له‌ سیاسیه‌كانى دوێنێوه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌نێو سیاستمه‌داره‌كانى سه‌رده‌مى نوێى عێراقدا به‌ڕێز نورى سه‌عید به‌ناوبانگ بووه‌. چه‌ند جارێك سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرانى به‌ڕێوه‌بردووه‌. ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیش بووه‌ هه‌ر سایه‌ و سێبه‌رێكى به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ هه‌بووه‌. به‌ڵام وه‌ك هه‌موو سیاسیه‌كانى عێراق هیچ قسه‌یه‌كى خۆش یان نوكته‌یه‌كى ده‌رباره‌ نه‌زانراوه‌. به‌ڵام حیكایه‌تى زۆرى قۆشمه‌یى هه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ى گێڕاویانه‌ته‌وه‌. 


یه‌كێك له‌و قسه‌ خۆشانه‌م له‌ خوالێخۆشبوو یوسف محه‌مه‌د سه‌لیم بیستووه‌ و ده‌ڵێت كاتێك ئه‌فسه‌ر بووه‌ له‌ پاساوانى پاشایه‌تى و پاسه‌وانێتیى كۆشكى پاشایه‌تییان پێ سپاردووه‌ له‌ كوردستان، سه‌رپه‌رشتیى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نێوان نورى سه‌عید و ئه‌رشه‌د عومه‌رى كردووه‌ (كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران بووه‌) هه‌روه‌ها راسپێردراو/وصى عه‌رشى عێراقیش بووه‌. خه‌ریكبوون نانى ئێواره‌ بخۆن، له‌وكاته‌دا هێشوویه‌ك خورماى برحى-یان بۆ داده‌نێن كه‌ تازه‌ له‌ به‌سره‌-وه‌ هێنرابوو. هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ى به‌رده‌میان دایده‌نێن ئیتر ئه‌رشه‌د عومه‌رى یه‌كه‌ یه‌كه‌ دانه‌ خورما گه‌یوو و باشه‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یخوات. نورى سه‌عید به‌مه‌ بێزار ده‌بێت و تێده‌گات كه‌ ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات ئه‌وا دواى تۆزێكى تر ده‌نكه‌ خورمایه‌كى وا نامێنێته‌وه‌ به‌كه‌ڵكى خواردن بێت. نایشزانێت چۆن ده‌ستى ئه‌رشه‌د عومه‌رى بگرێت و سنوورێكى بۆ دابنێت. ناچار مه‌سعود-ى چێشتلێنه‌ر بانگ ده‌كات. 

پێى ده‌ڵێت: مه‌سعود، رۆڵه‌ پێم بڵێ خه‌ڵك دواى نانى ئێواره‌ خورما ده‌خۆن یان پێش نانخواردن؟ چێشتلێنه‌رى به‌سته‌زمانیش دۆشداماوه‌ و نازانێت چى بڵێت! له‌ مه‌به‌سته‌كه‌ى تێگه‌یشت به‌ڵام داماوه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان دوو سه‌رۆك وه‌زیره‌وه‌ و هه‌رچۆنێك وه‌ڵامبداته‌وه‌ به‌دڵى یه‌كێكیان نابێت. كابراى چێشتلێنه‌ر پیاوێكى دیپلۆماسى بوو، یه‌كێك له‌ نه‌گبه‌تیه‌كانى عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌میان نه‌كردبووه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ له‌جێى ئه‌م بكه‌ن به‌ چێشتلێنه‌ر. مه‌سعود ته‌ماشایه‌كى نورى سه‌عید ده‌كات و ده‌ڵێت:"وه‌ڵـڵایى گه‌وره‌م، هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌ن پێش نانخواردن ده‌یخۆن و هه‌ندێكى تریش هه‌ن دواى نان ده‌یخۆن".
  
وه‌ڵامێكى جوان و ژیرانه‌یه‌. به‌ڵام ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى دایه‌ نورى سه‌عید تا گولـله‌كه‌ى خۆى بهاوێژێت، بۆیه‌ وتى:"هیچ تێنه‌گه‌یشتم، نه‌ تامى خواردنه‌كه‌مان چه‌شت و ته‌نانه‌ت كاتى خواردنى خورماكه‌یشمان زانى". ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كى ته‌واو بوو بۆ ئه‌رشه‌د عومه‌رى تا واز له‌ هێشووه‌ خورماكه‌ بێنێت. نورى سه‌عید ئاوا ره‌فتارى له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كانى عێراقدا ده‌كرد ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیشدا بوو. 

زۆر كه‌س پێیان وایه‌ سیاسه‌ته‌كانى نورى سه‌عید له‌و هۆكاره‌ راسته‌وخۆیانه‌ بوون كه‌ عێراق-یان خسته‌ شۆڕشى 14ى ته‌موزى 1958ه‌وه‌. ئه‌و بڕواى به‌ هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ بریتانیا و شوێنكه‌وتنى رێنماییه‌كانیان هه‌بوو له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. راى ئێمه‌ هه‌رچییه‌ك بێت له‌مه‌دا، به‌ڵام گه‌لى عێراق به‌وه‌ ڕازیى نه‌بوون، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر هیچ هۆكارێكى مه‌عقوڵ یان نامه‌عقوڵ نا به‌ڵكو وه‌ك نه‌ریتێكى گه‌لى عێراق كه‌ له‌ هیچ حكومه‌تێكى ده‌سه‌ڵات رازیى نین و پابه‌ندن به‌ خوونه‌ریته‌ باوه‌كانى خۆیانه‌وه‌.

به‌هه‌رحاڵ، تۆمه‌تى كرێگرته‌یى بریتانیایان نووساندبوو به‌ نورى سه‌عید و سیاسیه‌كانى ترى ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌. مونعم خه‌تیب-ى دیپلۆماتكارى عێراقى گێڕایه‌وه‌ كه‌ رۆژێكیان له‌گه‌ڵ مه‌حمود سوبحى ده‌فته‌رى-دا باسیان له‌ نورى سه‌عید كردووه‌، مامۆستا مونعم سه‌باره‌ت به‌ راى ئه‌و سیاسییه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ ده‌رباره‌ى نورى سه‌عیدى پرسیوه‌ و چۆن به‌راوردى ده‌كات له‌گه‌ڵ عه‌لى جه‌وده‌ت ئه‌یوبى-دا؟. ده‌فته‌رى-یش وه‌ڵامیده‌داته‌وه‌:"ده‌توانیت بڵێیت نورى سه‌عید هه‌رگیز دوودڵیى نه‌نواندووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى هه‌ر شتێك كه‌ ئینگلیز لێى داواكردبێت. به‌ڵام عه‌لى جه‌وده‌ت ئه‌یوبى به‌ په‌له‌ ده‌چووه‌ لایان، لاى ئینگلیز، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و شته‌یان بیربخاته‌وه‌ كه‌ ده‌بوو لێى داوا بكه‌ن به‌ڵام له‌بیریان چووه‌، یان به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى داواى لێبكه‌ن!".
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure