کاتێک کە سیاسییەکان دەبنە کەرەستەی گاڵتەجاڕی

بۆچوون / بیروڕا :: 04/05/2016

وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
سیاسییەکان دوو جۆرن جۆرێکیان هیچوپوچانە باسی هەموو بابەتێک دەکات، جۆرەکەی دیکەشیان پێویستی بە هیچ بابەتێک نییە بۆ ئەوەی هیچوپوچانە قسە بکات.

من کە خوێندکار بووم کاری ڕۆژنامەگەرییم کردووە و چەندین خەونم هەبوو یەکێکیان ئەوە بوو ببمە سیاسی بۆ ئەوەی پارەی خەڵکەکانی تر خەرج بکەم.

من ئەم بیرەوەرییە و کۆمەڵێ بیرەوەری ترم ئەو کاتە بیرکەوتەوە کە تەماشای ئێوارەخوانی ساڵانەی ڕۆژنامەنووسانم کرد، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەنگوباسەکانی کۆشکی سپی و گاڵتەکردنەکانی باراک ئۆباما بە سیاسی و پەیامنێرەکان دەگێڕنەوە. کۆدەنگییەک هەبوو لەسەر ئەوەی ئۆباما قسەکانی بە جددی دەکات. ئۆباما بە وشەی هاوڕێ ناوی (سیناتۆر ساندەرز)ی دەهێنا کە لە ئێوارەخوانەکەدا ئامادەبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ساندەرز کەسێکی سۆشیال و دیموکراتە.

ئۆباما گوتی کلینتۆن لە پورێکی پیر دەچێت کە نازانێت چۆن فەیسبووک بەکاربهێنێت. ئۆباما ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی کە زۆر ڕۆژنامەنووس پێشنیاریان کردووە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ببێت بە سەرۆک بەڵام ناوی ئەو لە ئارادا نییە. ئۆباما پێی گوتن کە خواردنە سەرەکییەکەی ئەو ئێوارەخوانە تەنیا گۆشت و ماسییە.

ئۆباما ڕەخنەی گرت لە (جیک تابر) کە لە کەناڵی سی ئێن ئێن بەرنامەیەک پێشکەش دەکات و گوتی زۆر ڕۆژنامەنووس وازیان هێناوە لە گواستنەوەی هەواڵەکانی کۆشکی سپیدا، بەڵام تابر وازی لە ڕۆژنامەگەریی هێناوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە (سی ئێن ئێن)ەوە.

دیارە ئۆباما پێویستی بەوە نەبوو گاڵتەبکات بە سیناتۆر تیدکرۆز، چونکە ئەوەی لەسەری دەگوترێت کەم نییە، کرۆز پێی دەگوترێت (تیدی درۆزن) کە ئەمە نازناوێکە ترامپ زۆر دووپاتی دەکاتەوە. هەروەها پێی دەگوترێت ئەهریمەن لەشێوەی مرۆڤدا. دەڵێن هەڵبژاردن لەنێوان ترامپ و کروزدا وەک ئەوە وایە لەنێوان مردن بە گوللة و مردن بە ژەهرخواردن یەکێکیان هەڵببژێرێت.

لە ئێوارەخوانەکەدا ڕاگەیاندکاری ڕەشپێست لاری ویلمۆر بە گاڵتەجاڕییە تیژەکەی خۆی ڕەخنەی لە ئەخلاقی واشنتۆن گرت. گوتی: بەخێربێن لە شەوی ڕەشپێستەکاندا لە واشنتۆن یان بە دەردی تەلەفزیۆنی فۆکس دەڵێت دوو تاوانکار پەلاماری ئێوارەخوانێکی کەشخەیان دا لە واشنتۆن. ئەگەر بمەوێت شتێک زیاد بکەم دەڵێم ترامپ ڕەگەزپەرستێکە دەیەوێت ئەمریکا ڕابەرایەتی جیهان بکات، ئەمەش مانای وایە کە ئەو پاڵێوراوێکی نموونەییە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. بێگومان ئەمریکا وڵاتی دیموکراسییە و هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت ئەو کەسە هەڵببژێرێت کە حوکمی دەکات، ئەگەر خانمێکی سوروسپی یاخود گەنم ڕەنگ یان قژ سووری کردە هاوسەر.

سیاسەتمەدار کە لە دەسەڵاتدا دەبێت وەڵامی هیچ پرسیارێک نازانێت بەڵام کە خانەنشین کرا وای لێدێت هەموو وەڵامەکان بزانێت. تۆنی بلێر هەڵبژێردرا بە نێردراوی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و پاشان وازی لەو کارە هێنا. گوتیان هەڵبژاردنی بلێر بۆ ئەو پۆستە وەک ئەوە وایە داوا لە مێشولەیەک بکرێت دەرمانی مەلاریا بدۆزێتەوە. من پێم وایە سیاسییەکان جۆرە تاعونێکن کە هیچ چارەسەرێکی نییە.

سەرچاوە: ئەلحەیات






































created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure