رۆڵى زمان له‌ مێژوودا

بۆچوون / بیروڕا :: 13/12/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
زمان یه‌كێك له‌ گرنگترین نهێنیه‌كانى ئیمپراتۆریه‌تى بریتانى بوو. چونكه‌ یه‌كێك له‌و راستییانه‌ى كه‌ كاریگه‌رییه‌كى قووڵى له‌ مێژووه‌كه‌یدا جێهێشتووه‌ زمانه‌كه‌ى بوو. ئه‌م راستیى زمانزانییه‌یش كه‌ ئاماژه‌ى پێده‌ده‌م بریتییه‌ له‌ بێتوانایى ئینگلیز له‌سه‌ر فێربوونى هیچ زمانێكى بیانى.

زۆرم له‌و ئینگلیزانه‌ بینیوه‌ كه‌ خۆیان واناساندووه‌ تواناى به‌عه‌ره‌بى قسه‌كردنیان هه‌یه‌ به‌ڵام هیچ كامێكیانم نه‌دیووه‌ كه‌ به‌ڕه‌وانى قسه‌ى پێ بكات. ته‌نانه‌ت ژه‌نراڵ گڵوب-یش نه‌یده‌توانى به‌ ته‌واوى و بێ منجه‌منج قسه‌ به‌ زمانى عه‌ره‌بى بكات. تاقه‌ یه‌كێكیان نه‌بێت كه‌ بینیوومه‌ و هه‌ستم نه‌كردووه‌ زمانه‌كه‌ى عه‌ره‌بى نه‌بێت ئه‌ویش لیزلى مكلۆخلن بوو، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و خۆى سكۆتله‌ندى بوو نه‌ك ئینگلیز.

 ئه‌مه‌یش كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر مێژووه‌كه‌یان هه‌بووه‌. به‌هه‌ر لایه‌كدا رۆیشتبن ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵكانى تردا سه‌پاندووه‌ كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى بدوێن و قسه‌ بكه‌ن. تا كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى ئه‌م زمانه‌ بووه‌ته‌ تاقه‌ زمانى هاوبه‌شى هندستان. ئه‌مه‌ ته‌نیا هۆكارێكى هه‌بووه‌ ئه‌ویش بێتوانایى ئینگلیز بووه‌ له‌ فێربوونى زمانى ئه‌وانى تردا. كه‌چى باقى ئه‌وروپیه‌كانى تر توانیویانه‌ فێرى زمانه‌كانى تر ببن و له‌ناو هاووڵاتییه‌ ره‌سه‌نه‌كانیاندا ون بوون و تواونه‌ته‌وه‌. به‌مه‌یش ئه‌مریكاى باكور و ئوسترالیا و نیوزله‌نده‌ و باشورى ئه‌فریقا بوونه‌ته‌ ناوچه‌ى ئه‌نگلۆ-سه‌كسۆنى. هه‌ر ئه‌وه‌یش هۆكارێكى فروانبوونه‌وه‌ى ئیمپراتۆریه‌تى بریتانى بوو كه‌ نزیكه‌ى 1/5 ى گۆى زه‌ویى داپۆشى و بووه‌ تاقه‌ ده‌وڵه‌تێكى جیهان كه‌ خۆر له‌ خاكیدا ئاوا نه‌ده‌بوو. 

ئینگلیز هه‌ركاتێك به‌ زمانێكى غه‌یرى زمانه‌كه‌ى خۆیان قسه‌ بكه‌ن تووشى شه‌رمه‌زارى ده‌بن و ده‌شڵه‌ژێن. سێر ئێدوارد گراى، یه‌كێك له‌و نوكته‌ و قسه‌ خۆشانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌رى هاتووه‌ كاتێك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا بووه‌ له‌كاتى جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌دا. 

خۆى و هه‌ر یه‌ك له‌ لوید جۆرج و ئه‌سكویت ده‌چن بۆ پیرۆزبایى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى فره‌نسا. ده‌ڵێت: ((چووینه‌ یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیانه‌وه‌، رێزى زۆر و بایه‌خى زۆرمان هه‌بوو به‌خاوه‌نى ئه‌و ناوانه‌ى كه‌ له‌ سه‌رده‌مى گه‌نجییه‌وه‌ له‌ زیهنماندا مابوونه‌وه‌، ناوى كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌ به‌ناوبانگه‌كانى فره‌نسا.

كۆبوونه‌وه‌یه‌كى زۆر گرنگ و گه‌رموگوڕ و له‌وپه‌ڕى رێز و مه‌زنیدا بوو. ئه‌گه‌رچى زۆر قسه‌ى تێدا نه‌كرا به‌ڵام هه‌ندێك گفتوگۆ هه‌بوون كه‌ بێگومان به‌ زمانى فره‌نسى كران.

ئه‌م لایه‌نه‌ بۆ من جێهێڵرا، یان باشتر بڵێم به‌سه‌ر مندا سه‌پێنرا. ئه‌سكویت هیچ ئاماده‌ییه‌كى پیشاننه‌دا و لوید جۆرج-یش نه‌یده‌توانى. ئیتر ده‌بوایه‌ من به‌ فره‌نسى قسه‌ بكه‌م. منیش ده‌مزانى كه‌ ژماره‌یه‌كى دیاریكراوى زۆر كه‌مى وشه‌ى فره‌نسى ده‌زانم و سه‌رم له‌ رێزمان و زمانسازییه‌كه‌ى ده‌رناچێت و جیاوازیى نێوان (نێرینه‌ و مێینه‌)م داوه‌ته‌ ده‌ستى قه‌ده‌ر. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ وه‌ك وتیان منجه‌منجه‌كانم به‌ فره‌نسى زۆر بێزاركه‌ر بووه‌ و گوێگرى تووشى قێزوبێزهێنانه‌وه‌ كردووه‌. 

ئیتر بێ ویستى خۆم، خۆمم له‌و دۆخه‌دا بینییه‌وه‌. هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ى شتێكى جێى بایه‌خ و به‌ كه‌ڵك هانمده‌دات و سروشى ئه‌وه‌م پێده‌دات كه‌ نه‌یبڕمه‌وه‌ و په‌سه‌ندیش ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌ستم پێكرد.....

كاتێك كۆبوونه‌وه‌ وزاریه‌كه‌ كۆتاییهات، ئێمه‌ هه‌رسێ وه‌زیره‌كه‌ كه‌ شاندى بریتانیا بووین، چووینه‌ ئه‌ولاوه‌ و هه‌ر هه‌رسێكمان ماینه‌وه‌ و كه‌سمان به‌ده‌وره‌وه‌ نه‌مابوو، له‌و كاته‌دا لوید جۆرج پێیوتم:"ئێدوارد ئه‌زانى! له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ فره‌نسى قسه‌یان كرد ته‌نیا له‌ قسه‌ فره‌نسیه‌كانى تۆ تێگه‌یشتم؟!!"))

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure