كاتێك ئێزدیه‌كان لێمان ده‌ترسن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/10/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعاله‌م
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌خشینى خه‌ڵاتى نۆبڵ به‌ نادیه‌ موراد، ته‌نیا ده‌ستكه‌وتێكى كه‌سیى نییه‌، به‌ڵكو به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاره‌ساتى ئێزدیه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ ویژدانى جیهان. ئیدانه‌كردنى ئه‌و وه‌حشیگه‌ریه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامیه‌كانى ئێمه‌دا خۆى مه‌ڵاسداوه‌. ئیدانه‌كردنى خاڵه‌ ره‌شه‌ زۆره‌كانى ناو عه‌قڵ و ناو ره‌فتار و ناو مێژوو و ناو ئه‌و ویژدانه‌مانه‌ كه‌ خۆى له‌ گه‌لێك گێل و نه‌بان كرد كه‌ ده‌ستدرێژیى كرایه‌ سه‌ر ژنه‌كانى و هه‌موو به‌ها و نووسراوه‌كانى مێژووى و نه‌گۆڕه‌كانى كلتووره‌كه‌ى ئه‌تك كرا. ئیدانه‌كردنى ئه‌و هه‌سته‌ نه‌خۆشه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ى ته‌ماشاكه‌رانى دڵخۆشكرد-ئه‌وانه‌ى بازنه‌ى كاره‌ساته‌كه‌-دڵخۆشبوون به‌و وێنه‌ و بڕگه‌ ڤیدیۆییانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانى سه‌ربڕین و كوشتن و سه‌بیكردن و ده‌ستدرێژى و ته‌قینه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلى مینڕێژكراو بڵاوده‌كرانه‌وه‌ و به‌ سه‌ركه‌وتنى دین و عه‌قیده‌ و قه‌ومیه‌ت-یان داده‌نا، ئه‌مه‌یش یارمه‌تیده‌ر بوو له‌ فراوانبوونه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى دیارده‌ى داعشى له‌ بازنه‌ى مه‌یدانه‌وه‌ بۆ بازنه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ بازنه‌ى غه‌ریزه‌وه‌ بۆ بازنه‌ى تیۆریزه‌ و پاساو بۆهێنانه‌وه‌.    

داعش ته‌نیا هه‌ر رێكخراوێك نییه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك شه‌ڕكه‌رى قه‌ناعه‌قتهێنراو به‌ فیكرگه‌لى ده‌ره‌وه‌ى سه‌رده‌م و شوێن، پێكهاتبێت، به‌ڵكو ده‌ربڕ و گوزارشتێكه‌ له‌ خواست و ئاره‌زوویه‌كى گشتى كه‌ له‌ عه‌قڵى زۆربه‌ى گه‌لانى عه‌ره‌بى و ئیسلامى-دا هێلانه‌ى كردووه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ى ئه‌ویتر، ئه‌مه‌یش به‌رهه‌مى زنجیره‌یه‌ك تێكشكانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و وه‌همى كلتورى و چه‌پاندنى مێژوویی و ناڕوونیى تۆمار و كۆكراوه‌كان و بێهۆشیى فیكر و سووكیى عه‌قڵى ره‌خنه‌گرانه‌ و كه‌میى كاریگه‌ریى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا دروستیانكردووه‌. 

ئه‌وه‌ى له‌ عێراق روویدا ده‌كرێت له‌هه‌ر وڵاتێكى ترى عه‌ره‌بى یان ئیسلامى رووبدات. ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئێزدیه‌كان هێنرا ده‌كرێت به‌سه‌ر هه‌ر پێكهاته‌یه‌كى تردا بهێنرێت، چونكه‌ هیچ شتێك له‌وه‌ ئاسانتر نییه‌ یه‌كێكى تر بێنیت و بیخه‌یته‌ ریزى ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ ره‌وایى ده‌درێت به‌ كوشتنى و حه‌ڵاڵكردنى خوێن و ماڵ و ناموسى، چونكه‌ ئه‌و هۆكاره‌ى كه‌ هه‌سته‌كانى توندوتیژیى ده‌جووڵێنن رۆژانه‌ ئامراز و هۆكارى كلتورى كوشتن به‌رهه‌مدێنن ئه‌گه‌ربێتوو گه‌لانى عه‌ره‌ب و ئیسلامیى رزگاریان نه‌بێت له‌ فرۆشتنى عه‌قڵى خۆیان به‌و لاپه‌ڕه‌ زه‌رده‌ نووسراوانه‌ى كه‌ كاتیان به‌سه‌رچووه‌ و ملكه‌چى حه‌ز و ئاره‌زووى ژیانن له‌ وێرانه‌یى رابردووى دوور و تێپه‌ڕیوودا.
 
به‌هۆى هه‌ندێك چالاكوانى ئه‌م پێكهاته‌ به‌ڕێزه‌وه‌، پرسى ئێزدیه‌كان بووه‌ته‌ پرسێكى نێوده‌وڵه‌تى، له‌كاتێكدا هه‌موو حزب و دامه‌زراوه‌ عێراقییه‌كان نه‌یانتوانى خۆیان به‌ جیهان بناسێنن به‌وه‌ى كه‌ خاوه‌نى دۆز و پرسگه‌لى شایسته‌ به‌ سه‌رنجدان و ئاوڕلێدانه‌وه‌ى جیهانن، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ گۆڕینى كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كانى عێراق بۆ دۆز و پرسێكى وا كه‌ جیهان ئاوڕمان لێ بداته‌وه‌ و بازاڕگه‌رمیى ئه‌وه‌یان بۆ به‌ده‌ستبخه‌ین كه‌ سۆزى جیهان به‌لاى خۆماندا راكێشین له‌پێناو هێنانه‌ئاراى قۆناغێك بۆ ئیدانه‌كردنى ئه‌وانه‌ى كردوویانن و بۆ هێنانه‌ئاراى قۆناغى هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى له‌پێناو دژایه‌تیكردنى ئه‌و ژینگه‌یه‌ى كه‌ دیارده‌ى داهاتووى داعشیى تێدا سه‌رهه‌ڵده‌دات.

ئه‌مڕۆ، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌م بچمه‌ ناو عه‌قڵى هاووڵاتیه‌كى ئێزدى-یه‌وه‌، تێده‌گه‌م كه‌ ئه‌و بۆ چه‌ندین گرێى داهاتوو به‌رده‌وام له‌ سێكوچكه‌ى (ئیسلام، عه‌ره‌ب، عێراق) ده‌ترسێت، به‌ڵگه‌ى ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نادیه‌ موراد ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌كرد به‌ڵكو چووه‌ خۆرئاوا بۆ ده‌ربڕین و سكاڵاكردنى له‌و كاره‌سات و تراژیدیایه‌ى به‌سه‌ری هێنرا، چونكه‌ ئه‌و ده‌یزانێت پشتگوێى ده‌خه‌ین و گاڵته‌ى پێده‌كه‌ین و خۆمانى لێ گێل ده‌كه‌ین وه‌ك چۆن سووكایه‌تى به‌ مه‌رگى رۆژانه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌كانمان و ته‌نانه‌ت زیندووه‌كانیشمان ده‌كه‌ین.

(ئیسلام، عه‌ره‌ب، عێراق) ئه‌م سێ وشه‌یه‌ ترس ده‌خه‌نه‌ دڵى نادیه‌ و ده‌سته‌خوشكه‌كانیه‌وه‌. ئه‌م سێكوچكه‌یه‌ ئێزدى ده‌ترسێنێت و واى لێده‌كات كه‌ جارێكى تر له‌به‌رچاویدا نه‌هامه‌تى و مه‌رگه‌ساته‌كه‌ى دووباره‌ بكرێته‌وه‌. ئه‌و وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئایینى ئیسلام دژ و نه‌یار-یه‌تى چونكه‌ ئیسلام ئه‌و دروشمه‌ بوو كه‌ تیرۆریسته‌كان به‌كاریانهێنا بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنانى پێكهاته‌كه‌یان و پاساوى ئه‌وه‌یان پێهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ بازاڕى كۆیله‌داریدا بیانفرشن. ئه‌و وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب دوژمنى ئێزدیه‌كانه‌ چونكه‌ زۆربه‌ى ئه‌ندامانى داعش، ئه‌وانه‌ى ئه‌و تاوانانه‌یان ئه‌نجامدا، له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب بوون ئیتر له‌وانه‌ى ناوخۆى عێراق بووبن یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق. ئه‌و وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق دوژمنیانه‌ چونكه‌ عێراق نه‌ك هه‌ر نه‌یپاراستن و پارێزگاریى لێ نه‌كردن، به‌ڵكو بووه‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ئه‌و تاوانه‌ و هه‌ندێكیش له‌وانه‌ى به‌شداریى تاوانه‌كه‌یان كرد له‌و عێراقیانه‌ بوون كه‌ چووبوونه‌ ریزه‌كانى داعش-ه‌وه‌.

ئێستا هیچ شتێك له‌ بیرى مندا نییه‌ تا بتوانم ئامۆژگاریى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرێكوێره‌ ده‌روونیه‌ى پێبكه‌م كه‌ وه‌ك برینێكى قووڵ رۆچووه‌ته‌ ناخ و ویژدانى هاووڵاتیى ئێزدى-یه‌وه‌، به‌ڵام له‌وباوه‌ڕه‌دام ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌ ئێزدى-یه‌كه‌ى خۆمان بخه‌ینه‌وه‌ ناو دڵى نیشتمان و وایان لێبكه‌ین هه‌ست به‌ هاووڵاتیبوونى خۆیان بكه‌ن. 

پێشنیار بۆ حكومه‌تى عێراقى ده‌كه‌م كه‌ رۆژێك له‌ رۆژه‌كانى ساڵ دیاریى بكات بۆ بیرهێنانه‌وه‌ى مه‌رگه‌ساتى ئێزدیه‌كانى سه‌ر چیاى شه‌نگال و دڵدانه‌وه‌ و دڵنه‌وایى ئه‌م پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌ زامداره‌ و ره‌خساندنى ده‌رفه‌ت بۆ هه‌موو عێراقیه‌كان بۆ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ى كارته‌ نیشتمانیه‌كانیان و كردنه‌وه‌ى بوارى بونیاتنان و دروستكردنه‌وه‌ى پرده‌كانى متمانه‌ له‌ نێوان عێراقیه‌كان و رێزگرتن له‌ فره‌ كلتوریى سه‌ر ئه‌م خاكه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە