نوكته‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌روه‌ها چاكسازییه‌كه‌یش

بۆچوون / بیروڕا :: 08/12/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ وڵاتێكدا ده‌ژیین به‌ وتار و دروشمه‌كان حوكم ده‌كرێت. كابراى سیاسى ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ى شكست و بێتواناییه‌كانى خۆى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى خه‌ڵكیدا پێَ بشارێته‌وه‌.. هه‌ر سیاسیه‌و چین و ئاستێكى ده‌نگیى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌هۆیه‌وه‌ ساڵانێك له‌و بێتواناییه‌ى خۆیى پێ بشارێته‌وه‌ كه‌ شكستیهێناوه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و واقیعه‌ى به‌ره‌و دواوه‌ ده‌ماگێڕێته‌وه‌. لێپرسراوانێك هه‌ن واده‌زانن مایكرۆفۆن ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان ده‌داتێ كه‌ خه‌ڵكى بخه‌ڵه‌تێنن و چه‌واشه‌یان بكه‌ن و له‌ ناوگێژاوى وتارداندا ئه‌و ده‌سته‌وه‌ستان و لێنه‌هاتووییانه‌ى خۆیان بشارنه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ شار و گونده‌كانى عێراق.

هه‌رچه‌ند سه‌یرى ده‌موچاوى سیاسیه‌كانمان ده‌كه‌م، ئه‌زموونه‌كانى ئه‌و گه‌لانه‌م بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ پێیدا تێپه‌ڕیوون بۆ رزگاربوونیان له‌ كلتورى فریوودان و هه‌لپه‌رستى و پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م چۆن وڵاتانێكى وه‌ك سه‌نگافوره‌ و چین و برازیل به‌ ساڵانێكى كه‌م توانیویانه‌ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ به‌دیبێنن؟

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كتێبێكم كه‌وته‌ به‌رده‌ست به‌ناونیشانى (الافكار من العالم الجدید) كه‌ سه‌نته‌رى نه‌ته‌وه‌یى بۆ وه‌رگێڕان له‌ قاهیره‌ ده‌ریچواندووه‌. كتێبه‌كه‌ باس له‌و بنه‌مایانه‌ ده‌كات كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى پێشكه‌وتنى وڵاتێكى وه‌كو چین و به‌هۆیانه‌وه‌ دینگ شیاو-ى بونیاتنه‌رى چین-ى نوێ توانیویه‌تى دروشمى كار بخاته‌ پێش دروشمبازییه‌وه‌، هه‌روه‌ها بڕوابوون به‌ تواناى راستیه‌ واقیعیه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى گۆڕانكاریى بخاته‌ جێى له‌خشته‌بردنى خه‌ڵكى به‌ وتارى ناواقیعیانه‌ و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ خزمه‌تكردنى گه‌ل و پڕكردنه‌وه‌ى پێدتاویستیه‌كانى به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت و پشتبه‌ستن به‌ ئیداره‌یه‌كى باش له‌بریى ئیداره‌ى متمانه‌ و جێبه‌جێكردنى پێوه‌ره‌كانى به‌جێهێنانى ئه‌ركه‌كان به‌سه‌ر ده‌سته‌بژێره‌ سیاسیه‌كه‌دا.

ئه‌زموونه‌كانى گه‌لان ده‌خوێنینه‌وه‌ و حه‌سره‌ت هه‌ڵده‌كێشین له‌وه‌ى كه‌ له‌سایه‌ى سیاستمه‌دارانێكدا ده‌ژین نایانه‌وێت بگه‌ینه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ته‌ندروست كه‌ تێیدا مرۆڤه‌كان به‌ده‌نگى كارگه‌كان خه‌ویان لێ بكه‌وێت نه‌ك به‌ ده‌نگى مایكرۆفۆنه‌كان. جیهان به‌ ده‌وروبه‌رماندا ده‌ڕوات ئێمه‌یش دیلى دروشمگه‌لێكى سیاسیین كه‌ سه‌رده‌میان به‌سه‌رچووه‌. سامان و زه‌وییان داینێ كه‌چى ئێمه‌ بڕیارماندا ته‌قه‌ له‌ گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن و ئایینده‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساى كاربه‌ده‌ستانێكدا بژین كه‌ عاشقى ونكردنى ئومێد و به‌فیڕۆدانى ئێستان بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵیاندا و له‌ سه‌رده‌مى مردوودا بمێنینه‌وه‌. 

وڵاتانێكى وه‌كو هندستان و چین و سه‌نگافوره‌ و مالیزیا كه‌وتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ئێمه‌یش مكوڕین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تى رۆشنبیریى بۆ حه‌ره‌كه‌ى عه‌صائب و په‌روه‌رده‌ و پلاندان بۆ سوننه‌ى ته‌حالوفى بینائـ بێت و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر داد ناكۆك بن و كۆچ و خوێندنى باڵا بۆ ده‌وڵه‌تى قانون و ناوخۆ بۆ فالح ئه‌لفه‌یاز و به‌رگریى-یش بۆ سه‌لیم ئه‌لجبورى بێت. 

ئه‌وه‌تا گوێمان له‌ حه‌نان ئه‌لفه‌تلاوى-یه‌ كه‌ ده‌نگى خۆى ده‌له‌رزێنێ و بانگه‌واز بۆ چاكسازیى ده‌كات، ئێ مافى خۆمانه‌ بپرسین ئاخۆ له‌ماوه‌ى ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ وشكه‌دا كێ لێپرسینه‌وه‌ى له‌ شكست و گه‌نده‌ڵى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌؟. دروشمه‌كان ناتوانن دۆخه‌كه‌ باشتر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بچینه‌وه‌ سه‌ر رۆژنامه‌كان هه‌موو رۆژێك هه‌مان ناونیشانه‌كان ده‌بینینه‌وه‌. ئه‌لبینائـ: سائیرون له‌ جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌ى چاكسازیدایه‌. ئیصلاح پشتگیریى له‌ حكومه‌تى ته‌كنۆكرات ده‌كات. كه‌رابله‌: فرۆشتنى وه‌زاره‌ته‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

تكاتان لێده‌كه‌م راى خانمى په‌رله‌مانتار عالیه‌ نسه‌یف-م لى َمه‌پرسن، چه‌نكه‌ ئه‌و تائێستایش به‌دواى ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكه‌پێڵاوه‌كه‌ى ترى له‌ناو په‌رله‌ماندا فڕێ بدات بۆ ئه‌وه‌ى ناوى بخاته‌ پاڵ ناوى خوالێخۆشبوو خرۆشۆف-ه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە