بە عەمری ئەو خوایە

بۆچوون / بیروڕا :: 14/11/2018


×  دەك خوا ئەم وەزعە بەریتەوە بۆ خەزێنەكەی خۆت یارەبولعالەمین.
 ـ چیتە دیسان كەوتیتەوە بۆڵەبۆڵ؟!.
× ئاخر توخوا ئەمانە سەركردەن كورد هەیەتی؟.
ـ رۆڵە گیان كورد سەركردەی نییە.
× ئەی؟.
ـ  سەركردە كوردی هەیە.
× ئەڵـڵا ئەڵـڵا لەو قسە جوانە.. موساعەدە بكە با دووسێ‌ جار بیڵێمەوە بەشكو لەبەری كەم.. كورد سەركردەی نییە سەركردە كوردی هەیە.. كورد سەركردەی نییە سەركردە كوردی هەیە..
ـ وریابە كوڕە ئەو ئاوە نەڕێژی.
× خۆزگە بمزانیایە تۆ بۆ ئەوەندە ئاوت لا موهیمە.
ـ چونكێكم ئاو دڵسۆزترین دۆستی ژینگەیە.
× ئاو دڵسۆزترین دۆستی ژینگەیە؟.
ـ بەڵێ‌.. زاناكان وا ئەڵێن.
× ئەی كێ‌ خراپترین دوژمنێتی؟.
ـ خراپترین دوژمنی ژینگە پلاستیكە.
× حەو.!
ـ بۆچی حەو كەلـلەپوت؟!
× تۆ ئەڵێی ئاو دڵسۆزترین دۆستی ژینگەیە و پلاستیكیش خراپترین دوژمنێتی.
ـ بەڵێ‌ وایە
× ئەی كەواتە بۆچی ئاو ئەكەنە بوتڵی پلاستیكەوە؟.
ـ سوئالی كۆمۆنیستانە مەكە ئەگینا چاوت دەرئەهێنم.
× ئەم سوئالەی من كۆمۆنیستانەیە؟!.
ـ بەڵێ‌.. هەر شتێك تەعلیق لە تیجارەتی ئەمڕۆ بدات كۆمۆنیستانەیەو مەلعونە.
× ئەی حەل چییە؟.
ـ چووزانم.. بڕۆ پیزا بخۆ.
× بەینی خۆمان بێ‌ پیزاش دەعبایەكی سەیرە بەگم. خۆی خواردنێكی ناتەندروستە.
ـ وایە خۆی ناتەندروستە كەچی پێكهاتەكانی هەمووی بۆ سیحەت باشن مەسەلەن ئاردو تەماتەو پەنیرو قارچك و سەوزە.
× باشە ئەوە سەیر نییە.
ـ نا.. چونكە سیاسییەكانیش وان.
× بەڕاست؟.
ـ بەڵێ‌.. خۆیان تاك تاك باشن، بەڵام كە سەركردایەتی دروست ئەكەن بە عەمری ئەو خوایە زەغت و كۆلیسترۆڵمان بەرزئەكەنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure