زیره‌كیى ده‌ستكرد له‌ (ئه‌مریكاى داهاتوودا)

بۆچوون / بیروڕا :: 11/12/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئتیحاد
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى 2020ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ جیاوازتر ده‌بێت كه‌ له‌ ژیاندا بینیومن، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌رۆكى ماوه‌ ته‌واو بوو خۆى بۆ ده‌پاڵێوێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یش ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ ده‌بوو ته‌وه‌رى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 2016 بوایه‌ هه‌ر ده‌بێت ببێته‌ بابه‌تى 2020، بابه‌ته‌كه‌یش ئه‌مه‌یه‌: چۆن حوكمى(ئه‌مریكاى داهاتوو) بكه‌ین؟ ئه‌و ئه‌مریكایه‌ى به‌ڕێوه‌یه‌.
(جوتام موكوندا) هاوڕێى قوتابخانه‌ى كێنێدى بۆ ئیداره‌دانى حكومه‌ت له‌ زانكۆى هارڤارد و نووسه‌رى كتێبى (كاتێك سه‌ركرده‌كان به‌ڕاست گرنگ ده‌بن)، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت:"گوزارشته‌كه‌ى ویلیام جێبسۆن-ى نووسه‌ر ده‌زانیت كه‌ ده‌ڵێت ئایینده‌ له‌ناوماندایه‌ (له‌گه‌ڵماندایه‌)به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان دابه‌شنه‌كراوه‌؟ باشه‌، ئایینده‌ گه‌یشتووه‌. ئه‌مه‌یش (ئه‌مریكاى داهاتووه‌). به‌ڵام هێشتا دامه‌زراوه‌ و حزبه‌ سیاسیه‌كانمان له‌گه‌ڵیدا رانه‌هاتوون و هه‌ڵیاننه‌كردووه‌".
به‌ڵام به‌هاتنى ساڵى 2020 مه‌حاڵ ده‌بێت (ئه‌مریكاى داهاتوو) پشتگوێ بخرێت یان نادیده‌بگیرێت. "ئه‌و بیرۆكانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ چۆنیه‌تیى خستنه‌ئیشى ئابورییه‌وه‌ ده‌گۆڕێن و ده‌بێت حكومه‌ت هاوكاروانى بێت و له‌گه‌ڵیدا رێ بكات".
ئه‌م (ئه‌مریكاى داهاتووه‌) تۆڕێكى ته‌واو له‌ بابه‌ته‌كانى سیاسى و یاسایى و ئه‌خلاقیى تازه‌ ده‌ورووژێنێت كه‌ له‌هه‌مانكاتدا به‌هۆى گۆڕانكارییه‌كانى ته‌كنۆلۆژیا و دیمۆگرافیا و ژینگه‌ و عه‌له‌مه‌وه‌ پێكداچوو و تێكچڕژاو ده‌بێت. 
له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م؟ با سه‌ره‌تا له‌ تۆڕى نه‌وه‌ى پێنجه‌م (G5)ه‌وه‌ بێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى ئێستاى دوو زه‌به‌لاحه‌كه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان (ڤیرایزۆن Verizon) و (ئه‌ى تى ئاند تى AT&T) به‌ به‌كارهێنانى ته‌كنۆلۆژیاى (G5) له‌ وڵاتدا، ئیدى گۆڕینى بازرگانى و خۆشگوزه‌رانى و خوێندن و چاودێریى ته‌ندروستى به‌شێوه‌یه‌كى دراماتیكى له‌ (ئه‌مریكاى داهاتوو)دا و له‌ ده‌ورووبه‌رى 2020دا، خێراتر ده‌بێت.
ئه‌وپه‌ڕى سوودوه‌رگرتن له‌ زیره‌كیى ده‌ستكرد و فێربوونى خۆكارى(میكانیكى)-وه‌ك به‌كارهێنانى ئۆتۆمبێله‌ خۆلێخوڕه‌كان (بێ شۆفێر)- پێویستى به‌ گۆاستنه‌وه‌ى خێراى بڕى زۆرى زانیارى و داتاكانه‌ به‌ كاتێكى زۆر كه‌مى وه‌ڵامدانه‌وه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌چوون. ئه‌م توانایه‌یش له‌ (ئه‌مریكاى داهاتوو)دا ده‌مانبێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ تۆڕى (G5) دا ماوه‌ى دابه‌زاندنى فیلمێك له‌ فیلمه‌كانى هۆڵیوود له‌سه‌ر ئایپاد و كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت، كه‌ ئێستا شه‌ش بۆ حه‌وت خوله‌كێك ده‌خایه‌نێت، كه‌مده‌بێته‌وه‌ بۆ شه‌ش یان حه‌وت چركه‌. هه‌روه‌ها ئامێرگه‌له‌ هه‌سته‌وه‌ره‌ ورده‌كانى سه‌ر كراسه‌كه‌ت زانیاریى كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و ئاماژه‌ى پێویست و گرنگ ده‌نێرن بۆ پزیشكه‌كه‌ت. 
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ وه‌ك شۆڕشێكى هاوشێوه‌ى ئینته‌رنێت ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه‌یان هه‌موو جۆره‌كانى ته‌كنیك و رێكخستنى ده‌وێت له‌پێناو پراكتیزه‌كردنیدا، هه‌ر له‌ ئۆتۆمبێلى خۆلێخوڕه‌وه‌ هه‌تا سیستمى گه‌یاندن به‌هۆى فڕۆكه‌ى خۆفڕیوى بێ فڕۆكه‌وان و هه‌تا ئه‌و رۆبۆتانه‌ى كه‌ وه‌ك پاسه‌وانه‌ ئه‌منییه‌كان كارده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌یشیان كه‌ وه‌ك یاریده‌ده‌رى ته‌ندروستیى ده‌خرێنه‌ ماڵه‌كانه‌وه‌.
له‌م باره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكى ئاژانسى ئه‌سۆشێتد پرێس، رۆژى دووشه‌ممه‌ 3ى كانونى یه‌كه‌م روونى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌مڵاندنه‌كانى حكومه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن "حاڵى حازر نزیكه‌ى 110 هه‌زار فڕۆكه‌ى بازرگانیى بێ فڕۆكه‌وان له‌ كایه‌ى ئاسمانیى ئه‌مریكادان و پێشبینیى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت هه‌تا ساڵى 2022 ژماره‌یان بگاته‌ نزیكه‌ى 450 هه‌زار".
هه‌موو ئه‌م ته‌كنۆلۆژیا تازانه‌ لێكه‌وته‌ى گرنگیان ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌ناڵى (خوێندن و په‌روه‌رده‌). خاتوو هێزه‌ر ماكگوان-ى هاوڕێم كه‌ پسپۆرى ستراتیژیى ئاینده‌ى كار-ه‌، ده‌ڵێت:"نموونه‌ كۆنه‌كه‌ى كار بریتى بوو له‌ سێ لایه‌ن: (بخوێنه‌ و بڕوانامه‌یه‌ك به‌ده‌ستبێنه‌، ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ت بۆ چل ساڵ به‌كاربێنه‌، دواییش خانه‌نشین به‌. پاشان گریمانه‌یه‌كى هه‌ڵه‌مان وه‌رگرت به‌وه‌ى كه‌ نموونه‌ تازه‌كه‌ به‌مجۆره‌ى لێدێت: بخوێنه‌وه‌ بڕوانامه‌یه‌ك به‌ده‌ستبێنه‌، بیست ساڵ به‌كاریبێنه‌، دوایى دووباره‌ خۆسازدانه‌وه‌ به‌ده‌ستبێنه‌، ئینجا ئه‌مه‌یش بۆ بیست ساڵى تر به‌كاربێنه‌ و دواییش خانه‌نشین به‌".
به‌ڵام له‌ (ئه‌مریكاى داهاتوودا) ماكگوان ده‌ڵێت: نموونه‌ راسته‌كه‌ ده‌بێته‌ "فێربوونى به‌رده‌وام به‌ درێژایى ژیان". چونكه‌ كاتێك چۆنیه‌تیى گۆڕانه‌كه‌ خێرا ده‌بێت ئه‌وكاته‌ "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى خێراتر په‌ره‌ده‌سێنن و ئه‌و كرێكارانه‌ى زیاتر راهێنراون و مه‌شقدراون، به‌شێوه‌یه‌كى خێراتر فێرده‌بن له‌چاو ركابه‌ره‌كانیاندا".
ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌ دوو تۆڕه‌ زه‌به‌لاحه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ى سه‌لامه‌تى، واتا بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و بیمه‌ى ته‌ندروستى، پێویستمان به‌ شتى ترى تازه‌یش ده‌بێت. پێویستمان به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئاستێكى دیاریكراوى خوێندنى دواى ئاماده‌یى بكه‌ین به‌خۆڕایى بۆ هه‌ر ئه‌مریكییه‌ك تا كه‌مترین مه‌رج و پێداویستیه‌كانى تێدابێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌مریكییه‌كى پێگه‌یشتوو و هه‌موو ده‌رچوویه‌كى خوێندنگه‌ى ئاماده‌یى بڕوانامه‌ به‌ده‌ستبێنێت و دوو ساڵى خوێندنى زانكۆیى بخوێنێت یاخود بڕوانامه‌یه‌كى ته‌كنیكى به‌ده‌سبێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ى رسوماته‌كانى خوێندنى له‌ هیچ كاتێكدا لێبسه‌نرێت. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ویلایه‌تى تینیسى نراوه‌. 
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌، هه‌روه‌ها ماناى ئه‌وه‌یش ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ (ئه‌مریكاى داهاتوو) پێویستى به‌ گۆڕانكاریى هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌تى دژایه‌تیكردنى قۆرخكارییدا. چونكه‌ له‌ گرێى هه‌شتاكانه‌وه‌ سیاسه‌تى دژایه‌تیكردنى قۆرخكاریى بڕیارى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ كۆمپانیایه‌ك له‌ كۆمپانیاكان به‌شێوه‌یه‌كى زیاده‌ڕۆیى گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح ببێت، له‌ئه‌مه‌یشدا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پشتى به‌ ته‌نیا پرسیارێك به‌ستووه‌، ئه‌ویش: ئایا نه‌مانى كێبڕكێ زیان به‌ به‌كارهێنه‌ران ده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆى نرخى به‌رزتر یان خزمه‌تگوزاریى كه‌متره‌وه‌؟ 
به‌ڵام ئه‌م پێناسه‌یه‌ زۆرى تێپه‌ڕاندووه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ به‌هێزترین كۆمپانیاكانى جیهان به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزاریى (به‌خۆڕایى) پێشكه‌ش ده‌كه‌ن (له‌به‌رامبه‌ر داتاى تایبه‌تى كه‌سییدا) وه‌ك ئه‌وه‌ى (رانا فۆرۆهار) ئاماژه‌ى پێده‌كات كه‌ كچه‌ ستووننووسێكى پسپۆرى ته‌كنۆلۆژیایه‌ و له‌ رۆژنامه‌ى (فاینانشاڵ تایمز) له‌ وتارێكى رۆژى 24ى مانگى حوزه‌یرانى رابردوودا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. "ئه‌م بابه‌ته‌ بووه‌ هۆى بانگه‌شه‌كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و پێناسه‌ى قۆرغكردن له‌ یاساى شیرمان بۆ قه‌لاچۆكردنى قۆرغكاریى ساڵى 1890 (Sherman Antitrust Act) كه‌ پێداگریى ده‌كات له‌سه‌ر پێویستیى گره‌نتیى ئه‌وه‌ى كه‌ هێزى ئابوریى كۆمپانیا گه‌وره‌كان نابێته‌ هۆى گه‌نده‌ڵبوونى پرۆسه‌ى سیاسى".
ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌وه‌ زیاترین كه‌ ته‌نیا به‌كاربه‌ربین چونكه‌ (ئێمه‌ هاووڵاتین) وه‌ك ئه‌وه‌ى موكوندا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات و "به‌رژه‌وه‌ندیگه‌لێكمان هه‌ن كه‌ نرخى كه‌ره‌سته‌ به‌كارهێنراوه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت، ئه‌ركى حكومه‌ت پاراستنى ئازادیى هاووڵاتیانه‌ نه‌ك ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیى به‌كاربه‌ران. ئه‌مه‌یش له‌ ده‌ستوردا هاتووه‌، به‌ڵام له‌بیرمانكردووه‌".
به‌كورتى، (ئه‌مریكاى داهاتوو) پێویستى به‌ چاره‌سه‌ركردنى هه‌ر یه‌كێك له‌م مه‌سه‌لانه‌ و ئه‌وانى تریشه‌- له‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌واوه‌ هه‌تا بنه‌ماكانى دابه‌شكردنى ناوچه‌كان- و چۆنیه‌تیى كارلێكى نێوانیان. هه‌روه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى داهاتوویش هه‌مان پێویستیى هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و شێتییه‌ى ده‌وروبه‌رى تره‌مپ-ى داوه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى ئه‌م گفتوگۆیه‌ دوابخات، ئه‌وا 2020 بوار و رێگه‌ى ئه‌وه‌مان پێنادات كه‌ جارێكى تر ئه‌نجامیان بده‌ین و بیانكه‌ین. ئه‌و (ئه‌مریكایه‌ى به‌ڕێوه‌یه‌) چاوه‌ڕێ ناكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure