خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌خشینى نۆبڵى ئاشتى به‌ نادیه‌ موراد

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


ده‌ستپێك:
له‌ چه‌ند پێگه‌یه‌كدا، كه‌ پێگه‌ى ئه‌لحیوار ئه‌موته‌مه‌دن یه‌كێكیان بوو، وتارێكم له‌ 2/1/2016 به‌ ناونیشانى (عێراق وه‌ك عێراق خۆى دۆڕاند، با هه‌وڵى (نۆبڵ) بۆ خانمه‌ ئێزدى نادیه‌ موراد بده‌ین..وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌ك) بڵاوبووه‌وه‌..رۆژان تێده‌په‌ڕن و نادیه‌ موراد-ى عێراقى/ئێزدى، كه‌ له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌ ده‌ستدرێژیى كرایه‌سه‌ر..خه‌ڵاتى نۆبڵ-ى پێده‌به‌خشرێت.

بابه‌ته‌كه‌:  
هه‌واڵى وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى له‌لایه‌ن نادیه‌ موراد-ى عێراقى/ئێزى، بڵاوبووه‌وه‌. هه‌واڵه‌كه‌ له‌ پێگه‌ى CNN ئاوا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌: ئه‌تڵانتا، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا 5/9/2018 (CNN)ـ ـ لیژنه‌ى نۆبڵ، هه‌ینى، رایگه‌یاند كه‌ خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتیى ساڵى 2018ى به‌خشیووه‌ته‌ نادیه‌ موراد كچه‌ چالاكوانى ئێزدیى عێراقى و ده‌ینیس ماكوێگ-ى پزیشكى كۆنگۆلى، ئه‌مه‌یش به‌هۆى هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆتایهێنان به‌ به‌كارهێنانى توندوتیژیى سێكسى وه‌ك چه‌كێك له‌كاتى ململانێ چه‌كدارییه‌كاندا. بیریت ریس ئه‌ندرسۆن سه‌رۆكى لیژنه‌ى نۆبڵ بۆ ئاشتى، له‌ میانه‌ى راگه‌یاندنى ناوى دوو براوه‌كه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌دا وتى: نادیه‌ موراد، كه‌ چه‌كدارانى رێكخراوى داعش دواى هێرشكردنیان له‌ ساڵى 2014 بۆ سه‌ر ئێزدیه‌كانى شه‌نگال له‌ عێراق، ده‌ستگیریان كردووه‌ و ده‌ستدرێژیان كردووه‌ته‌ سه‌ر "به‌ ئازایه‌تیه‌كى نائاسایى باسى له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانى خۆى و نه‌هامه‌تیى قوربانیه‌كانى تر كرد". هه‌روه‌ها سه‌رۆكى لیژنه‌ى نۆبڵ بۆ ئاشتى وتى: دكتۆر ده‌ینس ماكوێگ -ى كۆنگۆلى-یش كه‌ پزیشكى نه‌خۆشیه‌كانى ژنان و له‌دایكبوون-ه‌، ساڵانێكى زۆر كارى كردووه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى ده‌یان هه‌زار ژن و كچى قوربانیانى ده‌ستدرێژى و توندوتیژیى سێكسى، كه‌ له‌كاتى شه‌ڕه‌كانى كۆنگۆ له‌ ساڵى 1995 ه‌وه‌ وه‌ك چه‌كێك به‌كارده‌هێنرێت. سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌یشى روونكرده‌وه‌: په‌یامى ئه‌م ساڵى خه‌ڵاته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ "ژنان، كه‌ نیوه‌ى كۆمه‌ڵن، وه‌ك چه‌كێكى شه‌ڕ به‌كارده‌هێنرێن، بۆیه‌ پێویسته‌ پارێزگارییان لێ بكرێت و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستدرێژیكاران بكرێت و بدرێنه‌ دادگا". 
 
خوێندنه‌وه‌كه‌:
1- نادیه‌ موراد كچێكى ئێزدیى عێراقى گوندى كۆجۆ-ى قه‌زاى شه‌نگال-ى عێراقه‌. له‌دایكبووى ساڵى 1993 یه‌. له‌ مانگى ئابى ساڵى 2018 له‌گه‌ڵ عابد شه‌مدین-ى عێراقیدا، له‌ شارى توتگاد-ى ئه‌ڵمانیا هاوسه‌رگیریى كردووه‌. نادیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ قوربانیانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى-داعش كه‌ وه‌ك كه‌نیزه‌ك بردوویه‌تى ولاى خۆى گلیداوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌یانى داگیركردووه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌یى له‌ گونده‌كه‌دا كوشتووه‌، له‌وانه‌ دایكى و شه‌ش براى.
2- له‌ ئه‌یلولى ساڵى 2016 دا نووسینگه‌ى تایبه‌ت به‌ ماده‌هۆشبه‌ر و تاوانه‌كان-ى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌ فه‌رمى نادیه‌ موراد-ى دامه‌زراند به‌ باڵیۆزى نیازپاكیى له‌پێناو شكۆى رزگاربوانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌. رێكخراوه‌كه‌ وتى ئه‌م دامه‌زراندنه‌ فه‌رمییه‌، كه‌ رێوشوێنه‌كانى له‌ ناوه‌ندى سه‌ره‌كیى رێكخراوه‌كه‌ له‌ نیویۆرك به‌ڕێوه‌چووه‌، بۆیه‌كه‌مجاره‌ ده‌درێته‌ كه‌سێكى ده‌ربازبووى كاره‌ساتێكى له‌مجۆره‌.
3- نادیه‌ موراد زۆر وڵات و هه‌ندێك ناوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تیى به‌سه‌ركرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جیهان له‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ى تێبگات كه‌ به‌ده‌ست داعش-ه‌وه‌ چه‌شتووه‌یه‌تى. له‌وانه‌: له‌ 16/12/2015 دا وته‌یه‌كى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش-ه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد. سه‌ردانى چه‌ند وڵاتێكى كرد وه‌ك: سوید و فره‌نسا و شانشینى یه‌كگرتووه‌ و ئیتاڵیا و ....، پاشان سه‌ردانى عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسرى كرد و دواى ئه‌ویش له‌ مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2015 دا سه‌ردانى ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب شێخى ئه‌زهه‌ر-ى كرد، هه‌ر بۆ زانیارییش شێخى ئه‌زهه‌ر داعش-ى به‌كافر ناونه‌بردووه‌ كه‌ سه‌به‌بكارى چه‌رمه‌سه‌ریى ئه‌م كچه‌یه‌. له‌ كه‌ناڵى ئه‌لبه‌غدادیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر ئه‌لحه‌مدانى له‌به‌رنامه‌ى ستۆدیۆى نۆیه‌م ده‌ركه‌وت و چیرۆكى رفاندنه‌كه‌ى له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌. دواى ئه‌وه‌یش به‌یاوه‌ریى عۆن حسێن ئه‌لخه‌شلۆك به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌ناڵى ئه‌لبه‌غدادیه‌ سه‌ردانى پرۆكۆپیس پاڤلۆپۆلۆس سه‌رۆكى یۆنان-ى كرد.
4- ئاسان نییه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م نادیه‌ موراد-ه‌ بكه‌یت. به‌ڵام ژیان پشتیوانیى كرد و تۆڵه‌ى كرده‌وه‌، ژیان تۆڵه‌ى سته‌م و زۆرداریى بۆ كرده‌وه‌، چونكه‌ له‌ قێزه‌ونیى ده‌ستدرێژى و دڕنده‌یى ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه‌، هیوا له‌دایكده‌بێت. دڕنده‌یى داعش ناوى ده‌خاته‌ هه‌واڵه‌كانى ئه‌مڕۆوه‌ و هه‌واڵى وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتیى بڵاوده‌وكرێته‌وه‌، له‌ولایشه‌وه‌ داعش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌نوێلكى بێئابڕوویى مێژووه‌وه‌.  
5- بنه‌ماكانى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى له‌ نموونه‌ى داعش، میرات و جێماوه‌ى ئیسلامییه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ له‌سه‌ره‌تاى بانگه‌وازى ئیسلامیدا روویانداوه‌، به‌ڵام پیاوانى ئیسلام هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت رووى شه‌رمهێنیان جوان و رتووش بكه‌ن، به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌یه‌. پێگه‌ى (ئه‌لمه‌وزوع) ئه‌مه‌ روونده‌كاته‌وه‌. 
6- لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: مێژوو له‌ حه‌قیقه‌ته‌كانى ئه‌م رووداوه‌دا چیمان بۆ ده‌رده‌خات؟! من وایده‌بینم ئه‌و كرده‌وه‌ دڕنده‌ییانه‌ى داعش كردوونى و یه‌كێكیان ئه‌مه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر (نادیه‌ موراد)دا هێنراوه‌، له‌ بۆشاییه‌وه‌ و هه‌روا له‌خۆوه‌ نه‌هاتووه‌، چونكه‌ له‌ ده‌قى كتێبدا هه‌یه‌ و هیچ گومان و بێنه‌وبه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت. له‌ پێگه‌ى (مولته‌قا ئه‌هل ئه‌لته‌فسیر)دا به‌كورتى باس له‌ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیل-دا كراوه‌ و ئایه‌تێكى تێدا روونكراوه‌ته‌وه‌. پوخته‌كه‌ى ده‌ڵێت: یه‌كه‌م/ دیل بكوژرێت ئه‌گه‌ر حوكمڕان پێیوابوو كه‌ ده‌بنه‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت. دووه‌م/ به‌خشین، واتا ئازادكردنى دیل بێ به‌رانبه‌ر. سێیه‌م/ فیدیه‌، واتا ئازادكردنى دیل به‌ پاره‌. چواره‌م/ كۆیله‌یى، واتا ژن و منداڵه‌ دیله‌كان ده‌كرێنه‌ كۆیله‌ و ده‌خرێنه‌ ناوه‌نده‌ تایبه‌ته‌كانى كۆیله‌دارییه‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ى دیل و مامه‌ڵه‌ى زۆره‌ملێ و وه‌حشیگه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ دیل-دا، په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌له‌پورى ئیسلامیه‌وه‌. به‌ڵگه‌ى تریش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌یه‌.

ده‌ره‌نجام:
من وایده‌بینم پێویسته‌ مه‌رجه‌عه‌ ئیسلامیه‌كان دان به‌وه‌دا بنین كه‌ خاتوو نادیه‌ موراد قوربانیى میراتى جێماوى ئیسلامییه‌ نه‌ك قوربانیى داعش، چونكه‌ داعش زایینده‌ى ئه‌و میراته‌ پڕ له‌ كوشتوبڕ و توندوتیژیه‌یه‌!. رێزنانى كۆمه‌ڵى مرۆڤایه‌تیش بۆ نادیه‌ موراد داكشانى ئه‌و میراته‌یه‌ و هه‌ڵكشانى ئه‌م كیژۆڵه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕى ئازایه‌تى و بێباكییه‌وه‌ ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ى خۆیى گێڕایه‌وه‌ كه‌ كۆیله‌كانى میراتى ئیسلامى به‌سه‌ریانهێناوه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆیه‌وه‌ هه‌تا كوشتنى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و كه‌سوكاره‌كه‌ى. به‌پێویستى ده‌زانم كه‌ جیهان به‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانیه‌وه‌، ئیدانه‌ى ئه‌و میراته‌ بكات كه‌ به‌ په‌ڵه‌یه‌كى شه‌رمى ده‌زانم به‌ رووى مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ كافریان ده‌زانێت كه‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه‌كانى خۆیدا نایه‌نه‌وه‌!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure