شۆڕش لاى فره‌نسیه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 22/12/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
كاتێك ئه‌و شۆڕشانه‌ى كه‌ به‌ (به‌هارى عه‌ره‌بى) ناوده‌بران، به‌رپابوون، فره‌نسیه‌ك به‌وپه‌ڕى لووتبه‌رزى و له‌خۆباییبوونى فره‌نسییانه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند هه‌موو شۆڕشه‌كانى ئه‌م جیهانه‌ له‌ منداڵدانى شۆڕشى (پیرۆز)ى فره‌نسیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. 

باشه‌، ئه‌ى ئه‌و شۆڕشانه‌ چى بوون كه‌ پێش ساڵى 1789ى (شۆڕشى فره‌نسى) له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا به‌رپابوون؟

فره‌نسییه‌كه‌ (به‌هه‌موو خاكییه‌كى خۆیه‌وه‌) وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌: هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێش شۆڕشى فره‌نسى هیچیان شۆڕشى ته‌واو و پێگه‌یشتوو نه‌بوون!.

له‌خۆباییبوونى شۆڕشچێتى لاى فره‌نسیه‌كان بواره‌ مێژووییه‌كانى به‌زاندووه‌ و چووه‌ته‌ كایه‌ ده‌روونییه‌كه‌وه‌. یاخود ره‌نگه‌ چووبێته‌ بایۆلۆژیى كه‌سێتیى فره‌نسییه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ وابزانێت (شۆڕش) له‌ خوێنى كه‌سى فره‌نسییه‌وه‌ فیچقه‌ ده‌كات و هه‌ڵده‌قوڵێت!

 زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌ پاریس ژیاوم و هه‌موو شتێكم تێیدا به‌ جوانى بینیوه‌، ته‌نیا ئه‌و گیانى ناڕه‌زایى ده‌ربڕین و سكاڵاكردنه‌ به‌رده‌وامه‌ نه‌بیت كه‌ له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌وه‌یش له‌ (ده‌رهاویشته‌كانى) شۆڕشى فره‌نسى بێت. چونكه‌ خه‌ڵكى فره‌نسیى له‌ بارى دارایى خۆى ناڕازییه‌ و له‌به‌ر ئه‌مه‌یش  به‌رتیل و به‌خشیش تێیاندا زۆره‌. هه‌روه‌ها له‌ بارى خێزاندارى و هاوسه‌رگیرییشیان ناڕازین بۆیه‌ سه‌ركێشیى عاشقانه‌یان زۆره‌. هه‌روه‌ها له‌ بارى ته‌ندروستیشیان ناڕازین بۆیه‌ نۆڕینگه‌ و به‌كارهێنانى ده‌رمانیان زۆره‌.

له‌و ماوانه‌دا كه‌ له‌وێ بووم، مانگێك نه‌بووه‌ شاره‌وانیى پاریس نه‌ڵێت فڵانه‌ رۆژ له‌ فڵانه‌ شه‌قام خۆپیشان یاخود مانگرتنێك ده‌كرێت. مانگرتن به‌شێكى ئه‌ده‌بیاتى كارى فره‌نسیه‌كان بوو، چونكه‌ پشتئه‌ستوورن به‌و به‌ها سوسیالیستیه‌ى كه‌ تا ئه‌مڕۆ و تا ئایینده‌یش هه‌ژموونى به‌سه‌ر فره‌نسییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا كه‌ فره‌نسیه‌كان له‌مێژه‌ به‌ئاراسته‌ى چه‌پ و چه‌پڕه‌ویدا لاربووبنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ چه‌پ و چه‌پگه‌رایى مرۆڤى فره‌نسیى هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر به‌ سروشتى خۆى له‌گه‌ڵ به‌هاكانى سوسیالیستیدا بێته‌وه‌!.  

ره‌نگه‌ ئاهه‌نگه‌كانى رۆژى جیهانیى كرێكاران كه‌ رێكه‌وتى 1ى ئایاره‌، له‌ شاره‌كانى فره‌نسادا چالاكیى زۆر و زیاتر بكرێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌نانه‌ت شاره‌كانى روسیایشدا، ره‌نگه‌ هیچ شوێنێك پێینه‌گاته‌وه‌ و وه‌ك ئه‌وێ نه‌بێت، مه‌گه‌ر ئاهه‌نگه‌ هاوجۆره‌كانى له‌ كوبا و ڤه‌نزویلا!.

له‌ڕاستیدا (به‌هارى)فره‌نسى، كه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، خه‌ریكه‌ به‌ره‌و پایزى تێكدانێكى خراپتر له‌وه‌ى به‌هارى عه‌ره‌بیى ده‌ڕوات. نامه‌وێ درێژدادڕیى بكه‌م له‌ دڵپێخۆشبوونم و گاڵته‌كردن به‌ بێرنارد هێنرى لیفى-ى فره‌نسى-زایۆنى، وه‌ك ئه‌وه‌ى زۆرى تر پێش من كردوویه‌تى، ئه‌مه‌یش نه‌ك وه‌ك رێزێك بۆ لیفى به‌ڵكو وه‌ك ئازارێك به‌رامبه‌ر پاریس-ى قه‌شه‌نگ كه‌ وێران ده‌كرێت وه‌ك چۆن دیمه‌شق و حمس و حه‌ما و شاره‌كانى تر له‌ به‌هارى كوشنده‌ى عه‌ره‌بى-دا وێرانكران!  

تۆمه‌تباركردنى روسیا و ئه‌مریكایش به‌وه‌ى كه‌ له‌پشت بزووتنه‌وه‌ى هێله‌ك زه‌رده‌كانه‌وه‌ن، ئاماده‌یى فره‌نسیه‌كان له‌هه‌ر كاتێكدا بۆ شۆڕش، ناشارێته‌وه‌. ئیتر پاڵپشتیى ده‌ره‌كیى هه‌بێت یان نا.
به‌ڵام ئایا پایزى فره‌نسى درێژه‌ى ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى پایزى عه‌ره‌بى درێژه‌ى كێشا؟ باوه‌ڕ ناكه‌م، له‌به‌ر هۆكارگه‌لێك كه‌ لاى خوێنه‌ى ژیر و زرنگ شاراوه‌ نین!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure