دیموكراتى و مشه‌خۆره‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 16/10/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

به‌م دواییانه‌ جیهانى عه‌ره‌بى به‌ زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانیدا تێپه‌ڕى. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌یش بۆنه‌گه‌لێكى زانراون به‌ مێزڕازاندنه‌وه‌ و ژه‌مه‌خۆراكى زۆر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توانا مفته‌خۆریه‌كه‌ى هه‌ر له‌ناو ئه‌وانه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێبوارى مشه‌خۆر و خۆله‌وه‌ڕێنن. زۆربه‌كه‌مى شاره‌زا و پیشه‌وران بایه‌خ و بیركردنه‌وه‌ى شایانى خۆیان داونه‌تێ. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌یش بۆ ده‌گمه‌نیى ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵبژاردنانه‌ و رێكنه‌خستن و ئه‌نجامنه‌دانیان بگه‌ڕێته‌وه‌. كام مشه‌خۆرى ئه‌زمووندار و پیشه‌وه‌ر ژیانى خۆى له‌سه‌ر ئومێدى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن بنیاتده‌نێت؟ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانى مێژوو، له‌و كه‌سانه‌ى راسته‌وخۆ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دان، باسى كردووه‌. ده‌ڵێت هیچ ئومێدێك له‌سه‌ر ده‌عوه‌تكردن بۆ خواردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ڵناچنێت. كه‌س ناتوانێت چوارساڵ سكى خۆى هه‌ڵگوشێت و چاوه‌ڕێى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنێكى تر بێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌ هه‌موو بایه‌خ و گرنگیپێدانه‌كانى خۆیى تایبه‌ت كرددووه‌ به‌ كۆنگره‌ زانستیه‌كان.

به‌ڵام ئه‌مه‌ خه‌وش و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى مشه‌خۆرى پیشه‌وه‌ره‌. چونكه‌ به‌هیچ جۆرێك تێبینیى په‌یوه‌ندیى دینامیكیى نێوان ژیانى مشه‌خۆرى و دیموكراتیى نه‌كردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر مافى بیركردنه‌وه‌یان بدایه‌تێ ئه‌وا ده‌یانزانى كه‌ ده‌كرێت بۆ نموونه‌ تانه‌ى ساخته‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بده‌ن و داواى دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ى بكه‌ن، پاشانیش بایكۆتى هه‌ڵبژاردنه‌ تازه‌كه‌یان بكردایه‌ و ئینجا سه‌رله‌نوێ هه‌ڵمه‌تێكى تازه‌یان ده‌ست پێبكردایه‌. هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى تازه‌یش كۆده‌بێته‌وه‌ ئیتر شه‌ڕى توند تێیدا به‌رپاده‌بێت و ده‌بێته‌ چه‌پۆكوه‌شاندن و پێڵاوگرتنه‌ یه‌كتر. حكومه‌تیش ناچار ده‌بێت هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنێكى تازه‌ بكاته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵمه‌تى تازه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌پێت و ده‌بێته‌ پێویستى و هه‌ر مانگه‌ى جارێك به‌ مێزڕازاندنه‌وه‌ و میواندارى و ده‌عوه‌ت و ده‌عوه‌تكارییه‌وه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
به‌ڵام یه‌كێك له‌ هاوڕێ مێژوونووسه‌كانم به‌م توانایانه‌ سه‌رسام نه‌بوو و به‌ رووگرژییه‌كه‌وه‌ وتى:"قسه‌كه‌ت هاوڕێ گیان، فریوم نادات. هه‌ڵبژاردنێك ده‌ڕوات و هه‌ڵبژاردنێك دێت، خواردنه‌كه‌یش هه‌ر هه‌مان خواردنه‌، بامێى به‌ سیر و كوله‌كه‌ى كوڵاو و شیرینى به‌ گوێز. ژیانێكى نه‌گۆڕ و دووباره‌یه‌. منیش حه‌زم له‌ گۆڕین و جۆراوجۆرییه‌. بوارى من گۆڕه‌پانى كۆنگره‌ زانستییه‌كانه‌. هاوینى داهاتوو له‌ ئه‌ستانبوڵ كۆنگره‌یه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌لمه‌سعودى هه‌یه‌. ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌مان ده‌داتێ كه‌ چێژ له‌ كه‌بابى ماڵان به‌سه‌ر برنجى به‌ زه‌عفه‌ران-ه‌وه‌ ببینین. زه‌یتوونه‌كه‌ى ئیزمیر-یشت بیرنه‌چێت كه‌ به‌ تۆوى سنه‌وبه‌ر خۆشكراوه‌. هه‌ر ده‌نكێكى بایى هه‌موو ئه‌و خواردنانه‌ى ئێوه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا لێده‌نرێن". 
 
مامۆستاكه‌ى هاوڕێم به‌ زمانێكى مشه‌خۆرانه‌ى بڕوابه‌خۆبوونه‌وه‌ درێژه‌ى دا به‌ قسه‌كانى و  وتى:"له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مدا یه‌كده‌گرینه‌وه‌، مه‌به‌ستم هه‌مان ئه‌و گروپه‌یه‌، ده‌چینه‌ رۆما بۆ كۆنگره‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌رباره‌ى ماكیاڤیلـلى و كاریگه‌ربوونى به‌ ئه‌لغه‌زالى. ئێواره‌خوانى كۆنگره‌كه‌ له‌ چێشتخانه‌یه‌كى كافور ده‌بێت و هه‌روه‌ها گه‌شتى دوورگه‌ى كاپرى-یشى تێدایه‌ بۆ خواردنى رۆبیان و زینده‌وه‌رانى ترى ئاوى. دواى كۆنگره‌كه‌یش له‌گه‌ڵ سه‌عد و دكتۆر تۆفیق-دا ده‌چین بۆ ناپۆلى بۆ خواردنى پیتزاى ئه‌وێ".
    
براده‌ره‌كه‌م هه‌روا درێژه‌ى دا به‌ گێڕانه‌وه‌ و باسكردنى ورده‌كاریى به‌رنامه‌ زانستییه‌كه‌ى بۆ وه‌رزى 2019. له‌ تشرینى دووه‌م-دا له‌ فاس كۆسكۆس ده‌خۆین (تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ گۆشت و هاڕاوه‌ى گه‌نمه‌شامى و سه‌وزه‌وات و خۆراكه‌كانى تر. خواردنێكى تایبه‌تى ئه‌مازیغى و ناوچه‌كانیانه‌. ل) پاشان ده‌چینه‌ تاشقه‌ند بۆ خواردنى كافیار. له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌م-یشدا ده‌چینه‌ بۆداپست. 

هه‌ر كه‌ دكتۆره‌ مێژوونووسه‌كه‌ له‌ باسكردنى به‌رنامه‌ زانستییه‌كه‌ى بووه‌وه‌، كه‌وتمه‌ شه‌نوكه‌وكردنى ئه‌م پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونه‌ به‌رز و بڵنده‌ى كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا بوارى چالاكییه‌كانى مشه‌خۆرى و خۆله‌وه‌ڕاندنى گرتووه‌ته‌وه‌. بۆم روونبووه‌وه‌ كه‌ راكردن به‌دواى چێشتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌ به‌راورد به‌ میوانداریى كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و سیمیناره‌ زانستییه‌كان، وه‌ك راكردنه‌ به‌دواى خواردنى نان-ى پرسه‌دا كه‌ چاوه‌ڕێى بۆ گیانى كۆچكردوو ئاماده‌ بكرێت. ئه‌مه‌یش جه‌ختكردنه‌وه‌ و سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تادا وتم. دنیاى كۆنى گه‌نه‌خۆرى و خۆله‌وه‌ڕێنى و مشه‌خۆرى هێشتا خێرى خۆیى ماوه‌ و له‌ په‌ره‌سه‌ندنى به‌رده‌وامیشدایه‌. ئاهه‌نگه‌ ده‌ستكراوه‌كانى باڵیۆزخانه‌كان و گه‌شت و سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كانمان به‌سه‌ به‌و هه‌موو به‌رخ و كافیار و ماسى كوڵاو و برژاو و سووره‌وه‌كراوه‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure