نهێنیه‌كانى بازرگانى

بۆچوون / بیروڕا :: 17/11/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هه‌تا ئێستایش نهێنیه‌كانى بازرگانیكردن رۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕن له‌ پاراستنى داهات و ده‌ستكه‌وته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كانى به‌دواداچوون و په‌ره‌سه‌ندندا كه‌ چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كانى به‌رهه‌مهێنان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، له‌كاتێكدا ناهێڵرێت چه‌مكى نهێنیى بازرگانیكردن ئاشكرا بكرێت كه‌ ئاخۆ له‌ چ تێكه‌ڵه‌ و ئاوێته‌یه‌كى پیشه‌سازیى پێكده‌هێنرێت یاخود تاقیكردنه‌وه‌ و پرۆسه‌ و دیزاین و ئامرازه‌كان و مافى خاوه‌ندارێتى و شێوازه‌ بازرگانى و زانیارییه‌كانى چین و چۆنن، تا له‌ ژیانى ئابوریدا په‌یڕه‌و بكرێت.

ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ پێشێلكردنێكى گه‌وره‌ داده‌نرێت و ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ركابه‌ران یاخود كڕیاره‌ سوودویسته‌كانه‌وه‌. هه‌روه‌ك ئه‌و نهێنیانه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى جیهاندا وه‌ك زانیارییه‌ نهێنیه‌كان وان و زانینى ورده‌كاریه‌كانیان قه‌ده‌غه‌یه‌. 

نهێنیه‌كانى تێكه‌ڵه‌ و ئاوێته‌ى پێكهاته‌ى كۆكاكۆلا بۆ نموونه‌، هیچ كه‌سێك نایزانێت بێجگه‌ له‌ تاقه‌ سێ كه‌سى ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ ئه‌مریكیه‌ نه‌بێت. ئه‌م سێ كه‌سه‌ رێگه‌ى ئه‌وه‌یشیان لێگیراوه‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گه‌شت و هاتوچۆ بكه‌ن، ئیتر به‌ پاپۆڕ بێت یان به‌ فڕۆكه‌ یاخود به‌ ئوتومبێل، ئه‌مه‌یش له‌ترسى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌وه‌ك هه‌رسێكیان له‌ رووداوێكى هاتوچۆدا پێكه‌وه‌ بمرن، چونكه‌ مه‌رگى ئه‌وان ده‌بێته‌ هۆى هه‌ره‌س و داڕمانى كۆمپانیاكه‌ له‌ ماوه‌ى ته‌نیا هه‌فته‌یه‌كى دواى مردنیاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تامى خواردنه‌وه‌كه‌ تێكده‌چێت و كه‌س نایخواته‌وه‌.   

ئه‌م پاراستنى نهێنیى بازرگانییه‌، دیارده‌یه‌كى زۆر كۆنه‌ و ره‌گوڕیشه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ى دووه‌مى زایینى، كاتێك له‌ ساڵى 130ى دواى زاییندا، ئیراسمۆ، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ خه‌ڵكى رۆماى كۆن، ته‌نیا كه‌سێك بووه‌ چۆنیه‌تى دروستكردنى ژێ-ى ئامێرى كه‌مانى زانیوه‌. له‌گه‌ڵ زیادبوونى داواكاریى له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ موسیقیه‌دا، ئیراسمۆ به‌په‌له‌ كه‌وته‌ درۆكردن له‌سه‌ر راستیى پیشه‌سازیى ژێى ده‌نگه‌ مۆسیقیه‌كان و به‌هه‌ڵه‌دابردنى ئه‌وانه‌ى كه‌ پرسیاریان ده‌رباره‌ى ده‌كرد. ئیراسمۆ ژێ مۆسیقیه‌كانى له‌ ریخۆڵه‌ى مه‌ڕ دروست ده‌كرد نه‌ك له‌ ریخۆڵه‌ى پشیله‌. به‌ڵام بۆچى ویستى به‌ هه‌ڵه‌یاندا به‌رێت؟ و ئیراسمۆ چۆن توانیى نهێنیى ژێ دروستكراوه‌كانى بپارێزێت؟.

 له‌و زه‌مانه‌یه‌دا واباو بوو كه‌ كوشتنى پشیله‌ به‌ختى بكوژه‌كه‌ى ره‌ش ده‌كات و تووشى به‌دبه‌ختى و چه‌رمه‌سه‌ریى زۆرى ده‌كات، ئیراسمۆ-یش بیرى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پیشه‌سازییه‌ لاى خۆى بمێنێته‌وه‌ و قۆرخى بكات و قازانجه‌ زۆره‌كه‌ى ته‌نیا بۆ خۆى بێت، پێویسته‌ نهێنیى دروستكردنه‌كه‌یشى به‌ كه‌س نه‌ڵێت یاخود به‌ هه‌ڵه‌ پێیانبڵێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ویستى دروستى بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌بێت، هه‌م له‌ جۆرایه‌تى و هه‌م له‌ فرۆشتن و قازانجیشدا، هه‌ر وایشى كرد. 

جگه‌ له‌وه‌یش، ئیراسیمۆ به‌رهه‌مه‌ تازه‌كه‌ى خۆیى ناونا (ژێى ده‌نگدارى پشیله‌) به‌مه‌یش بۆ ماوه‌یه‌كى دوورودرێژتر نهێنیه‌كانى پیشه‌سازییه‌ به‌ به‌ها و نرخگرانه‌كه‌ى خۆیى پاراست. به‌م شێوه‌یه‌ نهێنیه‌كانى بازرگانیكردن به‌ شاراوه‌یى لاى پیشه‌وه‌ره‌كانى بواره‌كه‌ یاخود لاى دۆزه‌ره‌وه‌كانى یه‌كه‌مجاریان هێڵرایه‌وه‌. 

له‌ ساڵى 1940یشدا هارڵند ساندرس-ى هاووڵاتیى ئه‌مریكى، ژیانى خۆیى به‌ چێشتخانه‌یه‌كى بچووك له‌ ویلایه‌تى كنتاكى روج ده‌ستپێكرد و ده‌ستیدایه‌ فرۆشتنى مریشكى برژاوى پڕ له‌ ئاوێته‌ و گیراوه‌یه‌كى گژوگیا و داووده‌رمانى تامبه‌خش، بێ ئه‌وه‌ى نهێنیى ورده‌كارییه‌كانى ئه‌و گیراوه‌ و پێكهاتانه‌ بدركێنێت.

ئیتر ئه‌م نهێنیى مریشكه‌ (كنتاكى)یه‌ كه‌ به‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كى 11 جۆرى گژوگیا و داووده‌رمانى به‌تام و چێژ خۆشكراوه‌، هۆكارى فراوانبوونى زنجیره‌ چێشتخانه‌كانى (كنتاكى)یه‌ كه‌ ئێستا ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ى 19 هه‌زار چێشتخانه‌ له‌ 118 ده‌وڵه‌تى هه‌موو لایه‌كى جیهاندا. 

له‌كۆتاییدا، نهێنیه‌كانى قازانج له‌ نهێنیه‌كانى بازرگانیكردندایه‌!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure