ستیفن هاوكینگ هۆشداریى ده‌دات له‌ ئه‌گه‌رى ده‌ركه‌وتنى (سوپه‌رمان)

بۆچوون / بیروڕا :: 20/12/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
تیموتى و لوسى هاوكینگ، دوو كوڕه‌كه‌ى ستیفن هاوكینگ-ى زاناى فیزیایى به‌ناوبانگى بریتانیا، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باوكیان هه‌ستى به‌ خۆشحاڵییه‌كى زۆر ده‌كرد ئه‌گه‌ر بیبینیایه‌ كتێبى (وه‌ڵامه‌ كورته‌كانى پرسیاره‌ گه‌وره‌كان)ى دوا به‌رهه‌مى خۆى، له‌ مۆزه‌خانه‌ى زانسته‌كان له‌ له‌نده‌ن داده‌نرێت. رێوره‌سمى دانانى كتێبه‌كه‌ دواى مردنى نووسه‌ره‌كه‌ى، رووداوێكى پڕ له‌ هه‌ستى ورووژاو و گه‌رموگوڕ بوو به‌لاى هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و هاوڕێكانى و لایه‌نگرانى و ئه‌و ئه‌كادیمیستیانه‌ى كه‌ زۆر له‌م زانایه‌وه‌ نزیكبوون.

  
كتێبه‌كه‌ پێكدێت له‌ كۆمه‌ڵه‌ وتارێك كه‌ ژماره‌ى وشه‌كانى له‌ ملیۆنێك وشه‌ زیاتره‌ و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و هاوڕێكانیه‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ى بۆكراوه‌. هاوكینگ كه‌ به‌ بیردۆزه‌كانى ده‌رباره‌ى كونیله‌ ره‌شه‌كان به‌ناوبانگه‌، له‌و دوا وتارانه‌یدا نیگه‌رانیى زۆرى خۆى له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تى و گۆڕانه‌كانى كه‌شوهه‌وا و ئه‌ندازه‌ى بۆماوه‌یى روونده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا تێڕوانینێكى ئه‌رێنیى بۆ ئایینده‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى له‌كتێبه‌كه‌دا دانبه‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ "به‌لامه‌وه‌ قورس و زه‌حمه‌ته‌ ئه‌رێنى بم".

له‌م كتێبه‌دا، نزیكه‌ى باسى هه‌موو شتێك ده‌كات و ئه‌وه‌ى تێدا روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ چۆن زانست ته‌نانه‌ت ده‌گاته‌ وردترین شته‌كانى ئه‌م جیهانه‌مان، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ بابه‌تى گه‌ڕان به‌ زه‌مه‌ن-دا، ئه‌و بابه‌ته‌ى كه‌ زۆر سه‌رسام و شه‌یداى بوو، هه‌وره‌ها ده‌رچوونى بریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپایش باس ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئازار-ى 2019دا جێبه‌جێ بكرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هاوكینگ له‌ كتێبه‌كه‌یدا هۆشداریى ئه‌وه‌ ده‌دات "ئێمه‌ هه‌روه‌ها رووبه‌ڕووى مه‌ترسیى ئه‌وه‌یش ده‌بینه‌وه‌ كه‌ له‌ڕووى كلتوره‌وه‌ له‌یه‌كتر داببڕێین و به‌هۆى ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌وه‌ كه‌ له‌ پێشكه‌وتندا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ زیاتر و زیاتر له‌یه‌ك دووربكه‌وینه‌وه‌".

یه‌كێك له‌و تیۆریانه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ به‌لاى خوێنه‌رانه‌وه‌ زۆر مایه‌ى نیگه‌رانى بێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باس له‌ ئه‌گه‌رى ده‌ركه‌وتنى (سوپه‌رمان/مرۆڤى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر نائاسایى) ده‌كات، ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ له‌ڕێى ئه‌ندازه‌ى بۆماوه‌ییه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌هره‌مه‌ندى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. هاوكینگ ئه‌مه‌ روونده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"هه‌ندیك كه‌س ناتوانن به‌ره‌نگاریى فریودانى چاككردنى خه‌سڵه‌ته‌كانى مرۆڤ ببنه‌وه‌، وه‌ك قه‌باره‌ى یادگه‌ و به‌ره‌نگاریى نه‌خۆشییه‌كان و درێژیى ته‌مه‌ن. هه‌ر به‌ ده‌ركه‌وتنى مرۆڤى سوپه‌رمان كێشه‌گه‌لى گه‌وره‌ى سیاسى سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن چونكه‌ مرۆڤانێك هه‌ن كه‌ چاككنه‌كراون و ناتوانن بچنه‌ كێبڕكێكه‌وه‌".  

ئه‌گه‌رچى كتێبه‌كه‌، وه‌ك چاوه‌ڕێ ده‌كرا، ده‌رباره‌ى بابه‌تى فیزیاى پێشكه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كى هێنده‌ ئاسان باسى كردووه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێكى ساده‌یش لێى تێبگات نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ئه‌وانه‌ى ئاستێكى رووناكبیریى مه‌عریفه‌ و زانستییان هه‌یه‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و گه‌وره‌ترین به‌هره‌كانى هاوكینگ توانا و لێوه‌شاوه‌ییه‌تى به‌سه‌ر شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ى كێشه‌كان و ته‌وه‌ر و پرسه‌ زۆر ئاڵۆزه‌كان به‌ رێگه‌ و شێوازێكى هێنده‌ ساده‌ و ساكار كه‌ به‌شێكى زۆرى خوێنه‌ران و خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ئاسانى تێى بگه‌ن. به‌ڵگه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌یش ئه‌و فرۆشه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ كتێب و به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌كانى ئه‌وى پێده‌ناسرێته‌وه‌.

پێشه‌كیى كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئیدى رێدمان ئه‌كته‌رى به‌ناوبانگى ئینگلیز-ه‌وه‌ نووسراوه‌ كه‌ رۆڵى مامۆستا ستیفن هاوكینگ-ى له‌ فیلمى (The Theory of Everything تیۆرى هه‌موو شتێك)دا گێڕاوه‌ و به‌رهه‌مهێنراوى هۆلیوود-ه‌. وشه‌كانى ئیدى رێدمان به‌وه‌ جیاده‌كرانه‌وه‌ كه‌ سروشتێكى زۆر تایبه‌ت(كه‌سیى)یان پێوه‌یه‌، راى هاوكینگ-ى له‌سه‌ر فیلمه‌كه‌ بیردێته‌وه‌ كه‌ وتوویه‌تى:"فیلمه‌كه‌ هه‌ستى بزواندووم، به‌ڵام وا باشتر ده‌بوو كه‌ زیاتر باسى فیزیاى تێدا بوایه‌ وه‌ك له‌ هه‌سته‌كان، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى هه‌سته‌كاندا مشتومڕ بكرێت".      

هه‌ندێك له‌ بیردۆزه‌كانى ستیفن هاوكینگ مشتومڕى زۆر ده‌نێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گفتوگۆ و لێكدانه‌وه‌ له‌سه‌ر تیۆره‌كانى ساڵانێكى داهاتوویش درێژه‌ بكێشێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هیچ گومانێكى تێدا نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیانى ئه‌م پرۆفیسۆره‌ وانه‌یه‌كى هه‌میشه‌یى و به‌رده‌وامه‌ بۆ مرۆڤایه‌تى ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیى سه‌ركه‌وتوویى ئه‌م مرۆڤه‌ و سه‌ركه‌وتنى كه‌سێكى وا كه‌ ئاستێكى زۆرى كه‌مئه‌ندامیى هه‌بوو و ته‌نانه‌ت تواناى جووڵاندنى هیچ به‌ش و ماسوولكه‌یه‌كى له‌شیى نه‌بوو بێجگه‌ له‌ ماسوولكه‌كانى ده‌موچاوى، كه‌چى كارى یه‌كجار مه‌زنى كردووه‌. بۆیه‌ ناوى هاوكینگ به‌رده‌وام وه‌ك یه‌كێك له‌ دره‌وشاوه‌ترین و زیره‌كترین عه‌قڵه‌كان، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا بیرى مرۆڤ و مرۆڤایه‌تى دێته‌وه‌. 

كتێبى (وه‌ڵامه‌ كورته‌كانى پرسیاره‌ گه‌وره‌كان) پێش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌م به‌شێوه‌ى چاپ و هه‌م به‌شێوه‌ى ده‌نگ-یش خرایه‌ بازاڕه‌كانى كتێبه‌وه‌. رێوره‌سمى ئاهه‌نگئامێزى دانانى كتێبه‌كه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌دا، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى ره‌خساند كه‌ ئاماده‌بوان بۆ دواجار گوێیان له‌ ده‌نگى هاوكینگ بێت كه‌ تێیدا داوا له‌ هه‌موان ده‌كات چێژ له‌ پرسیار و گه‌ڕان و ته‌ماشاكردنى ئه‌ستێره‌ و جیهان وه‌ربگرن. هه‌ر له‌و ئاهه‌نگه‌دا خێزانه‌كه‌ى ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه‌ هاوكینگ هه‌ستى به‌ خۆشحاڵى ده‌كرد ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ له‌پاڵ كه‌سێتیه‌ زانستییه‌ دیاره‌كانى وه‌ك ئیسحاق نیوتن و چارلز داروین، له‌ كه‌نیسه‌ى (Westminster Abbey) نێژراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دڵى له‌نده‌ن-ه‌وه‌.  
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure