نامه‌یه‌ك بۆ دۆناڵد تره‌مپ

بۆچوون / بیروڕا :: 20/10/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لوه‌ته‌ن
به‌ڕێز دۆناڵد ترامپ، له‌پاش سڵاو:
خوا ئاگاداره‌ من دوعام بۆ كردیت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا سه‌ربكه‌ویت، ته‌نانه‌ت هاوسه‌ره‌كه‌یشم به‌ سه‌ركه‌وتنی تۆ داوای مژدانه‌ی لێكردم و گوتی: ئه‌وه‌ ئاشناكه‌ت ده‌رچوو. بێگومان منیش ده‌نگم ده‌دایتێ به‌ڵام نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشمده‌وێیت چونكه‌ هێنده‌ بێ زه‌ین نیم، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خراپه‌كارێكی ئاشكرایت، ئه‌وه‌ی له‌ دڵتدایه‌ له‌سه‌ر زمانیشته‌، وه‌ك هیلاری نیت دیپلۆماسی بیت و ماری بێ ئیجازه‌ بیت. سه‌ركه‌وتنی تۆم بۆیه‌ پێخۆش بوو بۆ ئه‌وه‌ی رووخساره‌ ناشرینه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕێی تۆوه‌ ده‌ربكه‌وێت.

ئێمه‌ میلـله‌تێكین ئه‌گه‌ر هیلاری پێیان بڵێت هۆ خه‌ڵكه‌ باشه‌كه‌ بڕۆن بۆ دۆزه‌خ، میلـله‌ته‌كه‌ی من وای لێكده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ قژزه‌رده‌ دڵدارییان له‌گه‌ڵ ده‌كات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ تۆدا مه‌سه‌له‌كه‌ جیاوازه‌... تۆ زۆر راشكاویت و ده‌سته‌كه‌ت ده‌خه‌یته‌ڕوو. به‌ ئاشكرا ده‌ڵێیت ئێمه‌ نه‌وتی عه‌ره‌بمان ده‌وێت، به‌ ئاشكرا ده‌ڵێیت حه‌زناكه‌ین عه‌ره‌ب و موسڵمان پێبخه‌نه‌ ئه‌مریكاوه‌. به‌ ئاشكرا ده‌ڵێیت ئیسرائیل هه‌رچییه‌ك بكات من پشتیوانی لێده‌كه‌م. تۆ پێمان ناڵێیت دژی نیشته‌جێكردنی جوله‌كه‌م و له‌ پشتیشه‌وه‌ پاره‌ی چیمه‌نتۆكه‌ بده‌یت به‌ ئیسرائیل. داوا له‌ ئیسرائیل ناكه‌یت له‌ به‌رامبه‌ر غه‌زه‌دا ددان به‌خۆیدا بگرێت و به‌ دزییشه‌وه‌ موشه‌ك بده‌یت به‌ نه‌تانیاهۆ موشه‌كبارانی غه‌زه‌ بكات.

جه‌نابی سه‌رۆك:
ئه‌زانی بۆچی ئه‌مریكا تۆی هه‌ڵبژارد؟ چونكه‌ تۆ رێك كۆپییه‌كی ئه‌مریكایت. خه‌سڵه‌ته‌كانی تۆ له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی به‌ڕێزدا ته‌نها خه‌سڵه‌تی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ چه‌ته‌یه‌كه‌. تووڕه‌ مه‌به‌ ئێستا بۆت روون ده‌كه‌مه‌وه‌... خاڵی یه‌كه‌م تۆ كه‌سێكیت بێ رۆشنبیریی. شاكیرا چه‌ند له‌ تیۆری رێژه‌یی ده‌زانێت تۆش هه‌رئه‌وه‌نده‌ له‌ سیاسه‌ت تێده‌گه‌یت. هیلاری له‌ دوو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا حه‌یای بردیت و بۆ هه‌موو كه‌سێكی سه‌لماند چه‌ند نه‌زانیت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵیانبژاردیت. به‌ ده‌نگ و به‌ وێنه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆییان دزه‌پێكرد كه‌ تیایدا شانازیی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌یت ده‌ستدرێژی ده‌كه‌یته‌ سه‌ر ژنان، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵیانبژاردیت. به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لماندیان خۆت له‌ ئه‌و باجه‌ دزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ داوا له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌یت بیده‌ن كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵیانبژاردیت. ژیانی خێزانیت مایه‌ی دڵتێكه‌ڵهاتنه‌ كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵیانبژاردیت. بڕوام پێ بكه‌ تۆ وێنه‌یه‌كی بچووككراوه‌ی ئه‌مریكایت. كۆپییه‌كی ناشیرینی ده‌وڵه‌تێكی ناشیرین كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆیش ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت له‌ یادی بۆمببارانكردنی هیرۆشیما و ناكازاكی به‌ بۆمبی ئه‌تۆمی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بچووكترین ئازاری ویژدان بكات.

جه‌نابی سه‌رۆك:
بێزار بووین له‌ ده‌مامك، وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكامان نیشان بده‌. بێزاربووین له‌ قسه‌ی خۆش و زمانی شیرین، قسه‌ ڕاسته‌كه‌ی ئه‌مریكامان بۆ بكه‌. بێزاربووین له‌وه‌ی كه‌ هه‌ست به‌ نیگه‌رانی و بێتاقه‌تی بكه‌ن له‌و رووداوانه‌ی به‌سه‌رمانا دێن چونكه‌ ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی دووگیانی و بێزووكردنه‌ نه‌ك نیشانه‌ی سیاسه‌ت. هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مریكامان نیشان بده‌ و مه‌ترسه‌ له‌وه‌ی بێ هیوا ببین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین به‌ڵام ده‌مانه‌وێت كاربه‌ده‌سته‌كانمان بزانن كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی یه‌كلایه‌نه‌یه‌. بێزاربووین له‌وه‌ی واخۆتان نیشان بده‌ن كه‌ داره‌كه‌تان له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ گرتووه‌، له‌ یه‌ك سه‌ره‌وه‌ بیگره‌ و بیكێشه‌ به‌ سه‌رماندا به‌شكو خه‌به‌رمان بێته‌وه‌.

جه‌نابی سه‌رۆك:
ڕاده‌ستكردنی كاروباری ده‌وڵه‌ت به‌ مرۆڤێكی گه‌وج خێراترین ڕێگایه‌ بۆ وێرانبوونی ئه‌و وڵاته‌. من له‌ خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ سه‌رده‌می تۆ سه‌ره‌تای ئه‌و وێرانییه‌ بێت، ساڵانی حكومداریشت به‌سه‌ر ئه‌مریكادا وه‌ك حه‌وت ساڵه‌ سه‌خته‌كه‌ی سه‌ر خه‌ڵكی میسر بێت له‌ زه‌مانی حه‌زره‌تی یوسفدا. تكایه‌ چۆنیت هه‌روابه‌، ڕێگه‌ مه‌ده‌ لغاوت بكه‌ن. تكایه‌ ئه‌مریكی به‌ به‌بێ هیچ سوراو و سپیاوێك. 

له‌ كۆتایشدا نامه‌كه‌م بۆ پادشا و میر و سه‌رۆكه‌كانی عه‌ره‌به‌، كه‌سیان لێده‌رناكه‌م و ده‌ڵێم هیچ كه‌س له‌ ترامپ پیستر و سووكتر نییه‌ بێجگه‌ له‌ ئێوه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure