ئایا لە گۆڕینی رووی ئەوروپادا سەركەوتوو دەبن؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: سەمیر مورقس
سەرچاوە: ئەلئەهرام
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

بە لێوردبوونەوەیەكی شێنەیی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی هەریەك لە فرەنسا و ئەڵمانیا و نەمسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و سوید و هەنگاریا و دەوڵەتانی تری ئەورپا، ئەوە دەردەكەوێت كە گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گەورە لە دەوڵەتانی كیشوەری ئەوروپادا روودەدات و رەنگە لە داهاتوودا رەگوڕیشەی سیمای ناوچەكە بگۆڕێت. كەواتە ئەو پێدراوانە كامانەن كە وا لە چاودێرانی سیاسیی دەكەن جەخت لەو راستیەی سەرەوە بكەنەوە؟
سێ‌ پێدراوی روون و ئاشكرا هەن بە ئاراستەی ئەوەی كە پێكهێنان و دامەزراندنی ئەوروپایەكی دیكە بەڕێوەیە. پێدراوی یەكەمیان ئەوەیە چۆنیەتی و قەوارەی هەڵبژاردنەكان كە بۆ چەندین گرێیە جێگیر و تاڕادەیەكی زۆر نەگۆڕە-لە زۆربەی دەوڵەتە ئەورپییەكاندا- تووشی گۆڕانی توند بوونەتەوە، ئەمەیش بەهۆی چوونەناوەوەی دەستە و گروپی دەنگدەری تازەی كۆمەڵایەتی بۆ ناو ئەو قەوارە و پێكهاتانە كە كاریگەریی هەبووە لەسەر ئەنجامی پرۆسەكانی هەڵبژاردنەكان و تێكدانی هاوسەنگیی ئەو هێزە سیاسیانەی كە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە باویانە و لە گۆڕەپانەكەدان و گۆڕینی لە بەرژەوەندیی پێكهاتە و گروپی تازەی سیاسی كە لە نێوان راستڕەوی پۆپۆلیستیی نەتەوەیی و چەپی بزاوتی نوێدا لەهاتووچۆدان، هەروەها كشانەوە وداكشانی زۆرێك لە حزبە كۆن و دێرینەكان.  
پێدراوی دووەمیش، رێكوپێكیی ئەو گروپە سیاسیە كۆمەڵایەتییانەیە كە لە چینەكانی خوارەوە دەركەوتوون و لەشێوەی پێهاتەی تازەی مەدەنی لە دەرەوەی دامەزراوە حزبیە باوەكانی چەندین گرێی رابردوودا، سەریانهەڵداوە و هاتوونەتە مەیدانەكەوە. لەم رووەوە بزووتنەوە و حزبی تازەی راستڕەو دامەزراون لە نموونەی: ئازادی-ی هۆڵەندا و بۆ پێشەوە-ی فرەنسا و ئەڵتەرناتیڤ لەپێناو ئەڵمانیا-ی ئەڵمانیا. هەروەها چەپەكانی لە نموونەی: فینلەندییە راستەقینەكان-ی فینلەندا و هاوپەیمانی چەپی نوێ‌-ی ئەڵمانیا و نەوە لە مەینەتدا-ی پرتوگال. هەروەها نێوەندیش لە نموونەی: گەل-ی دانیمارك، هەروەها بزووتنەوە جەماوەرییەكانی لە نموونەی: بۆدیمۆس-ی ئیسپانیا و پێنج ئەستێرەیی-ی ئیتاڵیا و شەووەستاوەكان-ی فرەنسا و سیرێزا-ی یۆنانی.
سێیەم پێدراویش، ئەوەیە كە ئەگەرچی هەردوو دۆسیەی كۆچكردن بەرەو ئەوروپا (بە رەسمی و ناڕەسمییەوە) و زیادەڕەوی/توندوتیژی، دوو دۆسیە بوون كە زۆر باسكران و دەرخران و كرانە چەقی كێبڕكێكانی هەڵبژاردنەكان، بەڵام واقیعەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەم دوو دۆسیەیە وەك دەروازەیەكن بۆ كردنەوەی بەشێكی زۆری دۆسیە زۆر مەترسیدار و گرنگەكان، لە دەستدەبردن بۆ ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ئێستادا هەیە و لەلایەك ئەوروپا بە ماندوو ناودەبات لە رووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و كلتوری، لەلایەكی تریشەوە ئەو ئاراستەگیرییەی كە رەنگە هەموو یەكێتی ئەوروپا ملی بۆ بنێت.
 ئەگەرچی دەستەبژێرە سیاسیەكەی ئێستا كە چەندین گرێیە قۆرخی دەسەڵاتیان  كردووە، كاردەكەن بۆ گۆڕینی تێڕوانینەكان و لابردنی چاوەكان لەسەر ئەو سێ‌ پێدراوەی سەرەوە كە وەرچەرخانی توند لە ژێرخانی كۆمەڵگەی ئەوروپیدا ئاشكرا دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەیشیان ستراتیژێكیان هێناوەتە مەیدان كە لە دوو رەگەزی سەرەكیی پێكهاتووە، ئەوانیش: یەكەمیان بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن بەرامبەر رێگە و رێبازی پۆپۆلیستیی دەركەوتوو، بەوەی كە لە جەوهەر و ناوەرۆكدا نەتەوەیی و فاشی-یە و فەرامۆش و پشتگوێخستنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە رادیكاڵیەكان. دووەمیش، خستنەگەڕی ئەو دەزگا میدیاییەی كە سەرمایەداریی دارایی زیاندەری سنووربڕ، هەژموونی خۆیی بەسەردا سەپاندووە و پشتیوانیی لە سیاسەتەكانی نیولیبراڵ دەكات، ئەو نیولیبراڵەی كە بووەتە هۆی قەیرانی وردوخاشكەری یەك بە دوای یەكداهاتووی دارایی، بەكارهێنانی ئەو میدیایە لە گەورە و قەبەكردنی ئەنجامەكانی رێباز و رێگە پۆپۆلیستیەكاندا. ئەمەیش هەمان ئەو تەكنیكەیە كە دەستەبژێری دەسەڵات و حوكمڕانی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پەنایاب بردەبەری، بەوەی تۆقاندن بە بزووتنەوە نەتەوەییە پۆپۆلیستیەكان، واتا پەنابردنی زۆرینە بۆ دەستەبژێری حوكمڕان و داوا لێكردنیان تا بیانپارێزن لەو بزووتنەوانەی كە بە توندڕەو و پەڕگیر ناودەبرێن، بەمەیش دەستەبژێرە تەقلیدیە مێژووییەكە هەروا لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە.
بەڵام ئەو گفتوگۆ و مشتومڕانەی كە دەكرێن و لە خاڵ-ی رەتكردنەوەی كۆچەوە دەستپێدەكەن، دەبینین پەلدەهاوێن و درێژدەبنەوە بۆ چەندین پرس و دۆسیەی دیكەی وەك: رۆڵی دەوڵەت و چۆنیەتی نوێكردنەوەی دەوڵەتی خۆشگوزەران و پێویستیی لەرزاندن و تێكدانی تۆڕە داخراوەكانی حوكمڕانی كە تێیاندا دەسەڵات و سامان كۆدەبنەوە و كردنەوەی رێگە لەبەردەم لاوان و توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵ بۆ گوزارشتلەخۆكردنیان و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بەربڵاو و چۆنیەتی نوێكردنەوەی پرۆسەی دیموكارتی و پشتگیریكردنی گۆڕینی لە دیموكراتیەتی نوێنەرایەتییەوە (داخراوی دەستەبژێری) بۆ دیموكراتیەتی بەشداریی و لەخۆگرتنی زیاتری توێژە ناوەند و خوارووەكانی كۆمەڵ و چۆنیەتی رێگری و بەربەستكردنی ئەو كەلێن و جیاكارییەی لە نێوان كەمینەیەكی دەوڵەمەند و زۆرینەیەكی هەژاردا لە زیادبووندایە، یان ئەوەی كە بە دیاردەی نایەكسانیی مێژوویی ناودەبرێت و...هتد. ئەم مشتومڕانە ئەوەیان دەرخست كە ئەوەی جەماوەر دەبزووێنێت  هۆكارگەلێكی زۆر لەوە قووڵترن كە لەبەرچاون. هاوشانی بزووتنەوە و حزبە تازە نەتەوەییەكان، بزاڤ و حزبگەلی رادیكاڵی كۆمەڵایەتیی هەن كە هەمان خەم و هەمان پاڵنەریان هەیە كە هۆكارن بۆ خۆرێكستنیان لە رووبەڕووبوونەوەی دامەزراوەكانی ئێستا و دەستەبژێری كۆنترۆڵكار و سیاسەتی پەیڕەوكراو.   
پاشانیش پووچ و بەتاڵكردنەوەی تەكنیكی قەبەكردنەكە لە دەرهاویشتەكانی كۆچ بەرەو ئەوروپا وەك تاقە هۆكاری جووڵە و بزاوتە میلـلییەكە و بە جەوهەر و ناوەرۆكدانانی خواست و رێبازە نەتەوەییەكان بۆ بزووتنەوە پۆپۆلیستیەكان. هەروەها گشتاندنی وەسفەكە بەسەر هەموو بزووتنەوەكاندا، بەو رادیكاڵانەیشەوە كە داوای دادوەری و یەكسانی دەكەن، ئەوەی كە بە هاووڵاتیبوونی نوێ‌ (نیوهاووڵاتیبوون) ناودەبرێت و چەپی نێوەندی مێژووییش تێدەپەڕێنێت و راهاتووە لەسەر چەسپاندنی ئەو داڕشتن و گەڵاڵانەی كە ئەورپای گەیاندووەتە تووڕەبوونی جەماوەرەكەی و بە زمانی حاڵ دەڵێت:"لە هەموو شتێك بێزاربووین و ئیدی دەبێت كاربكەین و هەوڵبدەین بۆ سەردەمێكی تر". ئەمەیش بە چاوخشاندنەوە بە هەموو شتێكدا كە وادەكات، بە قسەی هەندێك، دیموكراتیەتی ئەورپا بگاتە كەنار. هەروەها ئەگەری سەركەوتنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە تازەكانی ئەورپا لە دابڕان و جیابوونەوەیەكی ئازا و بوێرانە لە نەریتەكانی رابردوو.
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure