ژنه‌كانى ناو كۆشكه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 

له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا كه‌ به‌م دواییانه‌ چاپى كردووه‌، میشێل ئۆباما ده‌نووسێت، به‌درێژایى ئه‌و ده‌ ساڵه‌ى كه‌ له‌ كۆشكى سپى-دا ماوه‌ته‌وه‌، په‌نجه‌ره‌یه‌كى نه‌كردووه‌ته‌وه‌. نه‌ بۆ خۆى و نه‌ بۆ دوو كچه‌كه‌ى نه‌ده‌گونجا په‌نجه‌ره‌كان بكه‌نه‌وه‌ و سه‌یرى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌رده‌وام چاوى كامێراكانیان له‌سه‌ر بووه‌ و چاوه‌ڕێى كردوون بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كیان بگرن. دواییش كه‌ ویلایه‌ته‌كه‌ى مێرده‌كه‌ى كۆتاییهاتووه‌ كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى جێهێشتووه‌ و چووه‌ له‌ خانوویه‌كى ئاسایى واشنتۆن-دا ژیاوه‌.


ئیتر بۆخۆى چووه‌ته‌ باخچه‌ى ماڵه‌كه‌وه‌ و چێژى له‌و خۆشییه‌ بینیوه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌ ئازاده‌كه‌ ده‌یزانن. گوێى له‌ سه‌گوه‌ڕى ماڵه‌ دراوسێكان بووه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌ حه‌په‌یان هاتووه‌ و هه‌ستى به‌ ئاسووده‌یى كردووه‌. ده‌ڵێت ئاوڕى له‌ دوو سه‌گه‌كه‌ى خۆى (بو) و (سانى) داوه‌ته‌وه‌ و دڵى پێیان سووتاوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشتر گوێیان له‌ ده‌نگى سه‌گى تر نه‌بووه‌.


كتێبه‌كه‌ى میشێل ئۆباما به‌سه‌ر زارى هه‌موانه‌وه‌یه‌. زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ پێگه‌ و شوێنه‌ به‌رزه‌كان جێدێڵن و به‌ په‌له‌ ده‌كه‌ونه‌ نووسینه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانى رۆژانه‌یان، ملیۆنه‌ها دۆلاریان ده‌ستده‌كه‌وێت. زۆرجاریش په‌ناده‌به‌نه‌به‌ر كه‌سانى تر بۆ نووسینه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانیان.


برنادێت شیراك، كاتێك له‌ باره‌گاى سه‌رۆكایه‌تى چووه‌ده‌ره‌وه‌ نه‌یده‌زانى جانتاكانى بنێرێته‌ كوێ. ئه‌و چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ ماڵه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانى فره‌نسادا ژیا بوو. كاتێك مێرده‌كه‌ى عومده‌ى پاریس بوو ئه‌و له‌ كۆشكێكى ناوازه‌ى مێژوویى سه‌ر به‌ شاره‌وانیدا ده‌ژیا، وه‌ختێك شیراك بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ژنه‌كه‌ى چووه‌ كۆشكى (ماتینیۆن) و كه‌ مێرده‌كه‌ى بوو به‌ سه‌رۆكى كۆمار ئه‌ویش گواستیه‌وه‌ بۆ كۆشكى (ئێلیزێ) و زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌و كۆشكه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌دا مایه‌وه‌. دواى كۆتایى دوو خولى سه‌رۆكایه‌تیى شیراك، ژنه‌كه‌ى بۆى ده‌ركه‌وت كه‌ ماڵێكى له‌و پایته‌خته‌دا نییه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك پێشتر خانمى یه‌كه‌مى بووه‌. رازیى بوو به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا ببنه‌ دوو میوانى ئال ئه‌لحه‌ریرى و چوونه‌ شوققه‌یه‌كى كه‌نار رووبارى سین-ه‌وه‌. ئینجا ده‌یتوانى په‌نجه‌ره‌كان بكاته‌وه‌. له‌وێیش، به‌یانییه‌ك كامێراى وێنه‌گرێك نزیك له‌ شوققه‌كه‌یه‌وه‌ وێنه‌یه‌كى چركاندووه‌ كه‌ خه‌ریكى ئاودانى گوڵ و رووه‌كه‌كانى ناو باڵكۆنه‌كه‌یه‌. برنادێت-یش وه‌ك میشێل ئۆباما گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌.


دانیاڵ-ى هاوسه‌رى سه‌رۆك میته‌ران، ژنێكى ژیر بوو، رقى له‌ گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا بوو، بۆیه‌ له‌ ماڵه‌ كۆنه‌كه‌ى خۆیدا مایه‌وه‌ و نه‌چووه‌ كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى. له‌ ئاهه‌نگ و مه‌راسیم و ئێواره‌خوانه‌ فه‌رمییه‌كاندا، پێش میوانه‌كان ده‌چووه‌ كۆشك و به‌شانى مێرده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌وه‌ستا و به‌خێرى ده‌هێنان. 
كارلا ساركۆزى-یش هه‌مان كارى كرد. ئه‌ویش ماڵێكى شایسته‌ى هه‌بوو، رازیى نه‌بوو بچێته‌ ئه‌و به‌شه‌ى كه‌ ژنى پێشووى تێدابوو. سه‌رۆك خۆى رۆژانى كۆتایى هه‌فته‌كان (ئێلیزێ)ى جێده‌هێشت و ده‌چوو له‌ ماڵه‌كه‌ى كارلا ده‌مایه‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ عێراق پێى ده‌وترێت (قعێدى) واتا ئه‌و كه‌سه‌ى لاى كه‌سوكارى ژنه‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌.((ئه‌مه‌ له‌ كورده‌واریدا-زاوا رێوى-ى پێده‌وترێت.ل)).


له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاته‌كانى خۆماندا، دارا و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئه‌و گه‌ڕه‌ك و بانانه‌ جێدێڵن كه‌ تێیدا گه‌وره‌بوون و ده‌چنه‌ كۆمه‌ڵگه‌ نیشته‌جێبوونه‌ چوارده‌وره‌گیراوه‌كانه‌وه‌ كه‌ پاسه‌وانه‌ زه‌به‌لاحه‌ ئه‌منییه‌كان پاسه‌وانێتیى ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى سه‌ماعه‌كان به‌ كونى چاكه‌ته‌كانیانه‌وه‌یه‌، له‌سه‌رده‌مى ئێمه‌دا به‌وانه‌یان ده‌وت (توكى ووكى) ئامێرێكى كه‌سه‌ گه‌وره‌كان بوو له‌پڕ گۆڕا بۆ یاریى منداڵان.


منداڵانى (كۆمپاونات)ه‌كان گه‌وره‌ده‌بن بێ ئه‌وه‌ى گوێیان له‌ ده‌نگى فرۆشیاره‌ گه‌ڕۆكه‌كانى كۆڵان و لووره‌لوورى ئۆتۆمبێلى پۆلیس بێت و شه‌ڕه‌كانى كۆڵانه‌ میلـلییه‌كان ببینن. چاوه‌كانى ئێمه‌ به‌ زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ میسرییه‌كان كرانه‌وه‌ و یه‌كه‌مجار زنجیره‌ى (بنت الحته‌)مان بینى. دوایى كوچه‌ و كۆڵانه‌كان هه‌ڵوه‌شان و خه‌ڵكه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى رۆیشتن بۆ شوێنى تازه‌ى نیشته‌جێبوون یاخود په‌ت و بڵاوبوونه‌وه‌. نووسه‌ر و دانه‌رانى زنجیره‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان به‌ حه‌سره‌تى رۆژانى حلمیه‌ و زیزینیا و عابدین و شه‌برا-وه‌ن.


به‌ڵام په‌یوه‌ندیى خاتوو میشێل ئۆباما به‌ گه‌ڕه‌كى شه‌برا-وه‌ چییه‌؟ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كێكى میلـلیى هه‌ژارنشینى شیكاگۆ په‌روه‌رده‌ بووه‌ و كۆشش و ئاواتى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌. باراك-ى گه‌نج و قۆزى خۆشویست و گره‌وى له‌سه‌ر كردووه‌. بووه‌ یه‌كه‌م خانمى ره‌شپێستى ئه‌مریكى و چووه‌ كۆشكى سپى. ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكارى ئه‌وه‌بێت كه‌ كتێبى بیره‌وه‌رییه‌كانى ناوناوه‌ (بووم به‌وه‌) (BECOMING).


جیهان سادات و نور حسێن، وه‌ك خانمه‌ ئه‌مریكییه‌كانیان كرد و هه‌ر یه‌كه‌یان كتێبێكى ده‌رباره‌ى ئه‌زموونه‌كانى خۆیان له‌ كۆشكه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداریدا ده‌ركرد. هه‌ندێكیش له‌ كۆشكه‌كانه‌وه‌ ده‌رچوون و روویانكرده‌ تاراوگه‌. فه‌ره‌ح په‌هله‌وى هه‌تا ئێستایش به‌م زه‌وییه‌ فراوانه‌ى خوادا ده‌گه‌ڕێت و دێت و ده‌چێت و خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ كوڕه‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عه‌رشى شاهه‌نشاهى. ئه‌و عه‌رشه‌ى كه‌ ئیمپراتۆر ژنى تێدا هێنا بۆ ئه‌وه‌ى جێگره‌وه‌یه‌كى بۆ بخاته‌وه‌. دنیا چاره‌نووس و به‌خته‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە