داهاتووى ئه‌ورپا له‌ چنگى پۆپۆلیستیدا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


ئه‌و شێوازه‌ هه‌رچۆنێك بێت كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و بریتانیا پێیده‌گه‌ن و له‌سه‌رى رێكده‌كه‌ون بۆ ده‌رچوونى بریتانیا له‌ رێكخراوى یه‌كێتى ئه‌وروپا(بریكزێت)، به‌ڵام هێشتا ئه‌و دوو لایه‌نه‌ داڕێژراو یاخود گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى ئه‌وروپا له‌م سه‌ده‌یه‌دا. كارى هاوبه‌شى ئه‌ورپا، ساڵى 1956 به‌ دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌ى ئه‌ورپى بۆ خه‌ڵوز و پۆڵا و به‌ ئه‌ندامێتیى فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و سێ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى (به‌نه‌لۆكس) ده‌ستى پێكرد. له‌سه‌ده‌ى بیست-یشدا پێشكه‌وت و بووه‌ یه‌كێتیه‌كى 28 ده‌وڵه‌تى. ئێستا ئه‌و یه‌كێتیه‌ رووبه‌ڕووى ئاڵنگارییه‌كى چاره‌نووسسازى بێوێنه‌ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى ته‌نیا هه‌ر (بریكزێت) نییه‌، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵكشانى پۆپۆلیستى-یشه‌ به‌ راست و چه‌پى ژیانى سیاسیى ئه‌وروپادا كه‌ له‌ دواى جه‌نگى جیهانییه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بكه‌وێته‌ ئه‌م دۆخه‌ دژوار و ته‌نگه‌تاوه‌وه‌.

ئه‌وه‌ى سیاسه‌تى ئێستاى ئه‌وروپا جیاده‌كاته‌وه‌، سه‌رهه‌ڵدانى نموونه‌گه‌لى ناڕوونن له‌ شێواز و ره‌فتارى هه‌ڵبژاردندا، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ راچه‌نین و شڵه‌قانى كتوپڕ و له‌ناكاوى ئابورى و هه‌روه‌ها قه‌یرانى لێشاوى په‌نابه‌ران، هه‌موو ئه‌مانه‌ یارمه‌تیده‌ربوون بۆ به‌خێرایى سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستیه‌كان به‌سه‌ر راست و چه‌پى حزبه‌كاندا و قۆستنه‌وه‌ى شكستى كارى هه‌ڵبژاردن له‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى حزبه‌ سیاسیه‌كاندا به‌ هه‌موو راستڕه‌وى نێوه‌ند و چه‌پڕه‌و-یشیه‌وه‌.
 
له‌و كاته‌وه‌ى له‌ ساڵى 2016ه‌وه‌ راپرسیى له‌سه‌ر بریكزێت كراوه‌، بابه‌تى زۆر نووسراوه‌ و توێژینه‌وه‌ى زۆر كراون وه‌ك هه‌وڵێك بۆ تێگه‌یشتن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى پۆپۆلیستیى رادیكاڵى له‌ناو حزبه‌ راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وه‌ ئه‌وروپاییه‌كاندا؟. له‌كاتیكیشدا زۆربه‌ى توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان كه‌ ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ پۆپۆلیستیه‌ به‌توندى كایه‌ى سیاسیى ته‌قلیدیى سیاسه‌ته‌ هاوچه‌رخه‌كانى ئه‌وروپا ده‌شڵه‌قێنێت، له‌ كات و سه‌رده‌مێكدا كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ دواى جه‌نگه‌كه‌وه‌ قه‌یرانى وا گه‌وره‌ى به‌خۆوه‌ى نه‌دیوه‌، كه‌چى توێژینه‌وه‌یه‌ك نه‌كراوه‌ قووڵ و قاڵبێته‌وه‌ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ و كاریگه‌ریى ئه‌م گۆڕانكارییه‌ بنه‌ڕه‌تى و جه‌وهه‌رییانه‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌ى راى گشتى بۆ په‌یڕه‌وكردنى مافى خۆى له‌ ده‌نگدان و چانسه‌كانى دیارده‌ تازه‌كه‌ له‌ راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وى پۆپۆلیستى له‌سه‌ر ئاستى بڕیاره‌ نیشتمانییه‌كان.

ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى سوید ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات ئه‌م دیارده‌یه‌ دیارده‌یه‌كى راگوزه‌ر یاخود تایبه‌ت نییه‌ به‌هۆى ئه‌و شڵه‌قانه‌وه‌ كه‌ هه‌موو حزبه‌كانى هه‌ژاند. پارتى سوسیال دیموكرات، دڵى به‌وه‌ خۆشبوو كه‌ به‌ته‌واوى هه‌ره‌سى نه‌هێنا و وه‌ك هاوشێوه‌كانى له‌ هۆڵه‌نده‌ و ئه‌ڵمانیا-ى لێنه‌هات، ئه‌گه‌رچى ده‌نگه‌كانى له‌چاو ساڵى 2014 دا به‌ڕێژه‌ى 3% دابه‌زیوه‌. هاوبه‌شه‌ حكومیه‌كه‌یشى (پارتى سه‌وز) به‌وه‌ ئاسووده‌یه‌ كه‌ هێشتا له‌ په‌رله‌ماندایه‌. هه‌روه‌ها راستڕه‌وى نێوه‌ند-یش (میانڕه‌وه‌كان) دڵخۆشه‌ ئه‌گه‌رچى به‌شى ئه‌مانیش له‌ 5،23% وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ20%. له‌به‌رامبه‌ردا راستڕه‌وى توندڕه‌و (دیموكراته‌كانى سوید) 13%ه‌وه‌ به‌شه‌كه‌یان زیادى كردووه‌ بۆ نزیكه‌ى 18%، ئه‌مه‌یش ده‌یخاته‌ پێگه‌ى به‌هێزى دانوستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ركام له‌ دوو حزبه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێدا. هه‌روه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌ره‌وپێشچوون و زیادبوونى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تى له‌ دوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى به‌دواى یه‌كى 2014 و 2018 دا.

هاوشێوه‌ى سوید، له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانى ترى ئه‌وروپادا حزبه‌ راستڕه‌وه‌كان و راستڕه‌وه‌ نێوه‌نده‌كان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌ یه‌ك به‌دواى یه‌كه‌كاندا ده‌ستكه‌وتى باشتریان به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌راورد به‌وانى دیكه‌. حزبه‌ چه‌په‌نێوه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كان پاشه‌كشه‌یان كرد، ئه‌مه‌یش زیانه‌كانى ئه‌و حزبانه‌ ده‌رده‌خات له‌ قۆناغى دواى قه‌یرانى ئابورى و كۆچ به‌ ئه‌وروپادا. ره‌نگه‌ حزبه‌ چه‌په‌ رادیكاڵه‌كان له‌كۆى ده‌نگه‌كانیاندا شتێك چووبنه‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ راستڕه‌وى توندڕه‌و به‌ده‌ستیهێناوه‌.

خه‌سڵه‌تێكى سه‌ره‌كیى هه‌یه‌ كه‌ حزبه‌ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان جیاده‌كاته‌وه‌، ئه‌ویش زۆربوونى خێراى پشتگیریكردنى جه‌ماوه‌رییه‌ به‌هۆى قه‌یرانى كۆچه‌وه‌. ره‌نگه‌ باشترین دوو نموونه‌ى ئه‌مه‌یش ئه‌و كاریگه‌رییه‌ بێت كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كانى 2017ى نه‌مسا و 2018ى ئیتاڵیا به‌ده‌ركه‌وت. له‌ یه‌كه‌میاندا حزبى ئازادى له‌گه‌ڵ حزبى گه‌ل، راستڕه‌وى نێوه‌ند چووه‌ ئیئتیلافه‌وه‌ و له‌ دووه‌میشیاندا ئیئتیلافى حكومى له‌نێوان راستڕه‌وى رادیكاڵى و بزووتنه‌وه‌ى پێنج ئه‌ستێره‌كه‌دا پێكهێنرا.

هه‌رچى ئه‌و حزبه‌ چه‌په‌ رادیكاڵانه‌یشه‌ كه‌ ده‌ستكه‌وتى گرنگیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نیشتمانیه‌كاندا به‌ده‌ستهێنا، وه‌ك فراكسیۆنى چه‌پڕه‌و له‌ پرتوگال كه‌ رێژه‌یه‌كى تازه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى ساڵى 2015 تۆماركرد. هه‌وه‌ها حزبه‌كانى ترى وه‌ك سیریزا له‌ یۆنان و بۆدیمۆس له‌ ئیسپانیا كه‌ پێشكه‌وتنێكى به‌رچاویان له‌ گرێى رابردوودا به‌خۆیانه‌وه‌ بینى، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانرێت كه‌ ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ گشتگیر نه‌بوو، چونكه‌ هه‌ندێك له‌و حزبانه‌ چانسێكى كه‌متریان هه‌بوو له‌چاو هاوشێوه‌ ئه‌وروپاییه‌كانیاندا.

له‌ڕاستیدا پرسیاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ پێشكه‌وتنى حزبه‌ راستڕه‌وه‌ رادیكاڵه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا روون ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دوو هۆكارن: یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته‌ به‌ ستراتیژیه‌تى حزبه‌ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌. به‌لاى ده‌نگده‌رى ئاساییه‌وه‌ ساده‌ و ئاشكرایه‌ كه‌ ته‌ركیزى به‌رده‌وامى له‌سه‌ر كۆچ بێت و بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى خودى ئه‌و ده‌نگده‌ره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها تووڕه‌ییان له‌ بێرۆكراتیه‌تى یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى. دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ راستڕه‌وى رادیكاڵى بنكه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردنى هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى رێكخراو له‌لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌وه‌ به‌ئامانجده‌گیرێت، ئه‌م بنكه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ له‌وه‌ فراوانتره‌ كه‌ حزبه‌ چه‌پڕه‌وه‌كان هه‌یانه‌. به‌ڵگه‌گه‌لى زۆریش هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ حزبه‌ راستڕه‌وه‌كان سه‌ركه‌وتووبوون له‌ راكێشانى رایگشتى به‌شێوه‌یه‌كى فراوان، به‌تایبه‌ت راكێشانى چینه‌ كرێكاره‌ ته‌قلیدیه‌كه‌. له‌مه‌دا ئه‌مان سه‌ركه‌وتووتربوون به‌راورد به‌ تواناى حزبه‌ چه‌په‌ نێوه‌نده‌كان. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لێهاتوویى له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كۆچ به‌شێوه‌یه‌كى شاره‌زایانه‌ و كاریگه‌رانه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئاماده‌كاریى جه‌ماوه‌ریدا.
 
كه‌واته‌ ساكارى و راشكاوى له‌ په‌یامى راستڕه‌وى رادیكاڵدا بۆ جه‌ماوه‌رى ئه‌وروپا، دوو كلیلى سه‌ركه‌وتنى حزبه‌كانیانه‌. ئه‌م په‌یامه‌ به‌رده‌وام وێنه‌ى نیشتمان و سامانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى و مێژووه‌كه‌ى هه‌ڵده‌گرێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌ چاره‌نووسسازه‌كان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ گه‌ل و ئایینده‌ى گه‌ل، له‌مه‌یشدا كۆچ له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌یه‌. هه‌موو توێژینه‌وه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ چۆن ترسه‌ میلـلییه‌كان بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى گوتار و داتاكانى راستڕه‌وى رادیكاڵى. ئه‌وه‌ى ئه‌م په‌یامه‌ جیاده‌كاته‌وه‌، زۆر له‌پێش په‌یامى چه‌پى نێوه‌ند و ته‌نانه‌ت راستڕه‌وى نێوه‌ندیشه‌وه‌یه‌، له‌ ساده‌یى و خێرا گه‌یشتنیه‌تى به‌ جاماوه‌ره‌كه‌.
 
له‌به‌رامبه‌ردا و به‌ پێچه‌وانه‌ى راستڕه‌وه‌كان، هێشتا چه‌په‌كان، به‌ نزیكه‌ى هه‌موو شێوه‌كانیانه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ى بیر و (ئه‌فكار)ێكن كه‌ به‌لاى هاووڵاتیى ئاساییه‌وه‌ تێگه‌یشتنیان قورس و زه‌حمه‌تن. ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ زۆر ره‌ق و ئه‌بستراكتن و ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌و سیاسیانه‌یه‌ كه‌ ناتوانن له‌ژێر كه‌واى بیر و تیۆره‌ ئاڵۆزه‌كان بیچنه‌ ده‌ره‌وه‌. سیاسیه‌كان شكستدێنن له‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ بیر و بیركردنه‌وانه‌ بگۆڕن بۆ دروشمى ساده‌ و ساكارى واى كه‌ راسته‌وخۆ كار له‌ هه‌ستى هه‌ڕه‌مه‌كى بزواوى جه‌ماوه‌ر بكات. شكستى روون و ئاشكراى چه‌پ له‌ داڕشتنى سیاسه‌ته‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، خزمه‌تى پرس و دۆزه‌كه‌ى ناكات به‌تایبه‌ت بێتوانایى له‌ پێشكه‌شكردنى راڤه‌ و شرۆڤه‌یه‌كى راسته‌وخۆ  كه‌ كێبڕكێى ئه‌و په‌یامانه‌ بكات كه‌ راستڕه‌و هه‌یه‌تى ده‌رباره‌ى ئابورى و كۆچ. باره‌كه‌ وا كه‌وتووه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌پى ئه‌وروپا زۆرجار خۆى بدزێته‌وه‌ و رابكات له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌ پێویسته‌كانى رۆژانه‌دا. ئه‌مه‌یش به‌پێچه‌وانه‌ى راستڕه‌وه‌كانه‌وه‌یه‌.
  
به‌هه‌ر حاڵ، راستڕه‌وى رادیكاڵى له‌ پێش زۆربه‌ى حزبه‌كانى تره‌وه‌یه‌ له‌ پێشكه‌شكردنى په‌یامى ئاشكراى پۆپۆلیستى كه‌ بابه‌تگه‌لى ئاڵۆز له‌خۆده‌گرێت، وه‌ك جه‌دواى یه‌كێتى ئه‌وروپا و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى كه‌ كۆچ له‌سه‌ر پاروه‌نانى هاووڵاتى دروستى ده‌كات. به‌مه‌یش ده‌ستكه‌وتى هه‌ڵبژاردنه‌كانى بۆخۆى چنیوه‌ته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر چه‌پ و چه‌پڕه‌وى نێوه‌ند ده‌ستنه‌ده‌نه‌ گوتارى روونتر بۆ ئه‌و پرس و دۆزانه‌ى كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى جه‌ماوه‌ره‌وه‌، ئه‌وا بوارێكیان له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بێجگه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ و كشانه‌وه‌ى زیاتر و له‌ده‌ستدانى كاریگه‌رییان له‌ بڕیار و بڕیارداندا.. دواتریش نامێنن و تیاده‌چن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure