ئایا ئه‌وه‌ ره‌واندنه‌وه‌ى قه‌یرانى كۆچه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئتیحاد
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


دواى ئه‌وه‌ى كۆچ بووه‌ پرسێكى تایبه‌ت بۆ دابه‌شبوون و لێكترازانى زیاتر له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌ورپادا، ئایا ده‌كرێت جیهان ده‌ستوه‌ردانى تێدا بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌؟

په‌یماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى تایبه‌ت به‌ كۆچ كه‌ به‌مدواییه‌ واژۆكرا، ده‌ره‌نجامى دوو ساڵ دانوستانى قورس بوو به‌ سه‌ركردایه‌تى (لویز ئاربۆر) ژنه‌ كۆمسیارى پێشووى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ. له‌یه‌كه‌م لێوردبوونه‌وه‌یدا، به‌ڵێننامه‌كه‌ وه‌ك ره‌واندنه‌وه‌یه‌كى گرنگ وایه‌ له‌ كاته‌كانى وتاردان و سیاسه‌ته‌ تونده‌كان ده‌رباره‌ى كۆچبه‌ران، به‌تایبه‌ت كه‌ دانده‌نێت به‌ مافه‌كانى كۆچبه‌ران و پێویستییان له‌ پاراستنى مافه‌كانیاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌ هۆى گۆڕانكاریى خێرا له‌و شێوازى مامه‌ڵه‌كردنه‌ى كه‌ وڵاتان به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ران ده‌یكه‌ن. كه‌واته‌ ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ چ سوودێكى هه‌یه‌؟

رێككه‌وتنه‌ جیهانییه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌یلولى 2016 دا پێشنیاركرا، كاتێك نوێنه‌رانى 193 ده‌وڵه‌ت له‌ باره‌گاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك كۆبوونه‌وه‌ بۆ به‌ستنى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى لووتكه‌ ده‌رباره‌ى كۆچ و كۆچبه‌ران. كۆبوونه‌وه‌ باڵاكه‌ دواى ئه‌وه‌ بوو كه‌ نیوه‌ى باكورى گۆى زه‌وى ژماره‌یه‌كى زۆر كۆچبه‌ران و داواكارانى په‌نابه‌ریى روویان تێكرد، ئه‌وانه‌ى ده‌ریاى سپى ده‌بڕن بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ئه‌وروپاوه‌. زۆر كه‌س له‌ ئه‌وروپا پێیانوایه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى له‌ كاتى په‌ڕینه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا ده‌مرن و ئه‌و زیادبوونه‌ى له‌ داواكارانى په‌نابه‌ریدا هه‌یه‌، بۆخۆى قه‌یرانێكه‌. 

ئه‌گه‌رچى 85%ى په‌نابه‌رانى جیهان له‌ وڵاته‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌كاندان نه‌ك له‌ خۆرئاوا، قه‌یرانێكى فراوانتر هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئاستێكى فراواندا دانى پێدانه‌نراوه‌. كۆبوونه‌وه‌ لووتكه‌كه‌ ره‌زامه‌ندیى ده‌ربڕى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ دوولایه‌نه‌وه‌ دانوستان بكرێت، یه‌كه‌میان: بۆ كۆچ و ئه‌ویتریشیان بۆ په‌نابه‌ران. چونكه‌ په‌نابه‌ران به‌ گوێره‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاوازیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌چاو كۆچبه‌راندا، كه‌ له‌ ترسى چه‌وساندنه‌وه‌یان راده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن.

پرۆژه‌ى كۆتایى رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ له‌ ته‌موزى 2018 دا ده‌رچووه‌، هه‌ندێك ره‌واندنه‌وه‌ى دیارى تێدایه‌. ده‌وڵه‌ته‌كان سه‌رله‌نوێ جه‌ختیان له‌ پابه‌ندبوونیان به‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ بۆ كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران كردووه‌ته‌وه‌ (به‌ڕه‌چاوكردنى ره‌وشى تایبه‌تى كۆچكردنیان). ئه‌مه‌یش به‌ هه‌نگاوێكى گه‌وره‌ داده‌نرێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كان دوودڵن له‌ داننان به‌ مافه‌كانى كۆچبه‌راندا و هیچ به‌ڵێننامه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تیى تایبه‌تیش بۆ مافه‌كانى كۆچبه‌ران نییه‌ كه‌ هاوتاى ئه‌وه‌ى په‌نابه‌ران بێت. 
  
ره‌شنووسى كۆتاییه‌كه‌یشى وه‌ك سه‌ركه‌وتنێكى كه‌م و بچووكى ئه‌و كه‌سانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا زه‌ره‌رمه‌ند بوون. ده‌وڵه‌ته‌كان هان ده‌دات بۆ گره‌نتیدان به‌ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان و رێزگرتنى مافه‌كانیان. هه‌روه‌ك به‌ڵێننامه‌كه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ كۆچ (سه‌رچاوه‌ى پێشكه‌وتن و داهێنان و گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رده‌وامه‌).

به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ جیهانییه‌ شتێكى كه‌مه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م په‌یماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى سه‌باره‌ت به‌ كۆچه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ببه‌سترێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا  رێككه‌وتنێكى نێوده‌وڵه‌تیى (نامولزه‌م)ه‌ كه‌ مافه‌كانى كۆچبه‌رانى پێ بپارێزرێت. بۆیه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ سێ خاڵى لاوازى تێدایه‌: یه‌كه‌م، دابه‌ش و ناكۆكه‌ له‌ نێوان جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ مافه‌كانى كۆچبه‌ران و سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌ته‌كاندا. دووه‌م، یاسایه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌ به‌ڵكو (چوارچێوه‌یه‌كى هاریكاریى نامولزه‌مه‌ له‌ رووى یاساییه‌وه‌) و ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یشى ره‌مزییه‌، واتا ده‌رخستنى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتان ده‌توانن بواره‌كانى هاوكاریكردنى یه‌كتر دیاریى بكه‌ن له‌ دۆسیه‌ى كۆچدا. سێیه‌میش، پاشه‌كشه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ یاریزانه‌ گرنگه‌كانه‌ له‌ دانوستانه‌كان، چونكه‌ نیكى هالى باڵیۆزى ئه‌مریكا رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ى به‌شداریى تێدا ناكات. پاشان ئوسترالیا و هه‌نگاریا و سویسرا و ئیسرائیل و نه‌مسا و چیك و سلۆڤاكیا و ئیتالیا بایكۆتى دوا كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌كه‌یان له‌ مه‌راكیش راگه‌یاند.  

زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى جیهان هه‌مان ئه‌و ترسه‌یان هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ باسى كردووه‌ و ده‌ریبڕیوه‌. بۆ نموونه‌ وه‌زیرى كاروبارى ناوخۆى ئوسترالیا ده‌ڵێت:"سه‌روه‌ریى خۆمان ناده‌ین به‌ده‌سته‌وه‌، رێگه‌ناده‌ین به‌ قه‌واره‌ هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌كان هیچ به‌سه‌ر گه‌لى ئوسترالیادا بسه‌پێنن".
حكومه‌تى نه‌مسا-یش ده‌ڵێت، واژۆكردنى په‌یماننامه‌كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌ویش نه‌كرێت سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ دانپێدانانێكى (مافى مرۆڤ له‌ كۆچكردن)دا.

له‌لایه‌كى دیكه‌یشه‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌كان نایانه‌وێت یاساى نوێى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربكه‌ن بۆ پاراستنى كۆچبه‌ران. ئه‌و هه‌وڵانه‌یش ره‌تكراوه‌نه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ فراوانكردنه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى یاساى نێوده‌وڵه‌تى دراون به‌ جۆرێك كه‌ كۆچبه‌رانیش بگرێته‌وه‌. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure