراكتیزه‌نه‌كردنى ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ رابردوودا هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى ئێستایش ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌م له‌لاى ئێران و هه‌م له‌لاى یاریكه‌ره‌كانى تر دایده‌به‌زێنێت، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌ هه‌ره‌ دژواره‌كاندا، بۆ نموونه‌ داگیركردنى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ تاران و هه‌روه‌ها له‌ گه‌رمه‌ى جه‌نگى عێراق و ئێراندا و له‌كاتێكدا ئه‌مریكا له‌ ده‌ریادا پشتیوانیى عێراقى ده‌كرد، یاخود كاتێك كه‌شتیگه‌لى ئه‌مریكا و به‌له‌مه‌ چاودێره‌كانى ئێران له‌ كه‌نداوى فارس-دا هێنده‌ى نه‌مابوو په‌لامارى یه‌كترى بده‌ن، ئاله‌و كاتانه‌یشدا په‌یوه‌ندیى نێوان ئێران و ئه‌مریكا نه‌گه‌یشته‌ ئاستى جه‌نگى سه‌ربازیى.

به‌كارهێنانى ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێراندا دابنیشێت. واشنتۆن نایه‌وێت له‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا پاشه‌كشه‌ بكات یان گوشاره‌كانى كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت نائارامییه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئاستێكى به‌رزدا بهێڵێته‌وه‌ و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ئێران ریشه‌كێش بكات و كۆنترۆڵى ره‌فتاره‌كانى بكات.

به‌ڵام پرسیاره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئایا له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى وا دژواردا و له‌شكستهێنانى ئه‌م سیاسه‌تانه‌ى واشنتۆن و نه‌گۆڕانى هه‌ڵسوكه‌وتى ئێران، ئاخۆ تره‌مپ ناچار ده‌بێت بۆ هه‌ڵاتن له‌م شكسته‌، ده‌ست بداته‌ قومارێكى گه‌وره‌ و هێرشى سه‌ربازیى بكاته‌ سه‌ر ئێران؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ پێویسته‌ تواناى سیاسى و سه‌ربازیى ئێستاى هه‌ردوو وڵات له‌به‌رچاوبگرین و هه‌روه‌ها بیشزانین كه‌ پێنتاگۆن و هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌.

گومانى تێدا نییه‌ به‌هۆى جیاوازیى زۆرى بودجه‌ى سه‌ربازى و ئاستى ته‌كنه‌لۆجى ئه‌مریكاوه‌، تواناى سه‌ربازیى ئێران قابیلى به‌راوردكردن نییه‌ له‌گه‌ڵ تواناى سه‌ربازیى ئه‌مریكادا، به‌ڵام ئێران باش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ تێگه‌یشتووه‌ و به‌درێژایى ماوه‌ى ساڵانى دواى شه‌ڕى عێراق-ئێران، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ى خۆیى بۆ شه‌ڕێكى نابه‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ئاماده‌كردووه‌. هاوپه‌یمانه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌كانى ناوچه‌كه‌ و قووڵایى ستراتیجى و فراوانیى ئێران و ژماره‌ى دانیشتوان كۆمه‌ڵه‌ خاڵێكن له‌به‌رژه‌وه‌ندیى ئێرانن له‌ ئه‌گه‌رى جه‌نگدا. سه‌رمایه‌گوزاریى ئێران له‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ ده‌ریادا و سیاسه‌تى مووشه‌كیى له‌ساڵانى رابردوودا به‌ جۆرێك بوون كه‌ ئه‌مریكا سه‌ره‌ڕاى سه‌رفكردنى بودجه‌یه‌كى گه‌وره‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌وردى تواناى سه‌ربازیى ئێران بخه‌مڵێنێت. ئه‌م بێ ئاگاییه‌یش واده‌كات ده‌ستپێكردنى جه‌نگ دژى ئێران كارێكى سه‌خت بێت و بڕیاردان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاڵۆز و چاره‌نووسساز بێت. بۆیه‌ وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مریكا جه‌نگ له‌ دژى ئێران به‌دوور ده‌زانێت و هه‌روه‌ها خاڵێكى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ناتوانێت له‌سه‌ر ئاستى جیهانى یاخود ناوچه‌یى یه‌كده‌نگییه‌ك دژى ئێران به‌ده‌ستبهێنێت. له‌كاتێكدا كه‌ دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و وڵاتانى ئه‌وروپا و چوار ئه‌ندام له‌ پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ى  ئه‌نجومه‌نى ئاساییش پشتیوانى له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ده‌ستهێنانى یه‌كده‌نگیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ جه‌نگ دژى ئێران ده‌بێته‌ كارێكى سه‌خت.

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بیه‌وێت یه‌كلایه‌نه‌ و له‌ سه‌ر ئاستى ناوچه‌یى و به‌ پشتبه‌ستن به‌ هاوپه‌یمانه‌كانى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا، ده‌ستپێشخه‌رى هێرشه‌كه‌ بێت ئه‌وا هه‌لومه‌رجێكى گونجاوى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌دژى ئێران كۆبكاته‌وه‌. هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌، بێجگه‌ له‌ ئیسرائیل، هیچیان قووڵایى ستراتیجییان نییه‌ و بێ توانان و هه‌ڕه‌شه‌ى مووشه‌كه‌كانى ئێران له‌سه‌ریان زۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ ته‌نیا كارێك كه‌ له‌ده‌ستیان بێت كۆمه‌ككردنى ئه‌مریكایه‌ له‌ڕووى داراییه‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیش، تره‌مپ رێگرێكى گه‌وره‌ى له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ كۆنگرێس-ه‌ و ئێستا زۆرینه‌ى به‌ده‌ست دیموكراته‌كانه‌وه‌یه‌ و پاشكۆیه‌كى ساڵى 2019ى په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ تێیدا سه‌ركۆمار ناتوانێت بژارده‌ى سه‌ربازیى دژى ئێران به‌كارهێنێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ناوخۆى ئێراندا به‌هێزبوونى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌توانێت ببێته‌ هاوئاهه‌نگى و یه‌كگرتوویى ناوخۆ و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر جه‌نگه‌ ده‌روونییه‌كاندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure