سه‌د ساڵ دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
كاتژمێر 11ى رۆژى 11ى مانگى 11ى ساڵى 1918 جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان راگیرا. له‌و چركه‌ساته‌دا تۆپه‌كان بێده‌نگ بوون. سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌ى خۆشییان نه‌كرد چونكه‌ دواى چوار ساڵ جه‌نگى به‌رده‌وام رقیان له‌ ده‌نگى ته‌قه‌ ده‌بوو و به‌حه‌سره‌تى شه‌وانێكى ئارام بوون كه‌ تێیاندا گوێ له‌ مۆسیقا بگرن و رۆژانێك تێیدا پێ بكه‌نن له‌جیاتى زرمه‌ى تۆپ و رێژنه‌ى گولـله‌ و ته‌قینه‌وه‌ى مین. سه‌ربازه‌كان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى جه‌نگدا ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنیان نه‌گێڕا، چونكه‌ سه‌ركه‌وتن و دۆڕان له‌ شته‌ گرنگه‌كان نه‌بوون، به‌ڵكو تاقه‌ شتێكى گرنگ كۆتاییهاتنى ئه‌و دۆزه‌خه‌ بوو.


جه‌نگه‌كه‌ له‌ رۆژى 28ى ته‌موزى 1914 ده‌ستى پێكرد و چوارساڵ درێژه‌ى كێشا. حه‌فتا ملیۆن ژماره‌ى سه‌ربازى ئه‌و هێز و سوپایانه‌ بوو كه‌ ساز و ئاماده‌كرابوون بۆ شه‌ڕكردن له‌و جه‌نگه‌دا. به‌ڵام ژماره‌ى قوربانییه‌كانى جه‌نگه‌كه‌، به‌ سه‌رباز و مه‌ده‌نییه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ زیاتر له‌ شازده‌ ملیۆن كوژراو.

ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رسووڕمانێكى راسته‌قینه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچكام له‌و كوژراوانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ قوربانى به‌رگریكردن له‌ ماف یاخود له‌ به‌هایه‌كى به‌رز. ئایا ئه‌ڵمانه‌كانه‌ له‌سه‌ر هه‌ق بوون یان فره‌نسیه‌كان؟ ئایا هه‌رێمى ئیلزاس، كه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌سه‌رى ناكۆك بوون، شایانى ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ بوو؟ جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى جه‌نگێكى به‌ماناى وشه‌ پووچ بوو. له‌ ده‌ره‌نجامى خۆبه‌زلزانى و كه‌لـله‌ڕه‌قى و ئه‌و بیرۆكانه‌ به‌رپا بوو كه‌ له‌ عه‌قڵى سه‌ركرده‌كاندا رووابوون، نه‌ك به‌رگرییه‌ك بێت له‌ هیچ به‌هایه‌كى به‌رزى واى كه‌ دانوستانى له‌باره‌وه‌ نه‌كرێت. 
كه‌س نه‌خشه‌ى به‌رپاكردنى جه‌نگێكى ئاوا به‌و جۆره‌ و به‌و قه‌باره‌یه‌ نه‌كێشا بوو، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌بێ مه‌به‌ست هه‌ڵخلیسكانه‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌ و قاچیان تاده‌هات زیاتر و زیاتر رۆده‌چوو به‌ناو قوڕوچڵپاوى ئه‌و زۆنگاوه‌دا تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌مێنێت. سه‌ره‌تاكه‌ى ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێك له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى سرب جێنشینى ئیمپراتۆریه‌تى نه‌مساى له‌ سه‌رایڤۆ-ى پایته‌ختى بۆسنێ-دا كوشت، كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌ر به‌ نه‌مسا بوو. نه‌مسا ئۆباڵى رووداوه‌كه‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى سربیا به‌ هۆى هه‌ڵمه‌تى هاندانى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كه‌ داواى ئه‌وه‌ى ده‌كرد بۆسنێ بخرێته‌ سه‌ر شانشینى سربیا. هه‌وڵه‌كانى كوژاندنه‌وه‌ى فتیله‌ى كێشه‌كه‌ شكستیانهێنا و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ دواى مانگێك له‌ كوشتنه‌كه‌، نه‌مسا به‌لگراد-ى پایته‌ختى سربیا بۆردوومان بكات. روسیایش لایخۆیه‌وه‌ ئاماده‌باشیى گشتیى راگه‌یاند و هێزه‌كانى تاودا بۆ به‌رگریكردن له‌ سربیاى هاوپه‌یمانى. ئاماده‌كارییه‌كه‌ى روسیا ئه‌ڵمانیاى بێزار كرد، ملیۆنه‌ها سه‌ربازى روس تۆقاندى كه‌ چووبوونه‌ حاڵه‌تى هێرشبردنه‌وه‌ له‌ نزیكى سنووره‌كانیان. ئیتر له‌ 1ى ئاب-دا ئه‌ڵمانیا جه‌نگى له‌ دژى روسیا راگه‌یاند.

رۆژى دواتریش فره‌نسا حاڵه‌تى ئاماده‌سازیى گشتیى راگه‌یاند بۆ به‌هاناوه‌چوونى روسیاى هاوپه‌یمانى. ئه‌ڵمانیا له‌ 3ى ئاب-دا جه‌نگى له‌ دژى فره‌نسایش راگه‌یاند و به‌لجیكاى داگیركرد بۆ ئه‌وه‌ى بیكاته‌ رێڕه‌وێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر فره‌نسا. ئه‌وكاته‌ هاوپه‌یمانییه‌كى چوارقۆڵى هه‌بوو كه‌ چه‌ند گرێیه‌ك بوو بریتانیاى به‌ به‌لجیكاوه‌ په‌یوه‌ست كردبوو، بۆیه‌ وه‌ك جێبه‌جێكردنى به‌نده‌كانى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌، رۆژى 4ى ئاب، بریتانیا له‌ دژى ئه‌ڵمانیا چووه‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌.

پووله‌كانى دۆمینه‌كه‌ یه‌ك به‌دواى یه‌كدا ده‌كه‌وتن و هه‌ر وڵات بوو خۆى فڕێ ده‌دایه‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى خۆیى بۆ بكرێت یاخود پلانى بۆ دابڕێژێت. دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وپه‌ڕى شێتانه‌ بوو. هێزه‌ پیشه‌سازى و سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌كانى جیهان ملیۆنه‌ها سه‌ربازیان به‌ره‌و به‌ره‌كانى جه‌نگ ره‌وانه‌كرد بێ ئه‌وه‌ى پاساوێكى ئه‌وتۆ هه‌بێت. هێزه‌ گه‌وره‌كان بۆ به‌رگریى له‌ هاوپه‌یمانه‌ بچووكه‌كان چوونه‌ جه‌نگه‌كه‌وه‌. روسیا بۆ به‌رگریى له‌ سربیا و ئه‌ڵمانیا بۆ به‌رگریكردن له‌ نه‌مسا، له‌ناكاو خۆیان له‌ جه‌نگێكدا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ زلهێزه‌كاندا بینیه‌وه‌ كه‌ حسابێكیان بۆ نه‌كردبوو.

په‌ند و وانه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت پابه‌ندبوونه‌كانت له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانه‌ بچووكه‌كاندا، هه‌نگاوه‌كانى داهاتووت دیاریى بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ت له‌ده‌ستده‌ده‌یت و ده‌بیت به‌ چه‌كێكى به‌كرێگیراو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هێزه‌ بچووكه‌كان و سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانت به‌ هه‌ڕه‌مه‌كى و نابه‌رنامه‌ڕێژیى به‌ڕێوه‌ده‌به‌یت.
جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان قه‌سابخانه‌یه‌ك بوو له‌ ئاستێكدا پێشتر مرۆڤایه‌تى شتى واى نه‌دیبوو. هۆكاره‌كه‌یشى ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ زۆره‌ بوو كه‌ له‌ ته‌كنۆلۆژیاى پیشه‌سازیى چه‌كدا هاتبووه‌ بوون. چونكه‌ دواى ئه‌وه‌ى جیهان چووه‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى پیشه‌سازییه‌وه‌، چه‌كیش دوورهاوێژتر و ئامانجپێكتر بوو و هێزى ئاگر و توادانى زۆر زیاتر بوو. 
بۆ یه‌كه‌مجار، له‌ جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیدا بوو كه‌ تانك و فڕۆكه‌ وه‌ك ئامێرگه‌لى شه‌ڕ ده‌ركه‌وتن و جه‌نگه‌كه‌ ته‌نیا له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى شه‌ڕه‌كاندا نه‌بوون، به‌ڵكو فڕۆكه‌ و تانك و تۆپه‌ قورس و دوورهاوێژه‌ زه‌به‌لاحه‌كان، تواناى ئه‌وه‌یان هه‌بوو جه‌نگه‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ پشته‌وه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ، به‌مه‌یش شاره‌كان و هێڵه‌كانى گواستنه‌وه‌ و ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانى دوور له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگیش بكه‌نه‌ ئامانج و بیانپێكن. 
وانه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نگه‌كانى سه‌رده‌مى پیشه‌سازیى وه‌ك جه‌نگه‌كانى پێش ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بوون، بۆیه‌ وا بۆ جیهان باشتره‌ نه‌كه‌وێته‌ جه‌نگى له‌و جۆرانه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌مان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ گه‌ورانه‌ دواى بیست ساڵ له‌ كۆتایى یه‌كه‌م جه‌نگى جیهانى، چوونه‌ ناو جه‌نگى دووه‌مى جیهانییه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر چه‌كى ئه‌تۆمیى پێشنه‌خرایه‌ و په‌ره‌ى پێنه‌درایه‌ و له‌ دواڕۆژه‌كانى جه‌نگى دووه‌مدا به‌كارنه‌هێنرایه‌، له‌وانه‌ بوو جیهان له‌ دواى چه‌ند ساڵێك له‌ كۆتایى ئه‌وه‌ى پێش خۆى، بخرایه‌ته‌ جه‌نگى سێیه‌مى جیهانییشه‌وه‌.
یه‌كه‌م جه‌نگى جیهانى له‌ كاتێكدا به‌رپا بوو كه‌ كه‌س پێشبینیى نه‌ده‌كرد. جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان كۆتایى هێنا به‌ سه‌د ساڵ ئاشتیى له‌ كیشوه‌رى ئه‌ورپا، چونكه‌ له‌ دواى كۆتایى جه‌نگه‌كانى ناپلیۆن له‌ كیشوه‌ره‌ پیره‌كه‌دا، ئه‌ورپا جه‌نگێكى واى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینى بێجگه‌ له‌ هه‌ندێك پێكداهه‌ڵپژانى سه‌ربازیى جیاجیاى لێره‌وله‌وێ كه‌ توانرا به‌خێرایى كاریگه‌رییه‌كانى كۆنترۆڵ بكرێت. ئاشتیى په‌لهاوێژ و پێشكه‌وتنى پیشه‌سازى و ئازادیى بازرگانى، هه‌موو ئه‌مانه‌ یارمه‌تیده‌رى گۆڕینى ئه‌وروپا بوون بۆ كۆمۆنوێلس (خۆشگوزه‌رانى/ئاسووده‌ییه‌كى گه‌وره‌) و بۆ ئاڵوێرى شمه‌ك و وه‌به‌رهێنان و هاتوچۆى خه‌ڵكى به‌ ئازادیى له‌ناو خۆیاندا. به‌مه‌یش ساماندارییه‌كى بێوێنه‌ و خۆشگوزه‌رانییه‌ك هاته‌ئاراوه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى گه‌شبینه‌كاتنیش خه‌ونیان پێوه‌ نه‌بینیبوو. 

ئه‌و شێته‌ كێیه‌ كه‌ قوربانیى به‌ هه‌موو ئه‌م خۆشییه‌ ده‌دات له‌ پێناو ده‌ستكه‌وتێكى بێنرخى سه‌ربازیدا؟ له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست-دا لیبراڵه‌ ئه‌ورپاییه‌كان وایانده‌وت. به‌ڵام جه‌نگ هه‌ڵگیرسا و نه‌ بازرگانى و نه‌ وه‌به‌رهێنان و نه‌ خۆشگوزه‌رانییش نه‌یانتوانى به‌رى پێبگرن. په‌نده‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌: جه‌نگ له‌ هه‌ر كاتێكدابێت به‌رپا ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆتى بۆ ئاماده‌ بكه‌یت نه‌ك رووبدات و تۆیش غافڵگیر بكات. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لبه‌یان

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە