لووتكەی ساڵی داهاتووی ئەمریكا-روسیا و (سیما) تازەكانی ناوچەكە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: سورەیا شاهین
سەرچاوە: ئەلموستەقبەل
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

كۆبوونەوە باڵاكەی ئەمریكا و روسیا لە پەراوێزی لووتكەی بیست لە ئەرژەنتین، نەبەسترا. ئەگەرچی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی كرابوو و بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسیەكانی نزیك لە مۆسكۆ واچاوەڕواندەكرا كۆبوونەوەیەكی خێرا بێت و تێیدا رۆنەچنە قووڵایی دۆسیەكانی ناوچەكەوە.

پەیوەندییە بەردەوامەكانی نێوان هەردوو لایەنی روسی و ئەمریكی رێگەخۆشدەكەن بۆ لووتكەی چاوەڕوانكراوی نێوان هەردوو سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین و كار بۆ ئەوە دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا سازی بكەن. پێدەچێت لەو كۆبوونەوە باڵایەوە سیما تازەكانی رەوتی قەیرانەكانی ناوچەكە دەربكەون، ئەمەیش ئەو مەسەلەیەیە دەبێت چاوەڕێی روودانی بین.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستبەرداری رۆڵی خۆی نابێت لە دۆسیە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە و هیچ شتێكی وا لەئارادا نییە كە وازبێنێت و دەست لە بەرژەوەندییە ستراتیژیەكانی خۆی هەڵبگرێت. بوون و مانەوەیشی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی سوریا بەڵگەیەكی راستەوخۆی ئەو راستیەیە. هیچ چارەسەرێكیش بەبێ‌ ئەو ناكرێت و ئەوەیش زیادەڕۆییە كە بگوترێت تێكشكاوە یان شكستیهێناوە و وازدێنێت.

سەرچاوە خۆرئاواییە دیپلۆماسیەكانیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەمریكیەكان كاری لەپێشینەیان گوشارخستنە سەر ئێران-ە، نەك تەنیا لەئێراندا بەڵكو گوشاری ئەوەیشیان دەخنە سەر كە خۆی و هاوپەیمانەكانی لە سوریا وەدەرنێن. ئەگەر ئەم گوشارەیشی سەریگرت و سەركەوتوو بوو ئەوا ئۆتۆماتیكیەن دەبێتە هۆی لاوازبوونی رژێمی سوریا. واشنتۆن لە هەمانكاتدا و لە هەموو ئاراستەكانەوە گوشار دەكات، واتا هەم لەسەر ئێران و هەم لە سەر حزبوڵـڵا و هاوپەیمانەكانیان، هەروەها لەسەر رژێمی سوریایش، ئینجا چاوەڕێ‌ دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئەم گوشارانەی چ كاریگەریی و رەنگدانەوەیەكیان دەبێت.

تائێستا هیچ پلانێكی ئەمریكا بۆ سوریا نییە بەڵام گوشار خستنە سەر رژێم لەڕێی مامەڵەكردنی واشنتۆن-ەوەیە لەگەڵ هەموو دۆسیەی ئێراندا، هەروەها لەڕێی دۆسیەی پارەپێدان و پشتیوانیی دارایی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا. واتا بەشداریی ئاوەدانكردنەوەی سوریا نابێت بەبێ‌ بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەكەدا.

هۆكارەكانی پیادەكردنی گوشارە سیاسی و ئابورییەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە كە ئەمریكیەكان نایانەوێت لە زەویەوە (مەیدان) دژایەتیی روسیا بكەن، نەك هەر ئەوەیش بەڵكو ئامادەن پەیوەندیشیان لەگەڵیدا هەبێت لە چوارچێوەی رێكخستنەوەیەكی دیاریكراوی دۆخی سوریادا. بۆیە لووتكە چاوەڕوانكراوەكەی 2019یش بەرەوپێشچوونێكی نوێیە بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا ئەگەر روسیا بڵێت رازیین بە دەركردنی ئێران لە سوریا و دەتوانن كارێكی لەوجۆرە بكەن.

ئەو سەرچاوانە ئەوەیش دەڵێن كە بوونی ئەمریكا لە سوریا لە ناوچەیەكدا نییە كە لە ژێر گوشاری سیاسیدا بێت، روسەكانیش هەر لە سەرەتای قەیرانەكەی سوریاوە دروشمگەلێك دەڵێنەوە كە ئامانجی بەرودوایان ئەوەیە رژێم لە ناوچە دوای ناوچەدا سەركەوێت. وتیان ئەوان پشتگیریی رژێمەكە و هەروەها سەرۆكەكەیشی ناكەن و ئامادەن گۆڕانكاریی بكەن و بیرۆكەگەلێكی تایبەتیان دەربارەی ناوچە ئارامگیرەكان راگەیاند. هەموو ئەوانە تەنیا پلانێك بوون بۆ كردنەوەی بوار لە بەردەم رژێمەكەدا بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتری دەست بكەوێت. لەبەرامبەردا واشنتۆن ئومێدی ئەوەی هەیە كە هەڵوێستی ئەرێنیی لە روسیاوە دەستبكەوێت، ئەمەیش ئەو مەسەلەیەیە كە هەتا ئێستا لەناوەرۆكدا هیچی لێ‌ سەوز نەبووە، بۆیە ئەمریكیەكان لە كۆبوونەوە باڵا چاوەڕوانكراوەكەی 2019دا هەوڵدەدەن لەم ئاراستەیەوە گوشار بكەن. واتا گوشار بكەن بۆ دەرپەڕاندنی ئێران لە سوریا و لاوازكردنی لە ناوچەكەدا. ئەمەیش بە رای ئەمریكا دەبێتە هۆی لاوازكردنی رژێمەكەی سوریا.
 
ئەمریكیەكان گرەو لەسەر چارەسەری سەربازیی ناكەن. هەروەك چۆن هەموو خۆرئاوا هیچ جارێك گرەو لەسەر ئەوە ناكەن. چونكە نایانەوێت نرخی سەربازیی بدەن بۆ سەپاندنی چارەسەر لە سوریا. ئەمەیش ئەوەیە كە دۆخی سوریای گەیاندووەتە ئەم ئاستەی ئێستای. خۆرئاوا تەنانەت لەسەر ئەوەیش رازیی نەبوون چەكی خۆپارێزیی دژەفڕۆكە بدەنە ئۆپۆزیسیۆن.

روسەكانیش دەزانن كە ئەگەرچی بەشێوەیەكی فراوان لە مەیدانەكەدان، بەڵام ناتوانن بەبێ‌ ئەمریكیەكان چارەسەرێكی هاوسەنگ بسەپێنن. هەر بۆیە دۆخی سوریا بە هەڵواسراوی هێڵراوەتەوە.

لووتكە چاوەڕوانكراوەكە تەوەریی دەبێت لەڕووی داواكاریەكانی ئەمریكاوە، لەمكاتەی سزاكانی خۆرئاوادا بەسەر روسیا بەهۆی دۆسیەی ئۆكرانیا و هەروەها سزاكانی سەر ئێران-یش. واشنتۆن ئومێدی هاوكاریی بە روسیا هەیە چونكە پێیوایە تائێستا هاوكار نەبووە. پێش كۆبوونەوە باڵا چاوەڕوانكراوەكەیش هیچ نیشانە و ئاماژەیەك دەربارەی چارەسەرەكانی قەیرانەكەی سوریا، یان دۆسیەكانی ناوچەكە و یاخود تەنانەت رێزگرتن یان نەگرتنی ناوچە ئارامگیرەكانیش، بەدەرنەكەوتوون.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە