نیشانه‌ى زبڵدانه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: 07/10/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید 
په‌ندێكى پێشینان هه‌یه‌ ده‌ڵێت (له‌ كه‌سى شاره‌زا بپرسه‌ نه‌ك له‌ پزیشك). پێده‌چێت ئێمه‌ له‌به‌رده‌م په‌ندێكى نوێدا بین و بڵێت (له‌ كه‌ناس بپرسه‌ نه‌ك كاربه‌ده‌ستان). پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ بریتانیا توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى له‌سه‌ر ئابورى ئه‌نجامدرا بۆ زانینى ئاستى وردیى پێشبینیه‌ ئابوریه‌كان كه‌ ملیاره‌ها دۆلار و چاره‌نووسى ملیۆنه‌ها مرۆڤى پێوه‌ به‌نده‌.
 
وه‌ك ده‌زانرێت، توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كان بۆ پێشبینیه‌ ئابوریه‌كان كه‌متر جێى باوه‌ڕ و جێگیرن، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ خه‌سڵه‌تى زانست بخرێته‌ پاڵ ماده‌ى ئابورى و وایداده‌نێن كه‌ توێژینه‌وه‌كانى بوارى ئابورى توێژینه‌وه‌گه‌لى ئه‌ده‌بى-ن نه‌ك زانستى.

له‌ هه‌وڵێكدا بۆ به‌دواداچوونى ئه‌مه‌، تیمێك له‌ توێژه‌ره‌وه‌كانى بریتانیا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ زانایانى ئابورى و وه‌زیرانى دارایى و خوێندكارانى ئۆكسفۆرد و به‌ڕێوه‌به‌رانى كۆمپانیاكان و هه‌روه‌ها كه‌ناسه‌كان!-یش ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ى بزانن پێشبینیه‌كانیان ده‌رباره‌ى ده‌ ساڵى داهاتووى ئابوریى بریتانیا چییه‌ و چۆنه‌؟

دواى تاوتوێكردنێكى ورد و چڕى وه‌ڵامه‌كانیان، ده‌ركه‌وت كه‌ وه‌ڵامى كه‌ناسه‌كان راست و واقیعیانه‌تر بوو له‌چاو وه‌ڵام و پێشبینیه‌كانى وه‌زیر و پسپۆر و به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستاكاندا. كاره‌ساته‌كه‌ له‌وه‌دا بوو پێشبینیى زانایانى ئابوریى زۆر درشت و ناڕاستتربوو به‌راورد به‌وه‌ى ئه‌وان!

هه‌موان به‌و ده‌ره‌نجامه‌ سه‌رسام بوون، به‌ڵام من لاى خۆمه‌وه‌ هه‌ستم به‌ هیچ جۆره‌ نامۆیى و سه‌رسوڕمانێك نه‌كرد، چونكه‌ كه‌ناسه‌كان كه‌ خۆڵ و پاشماوه‌كان ده‌ڕێژن، بینه‌رێكى به‌رده‌وامى ئه‌و كاره‌ن و خاوه‌ن ئه‌زموونى رۆژانه‌ى بواره‌كه‌ن. زبڵ و زبڵدانه‌كان باشترین ئاماژه‌ى دۆخى ئابوریین. زبڵدانه‌كان، كاتێك پڕ ده‌كرێن له‌ پارچه‌ى نان و چێشتى باش و میوه‌ى گه‌یوو، به‌ڵگه‌ى بارى خۆشگوزه‌رانى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و ده‌ستكه‌وتى باشه‌. كاتێكیش منداڵانى گه‌ڕه‌ك له‌ ده‌وروبه‌رى به‌رمیله‌كانى زبڵ كۆده‌بنه‌وه‌ و پاشماوه‌كانى ناوى ئه‌مدیودیوو ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه‌ ناوى، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ ئێران و سوریا هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌ بۆ كاره‌سات و خراپیى بارى ئابورى و گوزه‌ران. 

ته‌نانه‌ت ده‌كرێت شتى ئه‌ده‌بى و چێژى باو و ئاستى هه‌ست و ئیدراك له‌ ناو پاشماوه‌ و زبڵدانه‌كاندا بدۆزرێته‌وه‌، كاتێك ده‌بینن پڕه‌ له‌ رۆمانه‌كانى فڵان نووسه‌رى ناودار و دیوانه‌كانى فڵان شاعیرى به‌ناوبانگ و كتێبه‌كانى كارڵ ماركس بۆ نموونه‌، ئه‌مه‌ ماناى به‌رزیى ئاستى پێگه‌یشتنه‌. هه‌روه‌ها بوونى رۆژنامه‌كانى رژێمى حوكمڕان و كاربه‌ده‌سته‌ گه‌وره‌كان له‌ ته‌نه‌كه‌ خۆڵه‌كاندا نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكى له‌ ترس و گیانى خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان رزگاریان بووه‌ و ئاماده‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و قوربانیدان و راپه‌ڕینێكى ئانوساتن. 

ده‌رباره‌ى بڕى پاشماوه‌ و زبڵ، قه‌سه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: بڕى پاشماوه‌ له‌گه‌ڵ ئاستى خۆشگوزه‌رانیدا به‌راورد ده‌كرێت. له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كاندا زۆر به‌كه‌مى پاشماوه‌ى فڕێدراو ده‌بینیت و ته‌نانه‌ت ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ زمانى هه‌ندێك خێڵه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا هه‌ر نییه‌.

سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ دارایى و ئابورییه‌ گرنگه‌كانى وه‌ك (ئیكۆنۆمیست) و (فاینانشاڵ تایمز) زۆر جار باس له‌ جۆره‌ها ژماره‌ى ئاماژه‌ده‌رى بارى ئابوریى ده‌كه‌ن، وه‌ك نرخى سوود و نرخى زێڕ و نه‌وت و كانزا ده‌گمه‌نه‌كان، كه‌چى هیچ باس له‌ بڕى پاشماوه‌ و زبڵدانه‌كان و جۆره‌كانیان ناكه‌ن. ئه‌مه‌یش په‌ند و وانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانى بانقه‌كان و سه‌رۆكه‌كانى دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌ داراییه‌كان، په‌نده‌كه‌یش ئه‌مه‌یه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ دواى شاره‌زا و پسپۆرى ئاگادار له‌ كاروبارى ئابورى و دۆخى گشتى ده‌گه‌ڕێن، با له‌ ریزه‌كانى ژینگه‌پارێز و پاشماوه‌كۆكه‌ره‌وه‌ و كه‌ناسه‌كاندا بۆ یان بگه‌ڕێن، چونكه‌ له‌وێدا ده‌یاندۆزنه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure