كارى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ دژى هه‌واڵه‌ درۆینه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 06/12/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌مدواییه‌ كراوه‌، ئاشكراى ده‌كات پێگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان (فه‌یسبووك) هه‌ڵه‌ى كردووه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو لێوه‌ى (له‌فه‌یسبووكه‌وه‌). خودى مارك زۆكه‌ربێرگ به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاكه‌، له‌ دیدارێكدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت "ئه‌و كێشانه‌ى تووشى كۆمانیاكه‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌و جۆره‌ كێشانه‌ نین كه‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك بتوانێت به‌ته‌نیا خۆى ره‌فتارى له‌گه‌ڵدا بكات". ئه‌و راست ده‌كات، چونكه‌"كێشه‌ى هه‌واڵى درۆ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ تۆڕى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بتوانێت هه‌ر خۆى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات، بۆیه‌ كۆمپانیاكه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ داواى یارمه‌تى له‌ به‌كارهێنه‌ره‌كانى بكات له‌ڕێى په‌نابردنه‌به‌ر سه‌رچاوه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌".

 
هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو به‌شێوه‌یه‌كى زۆر له‌ فه‌یسبووك و له‌ تۆڕه‌كانى ترى په‌یوه‌ندییه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ روسیا هه‌وڵیداوه‌ ده‌ست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌رزییه‌كه‌ى ئه‌مریكا وه‌ربدات. یان چالاكوانه‌ وه‌همیه‌كان له‌ به‌نگلادیش هه‌وڵیانداوه‌ بۆ بره‌ودان به‌وه‌ى كه‌ گوایه‌ رێپێوانى ژنان له‌ ئه‌مریكا ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستى فرۆشتنى كاڵا و كه‌لوپه‌لگه‌لێكى دیاریكراو. هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌یش هه‌بووه‌ بۆ به‌لاڕێدات بردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى برازیل. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ و هه‌ڵمه‌تى هه‌واڵه‌ درۆینانه‌ى كه‌ بوونه‌ هۆى به‌رپاكردنى توندوتیژى له‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌تى وه‌ك هندستان و میانمار و ئه‌ڵمانیا و....هتد.

فه‌یسبووك حاڵه‌تێكى خوڵقاندووه‌ كه‌ ده‌كرێت ناوبنرێت (ژوورى جه‌نگ-War Room)، ئه‌وانه‌ى كار له‌م ژووره‌دا ده‌كه‌ن هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ دیاریكردن و سنوورداركردنى هه‌واڵه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان، به‌ڵام ژماره‌یان له‌وه‌ كه‌متره‌ بتوانن رێگه‌بگرن له‌و لێشاوى هه‌واڵه‌ درۆینانه‌ى كه‌ له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌. لایه‌نێكى كێشه‌كه‌یش له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و تیمه‌ پشت به‌ زیره‌كیى ده‌ستكرد ده‌به‌ستن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ى پسپۆران به‌مدواییه‌ له‌ رۆژنامه‌ى (زه‌تایمز)دا روونیانكردووه‌ته‌وه‌، پشتبه‌ستن به‌ هه‌ندێك وشه‌گه‌لى گه‌ڕانى سه‌ره‌كى Key Wordsئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ كه‌ رێگه‌یه‌كى ناكارا و ناكاریگه‌ره‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌واڵه‌ درۆینه‌كاندا. بۆیه‌ پێداگریى زۆر زیاتر ده‌كرێت له‌سه‌ر پێویستبوونى زیره‌كیى مرۆڤ، هه‌ر بۆیه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌واڵى درۆینه‌ و هه‌ڵبه‌ستراو پێویستى به‌ یارمه‌تى و هاوكاریى خودى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌كان هه‌یه‌.

باشترین رێگه‌یه‌ك بۆ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرۆژه‌یه‌كى قورس و گه‌وره‌ له‌ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داواى هاوكاریى له‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى خۆبه‌خشان بكرێت. ئه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و رێگه‌یه‌یش بووه‌ كه‌ فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد-ى زمانى ئینگلیزیى پێ دروستكراوه‌، ئه‌وه‌بوو نووسه‌ره‌كانى فه‌رهه‌نگه‌كه‌ داوایان له‌ خه‌ڵكى كرد كه‌ به‌ كتێبه‌كانى به‌رده‌ستیاندا بگه‌ڕێن بۆ دۆزینه‌وه‌ى پێناسه‌كانى هه‌ر وشه‌یه‌كى دیاریكراو و پاشان به‌ ئیمه‌یڵ بینێرن بۆیان، به‌مه‌یش هه‌زاران كه‌س به‌شدارییان له‌سه‌رخستنى ئه‌و كاره‌دا كرد. 

جێمس سرویكى له‌ كتێبه‌كه‌یدا (ژیریى ده‌سته‌جه‌معى) پرسیارى ئه‌و هۆكاره‌ ده‌كات كه‌ وایكردووه‌ هه‌میشه‌ كۆ له‌ تاك زیره‌كتربن و چۆن كارى به‌ كۆمه‌ڵ (ده‌سته‌جه‌معى) كار و ئابورى و كۆمه‌ڵگه‌كان و گه‌لان-یش به‌ شێوه‌یه‌كى باشتر ئاراسته‌ ده‌كات. هه‌میشه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵ باشتر بووه‌ ئیتر با هه‌ندێك كه‌سیشیان كه‌متر شاره‌زابن یاخود زانیارییه‌كى ئه‌وتۆیشیان نه‌بێت.

له‌م حاڵه‌ته‌دا كه‌ ئێستا مه‌به‌ستى ئێمه‌یه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك دووگمه‌یه‌ك له‌ به‌شى خواره‌وه‌ى هه‌موو هه‌واڵێكى بڵاوكراوه‌دا زیاد بكات و تێیدا داوا له‌ خوێنه‌ران بكات هه‌ڵسه‌نگاندنى راستى یان هه‌ڵبه‌ستراویى هه‌واڵه‌كه‌ بكه‌ن. بێگومان خه‌ڵكانێك هه‌ن ده‌ڵێن هه‌واڵه‌كه‌ درۆیه‌ چونكه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكه‌كه‌یدا نین، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك خه‌ڵكى تریش هه‌ن كه‌ به‌ئاسانى و سانایى به‌ هه‌واڵه‌ درۆیینه‌كان ده‌خه‌ڵه‌تێنرێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ى جۆره‌ دڵنیاییه‌ك ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌یسبووك چه‌ند هێمایه‌كى پۆلێنى ناوخۆیى دیاریكردووه‌ و ده‌كرێت یارمه‌تیى كۆمپانیاكه‌ بده‌ن بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى بره‌و به‌ هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو ده‌ده‌ن. ئه‌و نیشانانه‌ى له‌سه‌ر هه‌واڵه‌ درۆكه‌ دانراون (فلاگز) دواتر جۆرایه‌تى ئه‌و هه‌واڵانه‌ دیاریى ده‌كه‌ن و تیمى كارى فه‌یسبووك-یش هه‌واڵه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و پاسان لایده‌به‌ن و ده‌یسڕنه‌وه‌.

له‌ئێستادا، بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م به‌كارهێنه‌راندا هه‌یه‌ به‌ په‌نجه‌نان به‌لاى راستى سه‌ره‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌كه‌دا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌، به‌هۆیشیه‌وه‌ ده‌توانرێت هۆشداریى بدرێت له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانى وه‌ك وێنه‌ى رووت و هه‌واڵى درۆ و هاندانى رق یاخود هه‌ر زانیارییه‌كى شێواندن و به‌هه‌ڵه‌دابردن له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌ ده‌ره‌كییه‌كان به‌ رێگه‌ى جیاواز كار ده‌كه‌ن چونكه‌ فه‌یسبووك داواى به‌شداریى له‌ به‌كارهێنه‌ره‌كانى ده‌كات به‌ ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ به‌شداریى له‌ دیاریكردنى راستى و دروستیى هه‌واڵه‌ بڵاوكراوه‌كاندا بكه‌ن.
   
پرۆسه‌ى بنكۆڵكردنى راستیه‌سه‌ربه‌خۆكان به‌شێكه‌ له‌و چاره‌سه‌رانه‌ى كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا دابینى ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى درۆینه‌. له‌ مانگى نیسانى رابردوودا كۆمسیۆنى یه‌كێتى ئه‌وروپا تۆڕى بنكۆڵكاریى راستیه‌كانى خسته‌كار له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى تازه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌واڵه‌ درۆینه‌كاندا. كۆمسیۆنه‌كه‌ داواى له‌ تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌كان كرد هه‌وڵى زیاتر بده‌ن و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و (دوانگانه‌) سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون "له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌مه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو، هه‌روه‌ها له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌یش كه‌ دوانگه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كى ناپه‌سه‌ند به‌كاردێنن". كه‌واته‌ ئه‌و دوانگانه‌ به‌ته‌نیا هه‌ر خۆیان تواناى رووبه‌ڕوو یاخود به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه‌یان نییه‌ و هه‌روه‌ها نایشتوانن ده‌ستنیشانى درۆكان بكه‌ن، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر زۆریى ناوه‌رۆكى بڵاوكراوه‌كان و زۆریى ئه‌وانه‌ى هه‌وڵى بڵاوبوونه‌وه‌ى درۆ و ساخته‌ و هه‌ڵبه‌ستراویى ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ پێویستیه‌كى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌وڵى به‌كۆمه‌ڵ و هاوكار. 

راسته‌ فه‌یسبووك هه‌ڵه‌ى كرد له‌ ئیداره‌دانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڵام به‌رده‌وامیى هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كۆمپانیاكه‌ وامان لێده‌كات كه‌ راستییه‌كى گرنگ نادیده‌بگرین و پشتگوێى بخه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌واڵه‌ درۆینه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستێكى واى له‌ تواناى هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك گه‌وره‌تر و قورستره‌ تا بتوانێت به‌ ته‌نیا هه‌رخۆى رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئێستا ئیتر كاتى كارى به‌كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جه‌معیه‌.
 سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure