ئایا بەڕاست خانەنشین بوون؟!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ژاپۆن بە گەل و حكومەتەوە بۆ ئەكیهیتۆ-ی ئیمپراتۆر خەمبارە كە ساڵی 2019 خۆی خانەنشین دەكات. پێش ئەم بەروارە بە حەفتا ساڵ، زەحمەت بوو ژاپۆنیەكان خەون بە خانەنشینبوونی ئیمپراتۆرەكەیانەوە ببینن كە خۆی ناونا بوو"خوای خۆر". بەڵام لەدوای شكستەكانی جەنگی دووەمی جیهان، ئەویش گۆڕا بۆ مرۆڤێكی ئاسایی، دەمرێت و دەدۆڕێت و خانەنشینیش دەكرێت وەك هەر فەرمانبەرێكی سەر ئەم گۆی زەوییە. منیش لە دوێنێوە لەو ساتەدا دەژیم كە گەلی ژاپۆنیی تێدا دەژیا كاتێك لە هەواڵەكانەوە دەیخوێندەوە و گوێی لێدەبوو كە ئیمپراتۆرە خۆشەویستەكەیان خانەنشین دەبێت. تا ئەم ساتە بڕوام بەوە نەدەكرد كە دەكرێت بەڕێزان نوری مالیكی و ئەیاد عەلاوی و لەگەڵیشیاندا ئوسامە نوجێفی، رۆژێك لەڕۆژان بخرێنە خانەی خانەنشینبوونەوە. ئەوانە وەك خۆری درەوشاوە هەموو بەیانییەك لێمان هەڵدەهاتن بۆ بیرخستنەوەی ئەو هەموو پێشكەوتنەی كە پێیشگەیشتوین و وامانلێهاتووە لەڕووی پیشەسازیەوە ركابەریی ئەمریكا و ژاپۆن و ئەڵمانیا بكەین و لەڕووی خۆشگوزەرانییەوە بكەوینە پێش نەمسا و ڤیەننای پایتەختیەوە و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە دەوڵەتانی وەك هۆڵەندا و نەرویج ئیرەییمان پێ‌ ببەن.

وێنەیەك ئەم سێ‌ خۆرە پیشان دەدات كە چواردەورەی فوئاد مەعسوم-ی سەركۆماریان داوە و نیشانەی سەرسوڕمان بە روویانەوەیە. هەر بەڕاستی خانەنشین دەكرێن؟ هەرسێ‌ جێگرەكەی سەرۆك شایانی ئەوەن 30 ملیۆن بروسكەی سوپاسگوزارییان لە عێراقیەكانەوە ئاراستە بكرێت، ئەمەیش نەك هەر تەنیا لەبەرئەوەی پشتگیریان بوون و شانبەشانیان راوەستان كاتێك پەرلەمانی زیمبابۆی و حكومەتی جوزرولقەمەر فریویدان، بەڵكو لەبەرئەوەیش كە ئەمان زۆر گرنگترن چونكە بە پیشەگەری و لێهاتوویی و شایستەیی و بابەتیانەی خۆیان بەرگریكاری راستەقینە بوون لەو دەستكەوتە بێوێنەیەی كە پەرلەمان بەدەستیهێنا بۆ بڕینەوەی مووچەی 40 ملیۆن دیناری عێراقی (كاش) بۆ مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەیش تەنیا بۆئەوەی هێوربێتەوە و لەماڵەوە دانیشێت.
واز لەوەبێنە كە گەلی عێراق بە هەموو تایەفەكانیەوە، ئەم ملیۆنەها دینارە بۆ مەشهەدانی بەزۆر دەزانن بۆ كڕینی زنجیرەیەك كە (جهاد)ە ئاشكرا و نهێنیەكانی خۆیی تێدا دەربخات، بەڵام ئەو گەلەی كە لەلایەن ئیمپریالیزمی ئەمریكی و دەسەڵاتدارانی سعودیە و قەتەر و توركیاوە فێڵی لێكراوە، ئەگەر بێدەنگ بوایە لەبەرامبەر خانەنشینكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم و پەرلەمانتارەكانی پێشوو، ئێستا ئەم ملیۆنەها دینارەی بە چەندین هێندەوە و وەك ریكلامەكانی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ دەگەڕایەوە.

پێش نزیكەی پەنجا ساڵێك لەمەوبەر، ژەنراڵ دیگۆل خۆی خانەنشین كرد. چووە گوندێكی باشوری فرەنسا بۆ ئەوەی لەوێ‌ بژی، هیچی وای پێنەبوو جگە لەوەی بۆخۆی لەگەڵ جوتیارەكانی گوندەكەدا باسی بەروبوومە كشتوكاڵیەكانیان بۆ بكات. كەچی كەوتە نووسینەوە و تۆماركردنی گرنگترین نووسینێك كە سیاسەتمەدارێك لە مێژوودا نووسێبێتیەوە، ئەویش نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی بوو كە ناوینا "بیرەورەییەكانی هیوا". ئەوەی كە سەنگافورە-یشی بونیادنا، حەزی لە وتاردان نەبوو و كاتێكیش بڕیاریدا خانەنشین ببێت هەر عاشقی بونیاتنان بوو، بونیات و دروستكردنی شارەكان و مرۆڤەكان-یش، بۆیە بە درێژایی كاروانە سیاسیەكەی خۆی، بۆ جارێكیش لەسەر دوانگە و سەكۆ و بەرزاییەك رانەوەستا و چاوەڕێی بێت گۆرانیی بە شانوباڵدا هەڵبدرێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure