به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر به‌ به‌ها عه‌قڵانیه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

 
ناكرێت رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ و كاریگه‌رى تیرۆر و توندڕه‌وى و یاخیبوون و توندوتیژى و ده‌مارگیریى ببینه‌وه‌ به‌بێ فه‌لسه‌فه‌ یاخود به‌كارهێنانى ئامرازه‌ پێشكه‌وتووه‌كانى خوێندن. چونكه‌ توندڕه‌وى ره‌فتارێكى تاریكه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌نیا به‌ پته‌وكردنى به‌ها عه‌قڵانیه‌كان و رۆشنگه‌ریى ناو كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌كرێت. هه‌موو تێڕوانینێكى لۆژیكى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، په‌لكێشمان ده‌كات بۆ رووبه‌رى بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌هاكانى لێبوورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژیدا، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌تا لێبوورده‌تر بێت دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ توندوتیژى و پێش ئه‌ویش له‌ توندڕه‌ویى به‌ شێوه‌ جۆراوجۆره‌كانیه‌وه‌.

فه‌لسه‌فه‌ى تیرۆر له‌سه‌ر به‌دیهێنانى كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌ژار له‌ بیر و بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتار و بیروباوه‌ڕدا بونیاتنراوه‌، ملكه‌چى تێڕوانینى ئاسۆته‌نگیى تایبه‌ت به‌ ئایین و ته‌نانه‌ت ژیان-یشه‌. لێره‌وه‌ هه‌رده‌بێت رێگه‌ و چۆنیه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى جۆراوجۆر بن و ته‌نیا كورتنه‌كرێته‌وه‌ له‌ رووه‌ ئه‌منى و سه‌ربازیه‌كه‌دا، به‌ڵكو هه‌رده‌بێت له‌ رووى فیكر و بیروباوه‌ڕیشه‌وه‌ بێت له‌سه‌ر ئاستى خوێندن و كلتور و رۆشنبیرى و گوتارى میانڕه‌وى ئایینى. 

ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌ناوبردنى بیرى توندڕه‌ویى و هه‌روه‌ها كۆپینه‌كردنه‌وه‌ى نموونه‌ توندڕه‌ویه‌كان له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌مى سه‌ره‌كیمان له‌ناوبردنى تیرۆر بێت نه‌ك تیرۆریست. پاشان هه‌رده‌بێت ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆگرامه‌كانى خوێندندا بخوێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى تۆوى توندڕه‌ویى له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانماندا بنه‌بڕ بكه‌ین و گیانى لێبوورده‌یى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى به‌رامبه‌ر و قبووڵكردنى بیروباوه‌ڕى یه‌كتر بچێنین، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پێكداچوونێكیش هه‌بێت ئه‌وا پێكداچوونى فیكرى بێت و له‌ چوارچێوه‌ى دیالۆگى ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى مه‌عریفه‌ و زانیارییه‌كاندا بێت. 

كۆمه‌ڵگه‌كانمان پێویستیان به‌ پاككردنه‌وه‌ و بژاركردنى مه‌عریفه‌ و تێركردنى ئه‌خلاقى هه‌یه‌، هیچكام له‌مانه‌یش به‌دینایه‌ت ته‌نیا له‌ رێى خوێندن و توێژینه‌وه‌ى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ها مرۆییه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و چه‌مك و ماناكانى ژیان ده‌چه‌سپێنێت و ژیان ده‌كاته‌ یه‌كه‌مین و هیچ راستیه‌ك له‌ بوونى مرۆڤدا نابینێت بێجگه‌ له‌ ژیانى نه‌بێت و به‌هاكانى ژیان ده‌یسه‌لمێنێت و ده‌پارێزێت. ئه‌مه‌ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌یه‌ كه‌ رێكخراو و گروپه‌كانى توندوتیژى و توندڕه‌ویى دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و شه‌ڕیان ده‌كه‌ن و هه‌بوونیان به‌ مه‌ترسییه‌ك ده‌زانن بۆ سه‌ر خۆیان. 
   
خوێندن ئامرازێكه‌ هێشتا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا ونه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ پرۆگرامه‌كانى په‌روه‌رده‌ى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى له‌ په‌یمانگا فێركارى و خوێندنه‌كانمان له‌ هه‌ندێك پایته‌ختى عه‌ره‌بیدا تێبینیى زۆریان له‌سه‌ره‌، هه‌م  ده‌رباره‌ى ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ى كه‌ ده‌درێت به‌ قوتابى و خوێندكار هه‌م ده‌رباره‌ى ئه‌و مامۆستایه‌ى كه‌ ئه‌م پرۆگرام و وانه‌یه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ و یاخود بایه‌خپێنه‌دانى له‌لایه‌ن قوتابیانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م وانه‌یه‌ هیچ نمره‌یه‌ك ناخاته‌ سه‌ر كۆى گشتیى نمره‌كانى و تێكڕاى ده‌رچوونى، به‌مه‌یش وه‌ك وانه‌یه‌كى لێهاتووه‌ كه‌ پشتگوێخراوه‌ وه‌ك چۆن وانه‌ى (وێنه‌)یش پشتگوێخراوه‌.

خوێندن، ده‌رگا و ده‌روازه‌ى راسته‌قینه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌رنگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وییه‌ و فه‌لسه‌فه‌یش به‌شه‌ كاریگه‌ر و جێبه‌جێكه‌ره‌كه‌یه‌تى، چونكه‌ ناكرێت رووبه‌ڕووى تیرۆر ببینه‌وه‌ ته‌نیا له‌ رێى خوێندن-ه‌وه‌ نه‌بێت و ناكرێت توندڕه‌ویى له‌ناوببرێت ته‌نیا له‌ رێى فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ها مرۆیى و عه‌قڵانیه‌كان ده‌چه‌سپێنێت. خوێندن و فه‌لسه‌فه‌ دوو رێبازن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى راسته‌قینانه‌ى ده‌مارگیرى و توندڕه‌وى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure