بۆچی ئەویترمان خۆشدەوێت؟!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

نووسینی: دەلال دیب
سەرچاوە: ئەللیوائـ
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

جارێكیان یەكێك لێی پرسیم:"بۆچی ئەویدی-مان خۆشدەوێت؟!". پرسیارەكە رایگرتم و خستمیە سەرسامییەوە! هەوڵمدا لەڕێی بەكارهێنانی هەموو ئەو وشە و دەربڕینانەوە وەڵامی بدەمەوە كە لە كۆمەڵگەكاندا بەكاردەهێنرێن و دەگۆڕدرێنەوە و لای خۆیشم بەهۆی ئەزموون و خوێندنەوەیانەوە كۆمكردوونەتەوە. بەڵام سوودی نەبوو. بە بزەیەكەوە وەك ئەوەی بەزەیی پێمدابێتەوە كە هیچی وا لەسەر خۆشەویستی نازانم، وەڵامی دامەوە: تۆ هەمان وشەكانی داپیرەت دەجوویتەوە!. وازمان لە قسەكردن هێنا بەو ئومێدەی جارێكی تر بە شێوەیەكی قووڵتر رۆبچینەوە ناو بابەتەكە.

گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و پرسیارەكەیش هەر لەگەڵمدا بوو و لەناخمدا دەمهێنا و دەمبرد. ویستم تەركیزی خۆم چڕ بكەمەوە بەڵكو شتێكی قووڵتر لە پرسیارەكەدا بدۆزمەوە، قووڵتر لەوەی دەیڵێین و دەیكەین، چوومە راڕەو و پێچاوپێچەكانی بیری خۆمەوە بۆ ئەوەی شتێك دەربێنم لەوانەی كە لە خۆمم شاردوونەتەوە. 
 
 قەت لەخۆتت نەپرسیوە:"بۆ ئەویترت خۆشدەوێت؟!" ئەو هەست و سۆزە چییە كە دەتبەستێتەوە بە كەسێكی ترەوە و هۆگری دەبیت و خۆشتدەوێت؟ ئایا بەستنەوەی بیروباوەڕەكانە؟ یان نزیكیی هەستەكان و یاخود راهاتن و ئالوودە بوون؟ یان تەنیایی و بۆشایی و هەستكردن بە كەمی و گوێپێنەدانت و...هتد؟
  
مرۆڤ هەست بەوە دەكات هەست و سۆزێكی بەهێزی بەرامبەر كەسێك هەیە و لە ئاستێكدایە كە پشت لە خۆی دەكات بۆ راگرتنی دڵی ئەو، هەستەكانی هێندە شپرزە و شڵەژاو دەبێت كە ئەگەر لێی دووربێت ناتوانێت كۆیانبكاتەوە و ئەگەر لێیشیەوە نزیكبێت ناتوانێت سەركوتیان بكات و بیانشارێتەوە. بەردەوام دەپرسێت: ئەم هەموو خۆشەویستیە بۆ ئەو بۆچ؟ ئایا لەبەر ئەوەی جوانە؟ كەسێتیەكی جیاوازە؟ خەسڵەتگەلێكی هەیە كە خەڵكانی تر نییانە؟  پرسیاری زۆر بە مێشكماندا دێن بێ‌ ئەوەی بگەینە ئەنجام. كە بێئومێدیش دەبین خۆبەدەستەوە دەدەین و دەڵێین: تەواو..خۆشمەوێت و بڕایەوە!!
 
ئایا خۆشەویستی ئەمەیە؟ لەناخی هەر مرۆڤێكدا شتی زۆری شاراوە و نهێنی هەیە كە تەنانەت ئەگەر بیشیاندۆزێتەوە و لێشیان تێبگات هێشتا هەر نایەوێت لە زیندان ئازادیان بكات و بەڕاستگۆیی گوزارشتیان لێ‌ بكات و ئەوەی كە دەیەوێت بەرامبەر ئەویتر دەریببڕێت و داوای لێ‌ بكات و پێی بڵێت كە لەبەر ئەمە دەیەوێت و خۆشیدەوێت، بێ‌ رەچاوكردنی ئەوەی كە ئەوی دی چیە و چۆنە. 

لەناخی هەموو كەسێكدا ململانێیەكی هەمیشەیی هەیە، دژی هەست و سۆزەكانی دەجەنگێت، وادەزانێت بەمە بەسەر خۆی و بەسەر ئەویدیكەیشدا زاڵ دەبێت و سەردەكەوێت. هەست و سۆزەكانی بەرامبەر كۆمەڵ و بەتایبەت لەبەرامبەر ئەویدی-دا، كە خۆشەویستیی بۆی هەیە، رووكەشانە دەردەبڕێت، دەكرێت هۆكاری ئەمە لە خۆبەزلزانین یان ئابڕوو یاخود هەڕەتی گەنجی و ئەو شتانەوە بێت!
 
با پێكەوە بیربكەینەوە و بەدوای ئەو هۆكارانەدا بگەڕێین كە وامان لێدەكەن ئەویترمان خۆشبووێت! لەناخەوە هەست بە تەنیایی دەكەیت، هەست بە نائارامی و نائاسوودەیی دەكەیت، هەست بە بێبایەخی و ناگرنگیی خۆت دەكەیت، هەست دەكەیت كەسێكی نەویستراویت، كەسێك نییە دڵنەواییت بكات یان گرنگییت پێبدات، كەسێكت دەوێت گوێت لێ‌ بگرێت، كەسێكت پێویستە ئازارەكانت كەم بكاتەوە، لەفەرامۆشیت دەربێنێت و باڵت پێبگرێتەوە و هەموو ساتێك پێت بڵێت "چەندم خۆشدەوێیت!".

هەموو ئەو هەست-انە بێزارت دەكەن، تا ئەو كاتەی ئەوی دی لەژیانتدا دەردەكەوێت و هەست بە ئاسوودەییەك دەكەیت كە پێشتر بەخۆتەوە نەبینووە! ژیانت گۆڕانكاریی تێدەكەوێت و قەناعەتی ئەوە بە خۆت دەكەیت كە ئەمە ئەو خۆشەویستیەیە زۆر چاوەڕێت كرد. دەڵێیت هەرچی لەپێناویدا دەیكەیت بۆ ئەوەیە كە خۆشتدەوێت! نكۆڵی لەوە دەكەیت كە تۆ لەترسی ئەوەی ونی نەكەیت وادەكەیت، چونكە بێگومان خودپەرستیەكەت تێر دەكات! ئەمە هات و ژیانی پڕ كردیتەوە و وایلێكردیت هەست بە بایەخ و بوونی خۆت بكەیت. گوێت لێدەگرێت. گرنگییت پێدەدات. هێز و تینت دەداتێ‌. بۆیە لەناخی خۆتدا دەزانیت كە تۆ چەند پێویستت بەویترە، هەر ئەویترێك بێت، هەرخۆشەویستیەك بێت. كەچی هەر كە وەختی دێت ئیتر هەموو ئەوانە دەگۆڕێن كە لێی راهاتبوویت، هەستەكانت ئاوەژوو دەبنەوە، هەست بە لێسڵەمینەوە و رقلێبوونەوە دەكەیت، دەتەوێت لەكۆڵت بێتەوە و لەدەستی رزگارت بێت.

ئیتر دەگەڕێیتەوە سەرەتا، هەتا ئەوكاتەی یەكێكی تر دێت و سەلەنوێ‌ چەند قومێكت دەداتێ‌ كە پێویستتە! ئێستا تۆبڵێی ئاخۆ لەبەر ئەم هۆكارانەیە كە ئەویدیمان خۆشدەوێت؟ یان شتێكی لەمە قووڵتر لە ئارادایە؟

ویستم تێڕوانینێكی ساكارانەی خۆم بۆ ئەم پرسیارە قووڵە دەربڕم، بەڵكو وەڵامی یەكلاكەرەوەی ئەو كەسە بدەمەوە كە ئەم پرسیارە گەورەیە دەكات!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure