تره‌مپ چ ئاژاوه‌یه‌كى نایه‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 26/12/2018

نووسینى: عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشد
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا، زۆر كه‌سى تووشى سه‌رسوڕمان كرد كاتێك كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ سوریا راگه‌یاند، ته‌نیا چه‌ند رۆژێك دواى روونكردنه‌وه‌كه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى ده‌رباره‌ى پێویستیى مه‌حكه‌متركردنى سیاستى حكومه‌ت له‌ سوریا هه‌م له‌ڕووى سیاسى و هه‌م له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ ئیتر له‌ دژى داعش بێت یاخود دژى له‌شكركێشیى توركیا یان بوونى ئێرانى له‌ سوریادا.

كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ڕووى پراكتیكیه‌وه‌ واتا راده‌ستكردنى ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ به‌ روسیا و ئێران. له‌وانه‌یشه‌ كۆتایى شۆڕشى سوریا بێت، به‌ڵام كۆتایى ئه‌و جه‌نگه‌ ئیقلیمیه‌ نییه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاك و له‌ ئاسمانى سوریادا به‌رپابووه‌. چونكه‌ ئێران و میلیشیاكانى ده‌مێننه‌وه‌ هه‌روه‌ها رێكخراوى داعش-یش، توركیایش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ شه‌ڕه‌كانى له‌ باكورى سوریا. 

تره‌مپ ئیداره‌كه‌ى خۆیى شێواند، هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ و پلانه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌یشى، به‌ڵێنه‌كانى شكاند و خۆشى و شادیى خسته‌ مۆسكۆ و تاران و دیمه‌شق-ه‌وه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌یش هێشتا تاقه‌ سه‌رۆكێكى ئه‌مریكایه‌ كه‌ به‌ڕووى رژێمى ئێراندا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ زۆر زیاتر له‌وه‌ى ئیداره‌كه‌ى سه‌رۆك ئۆباما و ئه‌وانه‌ى پێشتریش كردیان. سه‌ركه‌وتنى ئێران له‌ سوریا واتا كوشتنى تره‌مپ چونكه‌ رژێمى تاران نازانێت كه‌ى و له‌ كوێدا ده‌وه‌ستێ و ده‌گیرسێته‌وه‌، خه‌ونه‌كانى فروانخوازین و ویسته‌كانى بۆ هه‌ژموونداریى هێزه‌ گه‌وره‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، ئیتر تره‌مپ بمێنێته‌وه‌ یان سه‌رۆكێكى تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى داهاتوودا بێت.

 كێشه‌كه‌ى تاران كێشه‌ى خۆرئاوا و هه‌روه‌ها كێشه‌ى ده‌وڵه‌تانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیشه‌.

هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌وێ به‌و زۆرى و به‌هێزییه‌وه‌ نین، ژماره‌یان هه‌زار كه‌س و چه‌ند سه‌د كارمه‌ندێكى هه‌واڵگرى و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى ترن. گرنگیه‌كه‌ى له‌وه‌دایه‌ كه‌ گوزارشت له‌ پابه‌ندبوونى ده‌وڵه‌تێكى زلهێز ده‌كات بۆ سه‌پاندنى سیاسه‌تى خۆى، میلیشیاى سوریى سه‌ر به‌ خۆى دروستكردووه‌ كه‌ هه‌سه‌ده‌-یه‌ و زۆربه‌یان كورد و عه‌ره‌بن و ده‌وترێت ژماره‌یان له‌ 30 هه‌زار چه‌كدار تێپه‌ڕیووه‌ و له‌ خۆرهه‌ڵاتى فورات-دان.

ده‌رچوونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى وه‌زیرى به‌رگرییه‌كه‌ى دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا له‌ ناوخۆى سوریا و ده‌وروبه‌ریدا له‌وپه‌ڕى ئاڵۆزیدایه‌. ئێران له‌مكاته‌دا ناكشێته‌وه‌، به‌ڵكو مانه‌وه‌ى خۆى مه‌حكه‌متر ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئیسرائیل رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانى چڕتر ده‌كاته‌وه‌ و شانه‌كانى داعش-یش له‌ كونه‌كانیان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ هۆكارى سه‌ره‌ركیى پشت ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌مریكا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ دواى سه‌ركه‌وتنى هه‌ردوو رێكخراوى نوسره‌ و داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى رووبه‌رێكى فراوان له‌ خاكى سوریا كه‌ هه‌ندێكیان ناوچه‌ى نه‌وت-ى بوون. ئاماژه‌كان ئه‌وكاته‌ روو له‌وه‌بوون كه‌ هه‌مان ئه‌وه‌ى قاعیده‌ له‌ عێراق و پێش عێراقیش له‌ ئه‌فغانسان كردى دووباره‌ ببێته‌وه‌ كه‌ ماناى به‌ئامانجگرتنى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیه‌تى.

ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ى تره‌مپ-دا نایه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت داعش له‌ناوبراوه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ى ئاماده‌ نییه‌ پاڵپشتیى دارایى بۆ جه‌نگى ئه‌وانى دیكه‌ دابین بكات. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئێران و گه‌مارۆدانى قاعیده‌ شه‌ڕێكه‌ له‌ پێناو ئاسایشى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیدا كه‌ بێگومان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ناوچه‌كه‌ و جیهانیشدا یه‌كانگیره‌ و یه‌كده‌گرنه‌وه‌. پاڵنه‌ره‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ناوخۆیى بن و ئاماده‌كارییه‌ك بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى دوو ساڵى تر، یاخود ویست و حه‌زى ئه‌و بێت بۆ ده‌رچوون له‌ زۆنگاوه‌كه‌ى سوریا، زۆر رێى تێده‌چێت ئه‌میش هه‌مان ئه‌و كاره‌ بكات كه‌ باراك ئۆباما-ى سه‌رۆكه‌كه‌ى پێش خۆى كردى، واتا جارێكى تر هێزه‌كانى بنێرێته‌وه‌ بۆ سوریا.

به‌بێ ده‌رچوونى هێزه‌كانى ئێران و میلیشیاكانى بارودۆخى سوریا یه‌قامگیر نابێت به‌ڵكو ده‌ستوه‌ردانه‌ جیاوازه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆخۆى كێش ده‌كات، به‌مه‌یش له‌سایه‌ى ئاژاوه‌ و نائارامیدا گروپه‌ تیرۆریسته‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

له‌كاتێكدا كه‌ به‌لاى تره‌مپ-ه‌وه‌ گه‌مارۆدانى ئێران كۆڵه‌كه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كیه‌كانیه‌تى، بڕیاره‌كه‌ى به‌ كشانه‌وه‌ى له‌ سوریا په‌یامێكى پێچه‌وانه‌ ده‌داته‌ هه‌موان به‌ ئێران-یشه‌وه‌. هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌قسه‌ى له‌گه‌ڵ مۆسكۆ كه‌ هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندنێكى هێنده‌ى له‌ هه‌ردوو لاوه‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، له‌دواى جه‌نگى سارده‌وه‌ بێوێنه‌یه‌.

به‌راى من ده‌رچوونى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاستى ململانێ ئیقلیمیه‌كه‌ توندتر و زیاتر ده‌كات و هه‌ل و ده‌رفه‌تى ئاشتى كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ و خراپترین بژارده‌یش به‌دیاریكراوى بۆ ئێران ده‌بێت به‌و ئیعتیباره‌ى كه‌ پاشه‌كشه‌كه‌ ده‌ستكه‌وتى ئه‌وه‌ و شكست و دۆڕانێكى سه‌ربازیى ئه‌مریكییه‌. بۆیه‌ به‌بێ رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان واژۆى بكه‌ن، قه‌یران و شه‌ڕه‌كان هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بن و به‌ڕێگه‌ و شێوازى جیاجیا درێژه‌ ده‌كێشێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure