له‌ یادى سه‌د ساڵه‌ى كۆتایى جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌دا

بۆچوون / بیروڕا :: 10/11/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
سه‌د ساڵ تێپه‌ڕیى به‌سه‌ر كۆتاییهاتنى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیدا. یان با بڵێین ئه‌و جه‌نگه‌ى ئیمپراتۆریه‌ته‌كانى نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا و سه‌ڵته‌نه‌ى عوسمانى له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاند و ئیمپراتۆریه‌تى دیكه‌ى فراوان كرده‌وه‌ و نه‌خشه‌ى جیۆسیاسیى ئه‌ورپاى داڕشته‌وه‌ و ئینجایش دوو ئیمپراتۆریه‌تى دیكه‌ى هێنایه‌ بوون كه‌ سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا بوون، ئه‌و دوو ئیمپراتۆریه‌ته‌ى جیهانیان كرده‌ دوو به‌شه‌وه‌.

وتیان ئه‌و جه‌نگه‌ دوا جه‌نگه‌كانى ئه‌وروپا ده‌بێت، كه‌چى ململانێى سه‌ر كۆڵۆنیاله‌كان هۆكارى سه‌ره‌كیى به‌رپابوونى دووه‌م جه‌نگیش بوو كه‌ له‌وه‌ى یه‌كه‌میان توندتر و وێرانكه‌رتر بوو، ئه‌مه‌یش به‌هۆى پێشكه‌وتنه‌كانى بوارى پیشه‌سازیى چه‌ك و پێویستییه‌كانى پاره‌ و سه‌رچاوه‌كان بۆ كارپێكردنى كارگه‌ و كارخانه‌كانیانیان، به‌ته‌واوه‌تى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ و پێشبڕكێى پڕچه‌ككردن زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان بۆ خۆى به‌كاردێنێت، به‌ته‌نیاش له‌ ئه‌وروپادا كورتنه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو په‌لیهاویشتووه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ زۆر هه‌ژاره‌كان كه‌ له‌ جه‌نگه‌ ناوخۆكاندا نغرۆ بوون و چاوچنۆكیى ئیمپراتۆریه‌ته‌كانى پێشوو دنه‌ و هانیان ده‌ده‌ن، ئه‌و ئیمپراتۆریه‌تانه‌ى رۆژ به‌ رۆژ قۆرخى ئه‌و پیشه‌سازییانه‌ ده‌كه‌ن و جه‌مسه‌ربازیى ده‌كه‌ن دژى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه‌ بكه‌وێته‌ ركابه‌رى و ململانێیانه‌وه‌.

له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌دا نه‌خشه‌ى ئه‌وروپا و نه‌خشه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش داڕێژرانه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌ویى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانیدا بوون و له‌ نێوان بریتانیا و فره‌نسادا دابه‌شكرانه‌وه‌. ئه‌وانیش جه‌نگى دووه‌میان هه‌ڵگیرساند و رۆڵه‌ى كۆلۆنیاله‌كانیان كرده‌ سووته‌مه‌نیى جه‌نگه‌كه‌. ئیتر ئه‌فریقى ئه‌فریقیى ده‌كوشت و عه‌ره‌ب عه‌ره‌ب و مه‌سیحى مه‌سیحى و موسڵمان موسڵمانى ده‌كوشت به‌ ناوى ئه‌و گه‌وره‌یه‌یه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ى پاراستن و فێركردنى ئازادیى و دیموكراتیه‌تى بۆ ده‌كرد و له‌هه‌مانكاتدا به‌و ناوانه‌وه‌ ده‌یانناردنه‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕ و كوشتاره‌وه‌.

هه‌ر له‌ به‌ره‌نجامى ململانێ و كێبڕكێى سه‌ر كۆڵۆنیاله‌كاندا، ئیمپراتۆریه‌تى ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت كه‌ بووه‌ واریسى فره‌نسا و بریتانیا، له‌گه‌ڵیاندا هاوپه‌یمانێتیه‌كى پێكهێنا له‌ دژى دوژمنه‌ ئه‌وروپاییه‌كانیان و هه‌روه‌ها له‌ كۆلۆنیاله‌كانیشدا و له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى سۆڤیه‌تدا به‌رگریى لێیان كرد. واتا به‌ هه‌موو هێز و نفوزێكه‌وه‌،كه‌ هه‌یه‌تى، رێبازى ئیستیعماریى تازه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و ئیستیعماره‌ى كه‌ ئێستا ده‌یزانین و ده‌یبینین، هه‌روه‌ها ئیستیعمارى ئابورى جێگه‌ى ئیستیعمارى راسته‌وخۆى گرته‌وه‌. جه‌نگه‌كانیش كۆتاییان نه‌هات به‌ڵكو به‌رپابوونیان زیاتر بوون، به‌تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌فریفادا كه‌ سه‌رچاوه‌ى وزه‌ن. 

ئێستا دواى سه‌د ساڵ له‌ كۆتاییهاتنى جه‌نگه‌ گه‌وره‌كه‌، ئایا جه‌نگه‌كان دواییانهاتووه‌؟ هه‌موو به‌ڵگه‌كان پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ن. هێشتا پێشبڕكێى خۆپڕچه‌ككردن هه‌ر ماوه‌. ركابه‌ریى له‌سه‌ر كۆلۆنێله‌ كۆنه‌كان (سه‌ربه‌خۆكان) هێشتا هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تى. ئایدیۆلۆژیاى ئیستیعمارى هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌بوو. شانشینه‌ یه‌كگرتووه‌كان هێشتا بانگه‌شه‌ى خاوه‌ندارێتیى دوورگه‌كانى فۆكلاند-ى نزیك ئه‌رژه‌نتین ده‌كات. فره‌نسا هێشتا ده‌ستیگرتووه‌ به‌ مێژووه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ و نایه‌وێت داواى لێبووردن له‌ جه‌زائیر بكات.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌ر ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت هه‌ر كه‌سێكیش ده‌كاتى كه‌ مل به‌ سیاسه‌ته‌كانى نه‌دات و به‌ راست و چه‌پدا سزا ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه‌ سه‌رپێچیى ئه‌و ده‌كه‌ن و دژى ئیسرائیلن. روسیا كه‌ له‌ هه‌ردوو جه‌نگه‌ جیهانیه‌كه‌دا هاوپه‌یمانى بوو، بووه‌ته‌ دوژمنى.

له‌وكاته‌وه‌ى (موڵكه‌كانى) سه‌ڵته‌نه‌ى عوسمانى دابه‌شكراوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ، خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست نموونه‌یه‌كى زیادبوونى جه‌نگه‌كانه‌، هه‌روه‌ها له‌كاتى په‌یمانى به‌لفۆر بۆ جووله‌كه‌ و دامه‌زراندنى ئیسرائیل-یشه‌وه‌ له‌ دواى جه‌نگى دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ بنكه‌یه‌كى پێشكه‌وتووى سه‌ربازیى بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئیستیعمار.
 
سبه‌ى سه‌ركرده‌كانى ئه‌وروپا یادى كۆتایى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى ده‌كه‌نه‌وه‌ و باس له‌ ئاشتى و ئازادى و پیرۆزیى ژیان ده‌كه‌ن، هه‌ر یه‌كه‌یشیان پلانێكى لایه‌ بۆ شه‌ڕ و جه‌نگى زیاتر، چونكه‌ كارگه‌كانى چه‌ك و چه‌كسازیى پێویستیان به‌ به‌كارهێنانى به‌رهه‌مه‌كانیان و كڕیار هه‌یه‌ كه‌ كه‌سانێكیش هه‌ن ئاماده‌ن بیانكڕن. هه‌روه‌ك سوپاكانیش ئاماده‌ى جووڵه‌ و یارمه‌تیدانى (هاوپه‌یمان)ه‌كان و (هاوڕێكان)یانن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure