زیره‌كیى ده‌ستكرد و واقیعێكى قورس!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


داتاكان نه‌وتێكى تازه‌ن له‌ جیهانه‌ ئابورییه‌ تازه‌كاندا. پێناچێت هیچ شتێك له‌وان گرنگتر بن، چونكه‌ داتاكان چه‌ك و ئامرزاى گرنگترن بۆ توانا و هه‌ڵاوێریى به‌شێوه‌یه‌كى روون و جیاواز و كارا و كاریگه‌ر. كاى فوو لى، یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین شاره‌زا پسپۆره‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ى داتاكاندا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر داتاكان نه‌وتێكى تازه‌ بن ئه‌وا چین له‌ بواره‌كه‌دا وه‌ك سعودیه‌ى بوارى نه‌وت وایه‌.  

كاى فوو لى له‌ كتێبى (هێزه‌ به‌تواناكان له‌ جیهانى زیره‌كیى ده‌ستكرد-دا) به‌شێوه‌یه‌كى قووڵ و فراوان له‌و كتێبه‌ گرنگ و جێى سه‌رنجه‌دا كه‌ ناونیشانێكى سه‌رنجڕاكێشى بۆداناوه‌، باسى ئه‌مه‌ ده‌كات و وایده‌بینێت ململانێیه‌كى ترسناك له‌نێوان هێزه‌ جیاوازه‌كانى بوارى زیره‌كیى ده‌ستكرددا سه‌ریهه‌ڵداوه‌. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌یش له‌ دۆڵى سیلیكۆنSilicon Valley له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى ناوى له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕ و رێژه‌ زۆره‌ى كاریگه‌ریى جیهانیدا ده‌بێت كه‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ دروستى ده‌كه‌ن، له‌ نموونه‌ى تویته‌ر و فه‌یسبووك و گوگڵ و هاوشێوه‌كانیان. 
  
ململانێیه‌كى توند هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشخستن و په‌ره‌پێدانى زیره‌كیى ده‌ستكرد بۆ گۆڕینى هه‌موو ئه‌و پیشه‌سازى و پیشه‌ و كارانه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌یانزانین، به‌ڵام ده‌ره‌نجامى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوریى زۆریشى به‌دواوه‌یه‌.

رۆبۆت/مرۆئامێر، به‌جۆره‌ها شێوه‌ و شێوازى جیاجیا به‌ڕێوه‌یه‌، جێگه‌ى هه‌زاران كه‌س له‌و كار و پیشانه‌دا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌یانكات، به‌ تێچوویه‌كى زۆر كه‌متر و به‌ كاراییه‌كى زۆر زیاتر. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارگرانییه‌كى قورس به‌ڕێوه‌یه‌ و بوارێك بۆ رێلێگرتنى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، بێكاریى زیاتر و له‌گه‌ڵیشیدا گوشارى سه‌ر ده‌وڵه‌تان و بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌ستكه‌وته‌ ته‌كنیكیه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌ ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ڵاوێركراوه‌كان به‌ تایبه‌ت.

قوتابخانه‌ و رێبازگه‌لى جیاواز بۆ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زیره‌كیى ده‌ستكردا هه‌ن. له‌كاتێكدا مارك زوكربێرگ دامه‌زرێنه‌رى پێگه‌ى به‌ناوبانگى فه‌یسبووك وایده‌بینێت كه‌ پێویسته‌ زیره‌كیى ده‌ستكرد به‌ ته‌واوه‌تى ئازاد بێت و هه‌رگیز هیچ ده‌ستوه‌ردانێكى تێدا نه‌كرێت، رایه‌كى تر هه‌یه‌ كه‌ ئیلۆن موسك دامه‌زرێنه‌رى كۆمپانیاى تێسلا-ى ئوتومبێلسازى و وزه‌ى كاره‌بایى، رێبه‌رایه‌تى ده‌كات، به‌ پێداگریه‌وه‌ ده‌ڵێت زیره‌كیى ده‌ستكرد پێویسته‌ سنوورى بۆ دابنرێت و ئه‌و سنووربه‌ندكرده‌نیشى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى مرۆڤدا ده‌بێت، هه‌ر كاتێكیش ئه‌و سنووره‌ى تێپه‌ڕاند ده‌بێت به‌هێزه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ببینه‌وه‌.

له‌ ساى دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى گشتیى ئابوریى نه‌ریتى/ته‌قلیدى و زاڵبوونى هه‌ژموونى ئابوریى نوێى دیجیتاڵى به‌سه‌ریدا، پرسیارگه‌لى زۆرى بوێرانه‌ و ورووژێنه‌ر دێنه‌ئاراوه‌ كه‌ هه‌موویان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ چوونه‌ ناو ناوچه‌گه‌لێكى پێشتر نه‌بینراوى سه‌رسوڕهێنه‌وه‌.

ئه‌مانه‌ گفتوگۆیه‌كیان بیرهێنامه‌وه‌ كه‌ خۆم گوێم لێی بوو له‌ نێوان دوو گه‌وره‌ پارێزه‌ر له‌ نیویۆرك كه‌ له‌ ئێواره‌خوانێكدا منیشیان له‌گه‌ڵ بووم. ئه‌وان پسپۆرى یاساى بازرگانى و قۆرخكاریى بوون. یه‌كه‌میان به‌ دووه‌میانى وت:"ئه‌مازۆن" كۆمپانیایه‌كى قۆرخكاره‌. دووه‌میش وه‌ڵامى دایه‌وه‌: قۆرخكار پێویستى به‌ پێناسه‌كردنى ئه‌و بازاڕه‌یه‌ كه‌ قۆرخكاریه‌كه‌ى تێدا ده‌كرێت، ئایا ده‌توانیت پێناسه‌ى حاڵه‌ته‌كه‌ى ئه‌مازۆن-م بۆ بكه‌یت؟ ئه‌و بازاڕه‌ كامه‌یه‌ كه‌ ئه‌مازۆن قۆرخى ده‌كات؟... پارێزه‌رى یه‌كه‌م نه‌یتوانى وه‌ڵامى بداته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و جۆره‌ پرسیاره‌ مه‌به‌ستداره‌ ورووژێنه‌ر و تازه‌یه‌یه‌ كه‌ واقیعى نوێ بۆ ئابوریى دیجیتاڵى و زیره‌كیى ده‌ستكرد ده‌یسه‌پێنێت و جیهانیش تائێستا خۆى بۆ ئاماده‌نه‌كردووه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure