پرسیاره‌ ستراتیژى و ئاووهه‌واییه‌كانى نه‌وت

بۆچوون / بیروڕا :: 15/11/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕێى داهاتووى كه‌رتى نه‌وت ده‌كات؟ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ قورسه‌. به‌ڵام نه‌وت له‌ دیارترین هۆكاره‌كانى هاوسه‌نگیى ستراتیژ و ئاووهه‌واى جیهانى ئاوه‌دانه‌. وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ به‌ڵگه‌ یان ئاماژه‌یه‌ بۆ چاره‌نووسى مرۆڤایه‌تى له‌ سه‌ده‌ى داهاتوودا، چونكه‌ ئاووهه‌وا په‌یوه‌ندیى پته‌و و به‌هێزى به‌ ئه‌نجام و چاره‌نووسى نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌. سووته‌مه‌نییه‌كانى وه‌ك گاز و به‌نزین دیارترین هۆكاره‌كانى پشت هه‌ڵكشانى قه‌تیسبوونى گه‌رمان. ته‌رازووى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌دایه‌، چونكه‌ چاره‌نووسى ركابه‌رانى وه‌ك روسیا و ئێران په‌یوه‌ندیى پته‌وى به‌ نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌. 


 سامانه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌رچه‌رخان و بادانه‌وه‌یه‌كى ئابوریى وزه‌دا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن یان زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مڕۆیش هه‌ندێك له‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیا تایبه‌ت و گشتیه‌كان جڵه‌وى ئابورییان له‌ جیهاندا به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. پێشبینیى ئه‌نجامى سه‌رچاوه‌كانى وزه‌ نه‌ك هه‌ر قورس و زه‌حمه‌ته‌ به‌ڵكو له‌ ئاستى گاڵته‌جاڕیدایه‌. چونكه‌ له‌ په‌نجاكاندا چاوه‌ڕێ ده‌كرا وزه‌ى ئه‌تۆمیى هه‌رزان بێت و بۆ هه‌موان ده‌ست بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌م وزه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌رچووه‌. كاتى خۆى، پێش چه‌ند گرێیه‌ك، داهاتووى سووته‌مه‌نى چاوه‌ڕوانییه‌كى پێویست و سه‌ره‌كیى بوو به‌ڵام ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ شتێكى پله‌دوو و ته‌نانه‌ت حسابێكى ئه‌وتۆى بۆ ناكرێت. كاتێكیش به‌شێك له‌ پسپۆران پێیانوابوو كه‌ یه‌ده‌گى وزه‌ له‌ ئه‌مریكادا كه‌مده‌بێته‌وه‌، ده‌ستكرا به‌ ده‌رهێنانى وزه‌ى به‌ردین وه‌ك قه‌ڵه‌مبازێك له‌ غازى سروشتى و به‌رهه‌مى نه‌وتدا. 

به‌ڵام ئه‌م قه‌ڵه‌مبازه‌ به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ سووته‌مه‌نیى به‌به‌ردبووه‌كان نه‌ده‌كرا. ده‌ریشكه‌وت كه‌ رێككه‌وتنى ئاووهه‌وا-ى 2015 له‌ پاریس، پێچكردنه‌وه‌یه‌ك بوو: ده‌وڵه‌ته‌كان هاوڕابوون له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى تێكڕاى ده‌رهاویشتن و بڵاوبوونه‌وه‌ى كاربۆن، به‌ڵام ملوانكه‌ى ئه‌م هاوڕایى و كۆده‌نگییه‌ به‌ده‌ستى ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ پچڕایه‌وه‌، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و رێككه‌وتنه‌ كشایه‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات بۆ له‌باربردنى هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سنوردار و كۆتوبه‌ندكردنى بڵاوبوونه‌وه‌ى غازى ئۆتۆمبێل و ئامێره‌ غازده‌رهاوێژه‌كانى تریش.
 
داواكارییه‌كانى سه‌ر نه‌وت به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان، ئه‌گه‌رچى هه‌وڵه‌كانى كۆنترۆڵكردنى غازه‌ ده‌ردراوه‌كان زۆر و چڕ ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى دانیاڵ یرگین مێژوونووسى كاروبارى وزه‌ ده‌ڵێت. به‌ڵام یرگین روودانى گۆڕانكاریى له‌ داهاتووى بازاڕه‌كانى وزه‌دا به‌دوور نازانێت، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ  به‌ خه‌یاڵیش قورس و زه‌حمه‌ته‌. 

ئێستا كۆمپانیا گه‌وره‌كانى نه‌وت خۆیان بۆ ئایینده‌ ساز و ئاماده‌ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ ئه‌ندازیارانى (ئیكسۆن مۆبێل) و (بى پى) هاریكاریى ده‌كه‌ن بۆ پێشخستن و په‌ره‌پێدانى پاتریى پێشكه‌وتوو. هه‌روه‌ها زانایانى كۆمپانیاى (رۆێل داچ شێڵ) كه‌وتوونه‌ته‌ توێژینه‌وه‌ى زانستیى له‌سه‌ر خانه‌كانى سووته‌مه‌نیى هایدرۆجینى. سندوقى سیادیى سعودیه‌یش وه‌به‌رهێنان له‌ كۆمپانیاى (تێسلا)دا ده‌كات.  ئاوا و تادێ زیاتر و زیاتر كه‌رتى نه‌وت به‌ره‌و زیره‌كیى ده‌ستكرد ده‌ڕوات و په‌ناده‌باته‌ به‌ر به‌رنامه‌ڕێژیى ئۆتۆماتیكى بۆ چاره‌سه‌ركردنى زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى خێراتر. به‌ڵام به‌شێكى زۆرى پسپۆران واینابینن كه‌ كۆمپانیاكانى نه‌وت ببنه‌ پێشه‌نگى گۆڕانكارییه‌كان و خودى خۆیان كاره‌كانى خۆیان بڕووخێنن.

به‌بێ ره‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى كه‌ گۆڕانكارییه‌كان به‌دیوێكى دوور له‌ نه‌وت ئاراسته‌ده‌گرن، ئاماژه‌كان به‌زۆریى به‌لاى ئاستى داواكارییه‌كانى سه‌ر نه‌وت-دا ده‌شكێنه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ زۆر ده‌بێت و ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕى، پاشان له‌ كۆتایى گرێى 2030 دا كه‌مده‌بێته‌وه‌ و داده‌به‌زێت.

خواستى سه‌ر نه‌وت له‌ ساڵى 1965 ه‌وه‌ تا ئێستا سێ قات زیادیكردووه‌، ئه‌گه‌ر ئاستى داواكاریى دابه‌زێت ئه‌وا جیهان گه‌وره‌ترین كوده‌تا و وه‌رچه‌رخانى ئابورى به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. 
راگه‌یاندنه‌كه‌ى هندستان-یش به‌وه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2030 دا كۆى ئۆتۆمبیلى بازاڕه‌كانى، ئۆتۆمبیلى ئه‌لیكترۆنى ده‌بن، ئاماژه‌ى سیماى قۆناغى داهاتووه‌.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure