یادى نه‌وه‌د ساڵه‌ى له‌دایكبوونى مشكه‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هه‌واڵى جه‌ژنى له‌دایكبوونى (میكى ماوس) به‌ناوبانگترین مشك له‌ جیهاندا، له‌ رۆژى هه‌ژده‌ى ئه‌م مانگى تشرینى دووه‌مه‌دا بووه‌ سه‌ردێڕى گه‌رمترین هه‌واڵه‌ جیهانیه‌كان و رۆژنامه‌كان به‌ هه‌واڵى گه‌یشتنه‌ ته‌مه‌نى نه‌وه‌د ساڵه‌ى داپۆشران. زۆر كه‌سیش پرسیارى نهێنیى به‌ گه‌نجى مانه‌وه‌ى مشكه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێشتا وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌وپه‌ڕى چالاكى و گورجوگۆڵى و كه‌شخه‌ییدا بێت.

به‌خت یاوه‌رم بوو بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێك بم له‌ به‌شداربوانى ئاهه‌نگى جه‌ژنى له‌دایكبوونه‌كه‌ى (میكى ماوس) له‌ (جیهانى دیزنى) له‌ پاریس. ئاماده‌كارییه‌كانى ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌دا بوو كه‌ پێشتر بۆ دانانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا كرابوون. بانگهێشتكراوه‌كان كه‌ ژماره‌یان هه‌زار كه‌سێك ده‌بوو له‌ ده‌سته‌بژێره‌ هونه‌رى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوون له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌. جلوبه‌رگه‌كان فه‌رمیى بوون. ئه‌و خانمه‌ گۆرانیبێژه‌ى گۆرانیى ئاهه‌نگه‌كه‌ى ده‌چڕى زارا لارسن بوو كه‌ زیاتر له‌ خه‌ڵاتێكى به‌هۆى كاره‌ جوانه‌ هونه‌ریه‌كانیه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. دواى ئاهه‌نگى فه‌رمیى نانخواردنى شێوان به‌و هه‌موو خواردنه‌ به‌له‌زه‌ت و به‌تامه‌وه‌، خه‌ڵكه‌ به‌شداربووه‌كه‌ چووینه‌ حه‌وشه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ستۆدیۆكانى (واڵت دیزنى)یه‌وه‌ بۆ بینینى نمایشه‌ لێزه‌رى و یاریه‌ ئاگرینه‌كانى بۆنه‌كه‌ كه‌ گڕى منداڵیى داده‌گیرسانده‌وه‌ و له‌و شه‌وه‌ زۆر سارده‌دا ئاماده‌بوانى گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.

(مینى ماوس)ى ژنه‌ دڵسۆزه‌كه‌ى (میكى)یش به‌شداربوونێكى تایبه‌تى له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا هه‌بوو، چونكه‌ خۆى ئه‌و (موفاجه‌ئه‌یه‌)ى رێكخستبوو كه‌ پێى ده‌وترێت  Apple of my eyeو ئه‌مه‌یش ماناى (رووناكیى چاوم) ده‌گه‌یه‌نێت. ئاى چ ده‌ربڕینێكى جوانه‌! به‌تایبه‌ت كه‌ چاو، به‌ هه‌موو زمانه‌كان، ئه‌و نیعمه‌ته‌یه‌ كه‌ پێى ده‌بینین به‌ڵام به‌رپرسیار نییه‌ له‌وه‌ى شته‌كانى چۆن پێده‌بینین. ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌ و تێڕوانینه‌كانمان بۆ ژیان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى. كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم دڵم پڕ حه‌سره‌ته‌ كاتێك یه‌كێك له‌ گرنگترین دروستكارانى شیرینى فره‌نسا ده‌بینم سڵاو له‌ مشكه‌ میكى ده‌كات و پارچه‌ شیرینیه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بڕێت كه‌ واژۆى شێف پیێر هێرمیه‌ى له‌سه‌ره‌ و به‌شێوه‌ى میكى به‌ دوو گوێچكه‌ گه‌وره‌كانییه‌وه‌ دروست كراوه‌. به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ بووم بۆ بارودۆخى وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانمان كه‌ پرزه‌یان لێبڕاوه‌ و به‌هۆى كێشه‌ى ئاڵۆسكاو و سیاسه‌تى قێزه‌ونه‌وه‌ منداڵێتیى منداڵه‌كان ده‌دزن و هانیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌م له‌ سیاسه‌ت بكوتن له‌جیاتیى چنینى خه‌یاڵ و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سێتییه‌ خه‌یاڵیانه‌ى كه‌ حه‌زیان لێیانه‌ و په‌سه‌ندكراوى دڵى خۆیانن. ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنجیش بوو رێژه‌ى 99%ى به‌شداربوانى ئاهه‌نگى جه‌ژنى له‌دایكبوونه‌كه‌ى میكى ماوس خه‌ڵكانى به‌ ته‌مه‌ن بوون، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵ سنوور و ته‌مه‌نى بۆ نییه‌ و فراوانیى ئاشتى ده‌توانێت وابكات هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ منداڵیى بكرێت.

هه‌ر له‌میانه‌ى ئاهه‌نگه‌كه‌دا، هه‌موو جیهان به‌شدارییكرد له‌ هه‌ڵمه‌تێكى مرۆییانه‌دا و (هاشتاگ)ێك دانرا بۆ هاندانى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌یه‌ك به‌ گوێچكه‌كانى میكى ماوس-ه‌وه‌ و بۆ هه‌ر وێنه‌یه‌كیش كه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى ئینستگرامى دیزنى بڵاوبكرێته‌وه‌ كۆمپانیاكه‌ بڕى پێنج یورۆ پێشكه‌ش ده‌كات بۆ باشكردنى بارودۆخى ژیانى منداڵێكى هه‌ژار له‌ جیهاندا. ئیتر وێنه‌ جوان و ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان دابارینه‌ سه‌ر پێگه‌كه‌ و له‌هه‌مانكات و له‌كاتێكدا باران دابارییه‌ هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌، وێنه‌ى به‌ڵا و كاره‌ساته‌ راسته‌قینه‌كان بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵكى گیرۆده‌ى هاتوچۆى قورس و گران كردووه‌ و حكومه‌ته‌كانیش گوێ نه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ و نه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ناده‌ن.

كاتێكیش پێشكه‌شكارى ئاهه‌نگه‌كه‌ جارێكى تر پرسیارى نهێنیى ره‌ونه‌قداریى مشكه‌ میكى و گه‌نجێتییه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌یى كرد، خه‌ڵكه‌ به‌شداربووه‌كه‌ وایان ده‌زانى كه‌ نهێنییه‌كه‌ له‌ رۆحى ئاسووده‌یى و كامه‌رانیى و هاوسه‌رگیرییه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ مینى-دایه‌، به‌ڵام من لایخۆمه‌وه‌ وتم هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میكى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌دایكبووه‌ و ژیانى به‌ناو مه‌ینه‌تى و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا تێنه‌په‌ڕیوه‌ كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى خێراى برووسكه‌ئاسادا هه‌زاران هێڵ ده‌خه‌نه‌ رووخسار و ده‌موچاوى مرۆڤه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ى میكى ده‌رباره‌ى ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ نه‌دواوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌شێوێنن و مێشك ماندوو ده‌كه‌ن، ته‌نیا گرنگیى به‌ كاروباره‌ تایبه‌ته‌كانى خۆى داوه‌ و خۆى به‌خشیوه‌ بۆ دڵخۆشكردنى خه‌ڵكانى تر، بۆیه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نى نه‌وه‌د ساڵى و هێشتایش هه‌ر به‌ گه‌نجى و ره‌ونه‌قه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌وروپا ده‌ژى، هه‌زار پرسیار له‌خۆى ده‌كات كه‌ ئاخۆ هۆى چیه‌ گه‌لانى عه‌ره‌ب له‌ ئه‌وروپییه‌كان ئاڵۆزتر و گرێوگۆڵاوى ترن؟ چونكه‌ ئه‌وان له‌ رێگه‌ى بیركردنه‌وه‌وه‌ وه‌ك ئێمه‌ نین، ته‌نانه‌ت له‌ رێى گوزارشت و ده‌ربڕینیشه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ ناچن، ئه‌گه‌رچى زمانه‌كه‌مان سه‌رلێژه‌ له‌ وشه‌گه‌لى گوزارشتكار و ده‌ربڕ، به‌ڵام نازانین به‌كاریان بێنین. مشكه‌ میكى-یش باشترین نموونه‌یه‌ بۆ چۆنیه‌تى ئه‌و ژیانه‌ نموونه‌ییه‌ى كه‌ كۆتاییه‌كه‌یشى وه‌ك سه‌ره‌تاكه‌ى وایه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە