قه‌یرانى پیتاندن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/11/2018

نووسینى: حسێن شه‌به‌كشى 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هه‌م له‌ رووى نه‌ریتى و هه‌م له‌ رووى مێژووییشه‌وه‌، (قه‌باره‌ى دانیشتوان) به‌یه‌كێك له‌ ره‌گه‌زه‌كانى پێوه‌رى هێز داده‌نرێت له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانى جیهاندا. ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌و قه‌باره‌ى دانیشتوانه‌یان به‌كارده‌هێنا بۆ به‌هێزیى نفوزى سه‌ربازییان و له‌ڕووى ئابورییشه‌وه‌ وایلێهات  به‌كاربهێنرێت بۆ دابینكردنى ده‌ستى كار (هێزى كار) و بازاڕى به‌كاربه‌ر و هانده‌رى ناوخۆیى بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى تێدا بكرێت.
 
ئه‌مڕۆیش، ئه‌وه‌تا هندستان خۆى ئاماده‌ ده‌كات كه‌ نازناوى (پله‌ى یه‌كه‌م) له‌ زۆریى دانیشتوانه‌كه‌یدا و له‌سه‌ر حسابى چین وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌و چین-ه‌ى كه‌ دركى به‌وه‌كرد سیاسه‌تى سنوداركردنى منداڵبوون و خستنه‌وه‌ى تاقه‌ منداڵێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ داهاتووى ده‌كات، بۆیه‌ كه‌وته‌وه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ و رێگه‌ى كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر خێزانه‌ و دوو منداڵ بخاته‌وه‌. به‌ڵام به‌مدواییانه‌ راپۆرتێكى گرنگ ده‌رچووه‌ كه‌ ده‌ڵێت دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌كى زۆر توند هه‌یه‌ له‌ رێژه‌ى پیتاندن لاى ژنان و ئینجایش رێژه‌كانى گه‌شه‌ى دانیشتوان له‌ جیهاندا و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستاى درێژه‌بكێشێت ئه‌وا كاردانه‌وه‌ى قورسى له‌سه‌ر جیهان ده‌بێت.

له‌ ساڵى 1950 دا تێكڕاى منداڵبوونى هه‌ر ژنێك 4،7 بووه‌، به‌ڵام تێكڕاى پیتاندن به‌ به‌رده‌وامى و به‌ شێوه‌یه‌كى خێرا چووه‌خواره‌وه‌ و دابه‌زى هه‌تا گه‌یشته‌ ئاستى 2،4 منداڵ بۆ ژنێك له‌ ساڵى 2017 دا. ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ كه‌ زانكۆى واشنتۆن-ى ئه‌مریكا كردوویه‌تى و راپۆرته‌كه‌ پشتى پێبه‌ستووه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كه‌لێنێكى گه‌وره‌ و جیاوازییه‌كى زۆر له‌نێوان وڵاتاندا دروست بووه‌. له‌كاتێكدا به‌رزترین رێژه‌ى پیتاندن له‌ كۆمارى نایجه‌ر-ى ئه‌فریقا تۆماركراوه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ 7،1 منداڵ بۆ هه‌ر ژنێك له‌هه‌مانكاتدا له‌ قوبرس-ى ئه‌وروپى رێژه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ تاقه‌ یه‌ك منداڵ. توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یش ده‌رده‌خات كه‌ زۆرترین وڵاتانى زه‌ره‌رمه‌ندى ئه‌م بواره‌ بریتین له‌ ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و كۆریاى باشور و ئوسترالیا. 
 
توێژینه‌وه‌كه‌ باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ دابه‌زینى تێكڕاكانى پیتاندن، واتاى دابه‌زینێكى توند و كاریگه‌رى ژماره‌ى دانیشتوان ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین هۆكارى زۆر گرنگى دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌، هۆكاره‌كانى وه‌ك كۆچ و تێكڕاى مردن و تێكڕاى ته‌مه‌ن، به‌ڵام زوو بێت یان دره‌نگ ئه‌م بابه‌ته‌ كاریگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى گه‌شه‌ى دانیشتوان و بێگومان به‌ دیوه‌خراپه‌كه‌یدا ده‌یشكێنێته‌وه‌.

تائێستا زیاتر له‌ نیوه‌ى وڵاتانى جیهان ژماره‌ى ته‌واوى منداڵان به‌رهه‌مدێنن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى رێژه‌ى گه‌شه‌یه‌كى دروستییانه‌ى دانیشتوان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنى ئابورییدا كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ ئاقارى كه‌مكردنه‌وه‌ى منداڵبووندا ده‌ڕۆن، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ى پێدراوه‌ و جه‌ختیشى لێكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌پێى پێداچوونه‌وه‌یه‌كى مێژوویى به‌ كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كاندا.

توێژینه‌وه‌كه‌ هۆكاره‌كانى دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌ى پیتاندنى لاى ژنان به‌ چه‌ند خاڵێكى گرنگ و جێى سه‌رنج دیاریكردووه‌، له‌وانه‌یش رێژه‌ى مردن له‌كاتى له‌دایكبووندا كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و چیدى پێویستى بۆ منداڵبوونى زیاتر نه‌ماوه‌. هه‌روه‌ها رێگه‌ى ئاسان و ساده‌ په‌یدابوون بۆ ده‌ستگه‌یشتن به‌ ئامرازه‌كانى رێگرتن له‌ دووگیانبوون. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى كه‌ رێژه‌ى ژنان له‌ بواره‌كانى كار و زانست-یشدا زیادى كردووه‌.

پوخته‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ له‌وه‌دا یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ى كه‌ پشت به‌ كۆچ ده‌به‌ستن، زۆربه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ پیشه‌سازییه‌كان ده‌بنه‌ خاوه‌نى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پیر و به‌ساڵاچوو له‌ رووى ته‌مه‌نه‌وه‌ و دانیشتوانه‌كانیان كه‌متر كرێكارى تازه‌ى به‌رهه‌مهێن ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌كانى كاره‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى شاره‌زایى و لێوه‌شاوه‌یى. 

ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ كارێكى وایكردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌زگا میدیاییه‌كان سه‌رله‌نوێ (كۆچ) و (كۆچبه‌ران) بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ و به‌دواداچوون ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسه‌. 
قه‌یرانه‌كانى ده‌ستى كارى كۆچبه‌ر تازه‌ نین، به‌ڵام پێشتر به‌رده‌وام له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ تازانه‌دا ده‌توایه‌ كه‌ بۆى ده‌چوو، هه‌تا ده‌نگى ره‌گه‌زپه‌رستیى توندڕه‌ویى به‌رزبووه‌وه‌ كه‌ ژینگه‌ و دۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ جیهاندا ژه‌هراوى ده‌كات. 

توێژینه‌وه‌كه‌ زه‌نگى ئاگادارى و هۆشیاركردنه‌وه‌ لێده‌دات و بیركردنه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ له‌ قه‌یرانى داهاتوو ده‌سه‌پێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure