گرنگترین هەواڵەكانی ئیدارەكەی ترەمپ

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

نیوەی ئەو هەواڵانەی كە رۆژانە پێم دەگەن دەربارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەكەین، بابەتێكی گرنگم لەبەردەستدایە كە ناتوانم هەمووی بۆ خوێنەران باس بكەم، بۆیە هەندێكی لێ‌ هەڵدەبژێرم:

ـ كۆنگرێس داوای راپۆرتێكی لە لیژنەی ستراتیژیی بەرگریی نیشتمانی كردووە دەربارەی ئاستی ئامادەیی وەزارەتی بەرگریی بۆ جەنگ. راپۆرتەكە دەیەوێت خەڵكی بترسێنێت بە زیادكردنی دەرماڵەكانی وەزارەتی بەرگری. ئەمە لەكاتێكدایە كە تێچووی سەربازیی ئەمریكی چەند قاتی ئەوەیە كە هەر دەوڵەتێكی تری جیهان لە بەرگریدا خەرجی دەكات.
راپۆرتەكە دەڵێت ویلایەتە یەكگرتووەكان رەنگە جەنگ لەگەڵ روسیا یاخود چین-دا بدۆڕێنێت، ویلایەتە یەكگرتووەكان شكستدێنێت ئەگەر لە یەككاتدا لە دوو بەرەوە بجەنگێت. راپۆرتەكە داوا دەكات دەرماڵەكانی بەرگریی زیاد بكرێت. 

ـ زانكۆی براون راپۆرتێكی تازەی دەركردووە و تێیدا تێچووی حكومەتی ئەمریكا دەخەمڵێنێت لە كردەوە تیرۆریستیەكەی11/9/2001ەوە لەسەر جەنگ و قەلاچۆكردنی تیرۆر. ئەو ژمارەیەی كە راپۆرتەكە ئاشكرای كردووە گەیشتووەتە 5،9 ترلیۆن دۆلار. 
ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە خەمڵاندنەكانی وەزارەتی بەرگری كە باس لە ئۆپراسیۆنە خۆپارێزیەكان لە دەرەوە و تێچوونەكانی چاودێریی پزیشكی بۆ سەربازەكان دەكات، هەروەها لەمجۆرە تێچوانە لە ئاییندەیشدا.
راپۆرتی زانكۆكە دەڵێت لە 2011ەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و پاكستان و یەمەن و دەوڵەتانی تردا شەڕ دەكات، هەندێك لەو شەڕانە بوونەتە پرۆسەی بەردەوام و هیچ كارێك بۆ كۆتاییهێنانیان ناكرێت.

ـ میلانیا ترەمپ-ی خانمی یەكەم هێرشی كردووەتە سەر میرا ریكاردیڵ-ی جێگری راوێژكاری ئاشایشی نەتەوەیی و رۆژێكی پێنەچوو لە پۆستەكەی دەركرا. كۆشكی سپی وتی: میرا ریكاردیڵ وەك لایەنگرێكی سەرۆك دەمێنێتەوە و كۆشكی سپی جێدێڵێت بۆ ئەوەی رۆڵێكی نوێ‌ لەناو ئیدارەكەدا وەربگرێت. سارە هاكابی ساندرز-ی وتەبێژی رۆژنامەوانییش لە لێدوانێكی فەرمیدا وتی سەرۆك سوپاسی خاتوو ریكاردیڵ دەكات لەپای ئەو خزمەتەی كە پێشكەش بە گەلی ئەمریكای كردووە، هەروەها كارەكانی ئەو لە كارە لەپێشینەكانی بەرگریی نیشتمانییە.
میرا ریكاردیڵ لە نووسینگەكەی خانمی یەكەم كاری دەكرد. هەموو ئەمانە دوای ئەوە روویاندا كە ساڵی رابردوو ئەنجومەنی پیران میرا-ی لە كارەكەیدا جێگیركرد.

ـ لەم سەروبەندەدا كۆریای باكور چەكێكی تازەی لە ئاستی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوودا تاقیكردەوە. ئاژانسی دەنگوباسی كۆریای باكور وتی ئەم چەكە چەند ساڵێكە پەرەی پێدەدرێت و پێشدەخرێت.
پێشتر سەرۆك كیم جۆنگ ئۆن لە حوزەیرانی رابردوو و لە دوای كۆبوونەوە باڵاكەی لەگەڵ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ وتی هەردووكیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هەموو كۆریا لە چەكی ئەتۆمی داماڵراوبێت. وردەكارییەكی ئەوتۆ دەربارەی چەكە تازەكە نییە هێندە نەبێت كە راگەیاندن و ئاشكراكردنەكەی دوای ئەوە هات كە مانگە دەستكردەكان پێش ماوەیەكی كەم وێنەی بنكە مووشەكیەكانیان بە پانی و بە درێژیی كۆریای باكور تۆماركردووە.

ـ هاوكات رۆژنامە ئەمریكیەكان داوایان لە سەرۆك ترەمپ كردووە وازبێنێت لە هەڕەشەكردنی لە رۆبێرت مۆلەر-ی لێكۆڵیاری تایبەت كە لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا دەكات لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی 2016ی ئەمریكا. سیناتۆر میچ ماكۆنێڵ سەرۆكی زۆرینەی كۆماریەكان لە ئەنجومەنی پیران دەڵێت كارەكانی ئەو لێكۆڵیارە هیچ مەترسییەكیان بۆی نییە بۆیە ئەنجومەنی پیران هیچ ناچار نییە بەوەی یاسایەك دەربكات بۆ پارێزگاریی لێكردنی. ئەنجومەنی پیران لە نیسانی رابردووەوە هیچ یاسایەكی دەرنەكردووە و سەرۆك ترەمپ-یش مۆلەر-ی لە كارەكەی لانەبردووە.   

ـ سەرۆك ترەمپ ئامادەی كۆبوونەوەی لووتكەی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن نەبوو، روسیا و چین سەرۆكایەتیی كۆنگرەكەیان داگیركرد كە 21 دەوڵەت لەخۆدەگرێت. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure