مایكڵ مۆر و ترامپییه‌ت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ نیوه‌یى/گشتیه‌كه‌دا، مایكڵ مۆر-ى ده‌رهێنه‌رى ئه‌مریكایى، فیلمه‌ دۆكیۆمێنتاریه‌ تازه‌كه‌ى (فه‌هره‌نهایت9/11)ى پێگه‌یاند به‌و ئومێده‌ى ببێته‌ جێى سه‌رنجى ملیۆنه‌ها تا ده‌نگ له‌ دژى راستڕه‌ویى بده‌ن كه‌ خۆى له‌ كۆنگرێس و سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-دا ده‌بینێته‌وه‌. له‌م فیلمه‌یدا مۆر بڕێكى زۆرى شریته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كانى قۆناغى نازییه‌تى  سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو به‌كارهێناوه‌، كاتێك جه‌ماوه‌ر كۆده‌بوونه‌وه‌ بۆ گوێگرتن له‌ وتاره‌كانى ئه‌دۆڵف هیتله‌ر و له‌دوایه‌وه‌ ملى رێگه‌یان ده‌گرت و پاشان گه‌یاندیانه‌ ده‌سه‌ڵات. وێنه‌كان وا تۆماركراون كه‌ جه‌ماوه‌ر هوتاف بۆ سه‌ركرده‌ نازییه‌كه‌ ده‌كێشن و ئه‌ویش به‌شێوازه‌ زانراوه‌كه‌ى خۆى ده‌سته‌كانى ده‌جووڵێنێت، به‌ڵام وتاره‌كانى و ده‌ربڕینه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كانى  به‌ده‌نگى تره‌مپ-ن.

فیلمه‌كه‌ى ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كه‌ به‌ چه‌پ ناسراوه‌، دۆكیۆمێنتاریه‌كى دیكه‌یمان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ ساڵى 2004 پێشكه‌شى كردووه‌ و تێدا هۆشداریى ده‌دات له‌و مه‌ترسیانه‌ى جۆرج بوش-ى كوڕ ده‌یانهێنێته‌ ئاراوه‌. ده‌رهێنه‌ر له‌ فیلمه‌كه‌یدا گاڵته‌ به‌ تره‌مپ و به‌و جه‌ماوه‌ره‌یش ده‌كات كه‌ چه‌پڵه‌ى بۆ ده‌كوتن بێ ئه‌وه‌ى هیچ پرسیارێك له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆیان بكه‌ن كه‌ ئاخۆ له‌سه‌رده‌مى ئه‌ودا به‌كوێ ده‌گات. هه‌روه‌ك باس له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌یش ده‌كات كه‌ مرۆڤایه‌تیى تێیكه‌وتووه‌ له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو وه‌ربگرایه‌ و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ تێپه‌ڕیایه‌، كه‌چى ئه‌وه‌تا له‌ سه‌رده‌مى چل و پێنجه‌مین سه‌رۆكدا سه‌رمایه‌داریى دڕنده‌گه‌رى ده‌چه‌سپێت له‌كاتێكدا كه‌ به‌ره‌و نه‌مان و ئاوابوون ده‌چوو. هه‌ر له‌سه‌رده‌مى ئه‌مدا ره‌گه‌زپه‌رستى و تۆقین له‌ بیانى و خه‌ڵكى بێگانه‌، چووه‌ته‌وه‌ ئاسته‌كه‌ى جارى جارانى، ئه‌مه‌یش له‌ سایه‌ى دروشمى (ئه‌مریكا یه‌كه‌مجار) ئیتر ئه‌وانى تر با بڕۆن بۆ دۆزه‌خ، هه‌ر رێك وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ هیتله‌ر دروشمى (ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌رووى هه‌موانه‌وه‌یه‌)ى به‌رزكردبووه‌وه‌. شه‌ڕ ده‌كات بۆ ركابه‌یكردنى ئینگلیز و فره‌نسا له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ میراتى داگیركاریى ئه‌مریكان و سه‌دان بنكه‌ى سه‌ربازیى تێیاندا دامه‌زراندوون و لێیانه‌وه‌ به‌ جبه‌خانه‌ زۆر ترسناك و چه‌كه‌ به‌وردیى ئامانجپێكه‌كانى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ جیهان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌ به‌كارهێنانى بۆمبه‌ زیره‌ك و گه‌مژه‌كانى ده‌كات بۆ راماڵینى هه‌ر كه‌سێك كه‌ دژى سیاسه‌ته‌كانى بێت و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانیشى ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ وازیان لێدێنێت و به‌ته‌نیا جێیاندێڵێت ئه‌گه‌ر ملكه‌چى فه‌رمانه‌كانى نه‌بن.

مۆر ده‌ڵێت "تره‌مپ به‌ هیتله‌ر به‌راورد ناكرێت به‌ڵكو هیتله‌ر به‌ تره‌مپ به‌راورد ده‌كرێت". بۆ روونكردنه‌وه‌ى ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ جیاوازییه‌كه‌ نازانن، وێنه‌ى سه‌ركرده‌ نازییه‌كه‌ ده‌گرێت كه‌ وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌مریكا قسه‌ ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت بیرۆكه‌كه‌ى كاتێك بۆ هاتووه‌ كه‌ له‌ساڵى 2016دا له‌ له‌نده‌ن فیلمى پێشووى (ئه‌مجاره‌یان كوێ داگیرده‌كرێت) ده‌ركردووه‌، چه‌ند رۆژێك پێش راپرسیى بریتانیه‌كان بۆ جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا. ئه‌وكاته‌ پێشبینیى سه‌ركه‌وتنى جودایخوازه‌كانى كردبوو، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ى چاوى به‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى كرێكاران كه‌وتبوو. ده‌ڵێت "رژێم فریویدان و سوودمه‌نیش نه‌بوون". به‌ته‌واوى وه‌ك چۆن سیستمى هه‌ڵبژاردن له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مریكاییه‌كانى خه‌ڵه‌تان و فریویدان تا ده‌سه‌ڵاتیان راده‌ستى تره‌مپ و یاوه‌رانى كرد كه‌ له‌ چینى ئۆلیگارشى-ن. 

ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كه‌ خاوه‌نى خه‌ڵاتى ئۆسكاریشه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت له‌ فیلمه‌ تازه‌كه‌یدا مه‌به‌ستى وێناكردنى خودى كه‌سیى تره‌مپ نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستى (تره‌مپییه‌ت/تره‌مپچێتى) و سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌تى. ده‌پرسێت:"چۆن گه‌یشتینه‌ ئه‌م ئاستى تێكشكاندنه‌؟. چۆن دواى زیاتر له‌ حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ نازییه‌ت له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ناوبرا، كه‌چى گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ داگیركردنه‌وه‌ى خۆرئاوا؟".

كاریگه‌ریى تره‌مپییه‌ت ته‌نیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كورت نابێته‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌مریكا تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا. ئه‌وه‌تا حزبه‌ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌ فره‌نسا و بریتانیا و ئه‌ڵمانیادا بڵاوده‌بنه‌وه‌ و له‌ ئیتاڵیا و ئیسپانیا و هه‌نگاریا سه‌رده‌كه‌ون. ئه‌وه‌تا ستیفن بانۆن یاریده‌ده‌رى پێشووى تره‌مپ ده‌چێته‌ برۆكسل بۆ یه‌كخستنى ئه‌م حزبانه‌ و یارمه‌تیدانیان بۆ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات. 

ره‌نگه‌ ئومێده‌كه‌ى مۆر به‌ڕاكێشانى ملیۆنان كه‌س تا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌نگ له‌ دژى ترامپیه‌ت بده‌ن نه‌یه‌ته‌دى و ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نیوه‌ییه‌كه‌ رێگه‌ له‌به‌رده‌م دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ خولێكى تر خۆش بكات، به‌ڵام فیلمه‌ تازه‌كه‌ى هاوارێكى تره‌ له‌م جیهانه‌ پڕ له‌ ئاشووب و تراژیدیایه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌ جیهانى عه‌ره‌بى دا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure