ده‌رباره‌ى كورده‌كان و شه‌ڕه‌كه‌یان له‌ سوریا

بۆچوون / بیروڕا :: 15/12/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 
كورده‌ سوریاییه‌كان نێچیرى ململانێى توركیا و ئه‌مریكان له‌ باكورى خۆرهه‌ڵاتى فورات. ئه‌زموونى (به‌كارهێنانیان) له‌ چه‌ندین وێستگه‌ى مێژوویاندا دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ڕاستیدا نه‌ واشنتۆن قوربانیى ده‌دات به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ و نه‌  توركیایش ده‌توانێت ده‌ستبه‌ردارى په‌یمانى ئه‌تڵه‌سى ببێت. كێشمه‌كێشه‌كه‌ى ئێستاى نێوانیشیان هیچ نییه‌ بێجگه‌ له‌ گوزارشتى ناكۆكیى نێوانیان له‌سه‌ر ئاستى نفوز و ده‌سه‌ڵاتى هه‌ر یه‌كێكیان به‌سه‌ر خاكى سوریاوه‌، ئه‌مه‌یش وه‌ك رێخۆشكردن و زه‌مینه‌سازییه‌ك بۆ سه‌پاندنى مه‌رجه‌كانى خۆى له‌ دانوستانه‌ سیاسیه‌كان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و دیمه‌شق له‌ كۆنگره‌ى داهاتووى جنێف-دا. له‌ده‌ستى هه‌ر دانوستانكارێكیشیاندا كارتى به‌هێز هه‌یه‌، یان بابڵێن بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان گروپێكى سوریى هه‌یه‌ كه‌ به‌ناویه‌وه‌ قسه‌ بكات و داواى (مافه‌كانیان) بكات.

 ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ندین جار ئه‌و گروپانه‌ى گۆڕیوه‌ كه‌ به‌ناویه‌وه‌ قسه‌ى كردووه‌، ئه‌وه‌بوو پشتگیریى (چه‌كداره‌ میانڕه‌وه‌كان) و (سوپاى ئازاد)ى ده‌كرد دوایى پشتیبه‌ردان. هه‌وڵیدا گروپگه‌لى تایبه‌ت به‌ خۆى دامه‌زرێنێت به‌ڵام شكستیهێنا و بۆى ده‌ركه‌وت زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى مه‌شق و راهێنانى پێكردوون په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌وه‌. ماوه‌یه‌كى زۆر رێگر بوو له‌وه‌ى كه‌ (نوسره‌) به‌ره‌یه‌كى تیرۆرستییه‌ به‌ڵام دواتر قه‌ناعه‌تى هێنا و قه‌ناعه‌تى به‌ ئه‌نقه‌ره‌-یش كرد. پاشتر بیانووى خۆى بۆ دامه‌زراندنى بنكه‌ى سه‌ربازیى له‌ خۆرهه‌ڵاتى فورات بۆ له‌ناوبردنى داعش گۆڕى و به‌ستیه‌وه‌ به‌ بوون و مانه‌وه‌ى ئێران-ه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى جۆن بۆڵتن راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى رایگه‌یاند. ئه‌مه‌یش هه‌قیقه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا و زانراوه‌ كه‌ ئامانجى ستراتیژیى رێگرتنه‌ له‌ هاوپه‌یوه‌ستبوونى ئێران و سوریا و عێراق و سنوورداركردنى نفوزى تاران له‌ وڵاتى شام-ه‌وه‌ بۆ به‌یروت. ئه‌م ئامانجه‌یش ناكۆك نییه‌ له‌گه‌ڵ ویست و چاوتێبڕینه‌كانى ئه‌ردۆغان كه‌ له‌وكاته‌وه‌ى جه‌نگى سوریا ده‌ستى پێكردووه‌، هه‌وڵده‌دات بۆ به‌دیهێنانى خه‌ونى دێرینى عوسمانیى-توركیى  به‌ دابڕانى چه‌ندین به‌شى سوریا و دانانى ئیخوان موسلمین له‌ ده‌سه‌ڵاتى دیمه‌شق بۆ گره‌نتیدان و دڵنیابوون له‌ نفوزى به‌رده‌وامى خۆى له‌م وڵاته‌دا.

به‌ڵام خه‌ونه‌ ئه‌ردۆغانییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ستراتیژیه‌تى كۆشكى سپیى په‌یوه‌ست به‌ كورده‌وه‌ رووبه‌ڕووده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ واشنتۆن وایده‌بینێت كورد ئامرازى جیاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ نێوان به‌غدا و دیمه‌شق له‌ڕێى دامه‌زراندنى كانتۆنى تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق، هه‌روه‌ها فاكته‌رى هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى به‌ردوام ده‌بێت بۆ سه‌ر هه‌ر رژێمێكى سوریا، به‌ڵام به‌لاى توركیاوه‌ كورده‌كان مه‌ترسییه‌كه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ى ده‌كات، ئه‌مه‌یش به‌ ره‌چاوكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كورده‌كانى خۆیدا كه‌ له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ له‌ شه‌ڕێكى چه‌كداریدان له‌ دژى. 

ئه‌م ناكۆكییه‌ له‌ نێوان دوو هاوپه‌یمانه‌كه‌دا له‌م ماوانه‌ى دواییدا زیاتر هه‌ڵكشاوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌. له‌كاتێكدا واشنتۆن مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پشتیوانیى (یه‌كینه‌كانى گه‌ل) بكات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر زیاترى ناوچه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى فورات-دا بچه‌سپێنێت و بیپارێزێت و به‌ده‌ركردنى عه‌ره‌ب دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت و میتۆدێكى واى خوێندن په‌یڕه‌و بكات كه‌ حكومه‌تى سوریایش په‌سه‌ندى ناكات، له‌و كاته‌دا، ئه‌نقه‌ره‌-یش هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركردنى ئه‌و شارانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م (یه‌كینانه‌) كۆنترۆڵیان كردووه‌، له‌مه‌یشدا پشت ده‌به‌ستێت به‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌ سه‌ربازیه‌كانى خۆى نه‌ك (به‌ره‌ى نوسره‌) و (بزووتنه‌وه‌ى نوره‌دین زنكى) و چه‌كدارانى (ئیگۆر)ه‌ چین-ییه‌كان و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانى تر كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى رووداوه‌كانى سوریاوه‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات.
 
له‌كاتى راگه‌یاندنه‌كه‌ى بۆ جووڵاندنى سوپاى وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتى فورات، كه‌ بنكه‌كانى ئه‌مریكایشى لێیه‌، ئه‌ردۆغان وتى ئامانجى (له‌ناوبردنى تیرۆره‌) له‌و ناوچه‌یه‌دا، بێگومانى مه‌به‌سته‌كه‌ى (یه‌كینه‌كانى گه‌ل)ى كورده‌. جه‌ختى له‌وه‌یش كرده‌وه‌ كه‌ په‌لامارى سوپاى ئه‌مریكا نادات، واتا جووڵاندنه‌كه‌ى له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت كه‌ كار بۆ سنوورداركردنى گه‌وره‌بوونى نفوزى كورده‌كان بكات و پلانه‌كه‌یان بۆ دامه‌زراندنى (ئۆتۆنۆمى) رابگرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى توركیایه‌، وه‌ك چۆن هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق و سوریا و هه‌روه‌ها ئێران-یش. 

ئه‌وه‌ شتێكى شاراوه‌ نییه‌ كه‌ سه‌ربازه‌ توركه‌كان بۆ هه‌موو هه‌نگاوێكیان هه‌مئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكیه‌كانیاندا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش شاراوه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئاستى سیاسى-یش هه‌مئاهه‌نگى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كانیان له‌سه‌ر حسابى هیچكامیان نابێت به‌ڵكو له‌سه‌ر حسابى ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ شه‌ڕده‌كه‌ن و له‌بریى ئه‌وان ده‌جه‌نگن و وه‌همى سه‌ركه‌وتنیان له‌ شه‌ڕێكدا هه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕى خۆیان نییه‌ و له‌مه‌یشدا ئه‌زموونى بارزانیى دابڕاو له‌ باكورى عێراق هان و دنه‌یان ده‌دات.  

كورده‌كان به‌ بڕوا و متمانه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌موو وێستگه‌یه‌كى وێستگه‌كانى مێژوویاندا له‌ كونى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كاندا ده‌گه‌سترێن و پێیانه‌وه‌ ده‌درێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure