ژن و دڵبەر

بۆچوون / بیروڕا :: 24/09/2018

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ژنانی ئەوروپا شێت و شەیدای بینیتۆ مۆسۆلینی-ی دیكتاتۆری ئیتاڵی بووبوون. دەڵێن لەوپەڕی دەسەڵات و ناوبانگیدا هەموو مانگێك نزیكەی 30 هەزار نامەی پێگەیشتووە. رەیشێڵ-ی هاوسەریشی هەموو ئەو پەیوەندییانەی پشتگوێ‌ خستووە و خۆی تەرخانكردووە بۆ پەروەردەكردنی پێنج كوڕەكەی، وەك هەر ژنەجووتیارێكی ئەو كۆمەڵگە زۆر هەژار و نەدارەی كە لێوەی هاتووە.  

هاوسەری بەناوبانگترین دەسەڵاتدار لە مێژووی ئیتالیادا، لە سێ‌ لیرە زیاتری لە مانگێكدا وەرنەگرتووە. لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا نووسیویەتی "لە منداڵیمەوە لەسەر ئەوە راهاتووم كە لە كاتژمێر پێنج-ی بەیانییەوە بە خەبەر بم و بەدرێژایی رۆژیش هەر بە پێوە دەوەستام. لەوكاتەوە فێری ئەوە بووم كە لە دە خولەك زیاتر لە شوێنێكدا دانەنیشم. تەنانەت كاتێك گواستیشمانەوە بۆ ڤێلای تۆرلۆنیا-ی كۆشكی دەسەڵات، مەحاڵ بوو لەكارەكانیاندا یارمەتیی خزمەتكارەكان نەدەم سەرەڕای ئاگاداركردنەوەم لەلایەن هاوسەرەكەمەوە كە دەیگووت: چ پێویست دەكات خۆت ماندوو بكەیت؟". 

ئەم خانمی یەكەمی ئیتاڵیایە، هیچ ئاهەنگێكی پێشوازیی سازنەكردووە. بۆ هیچ شوێنێك نەچووە. بۆ تەنیا جارێكیش پێشوازیی دیپلۆماتكارێك یان وەزیرێكی نەكردووە. بەڵام تۆڕێكی نهێنیی لە هەواڵدەران پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی بینیتۆ. تۆڕە چاودێرەكەی پێكهاتبوون لە ژنە ئیشكەرەكانی ماڵەوە و ژنە جلشۆرەكان و ئەوانەی بازاڕیان بۆ دەكرد، ئەگەرچی خۆی ئیشی بازاڕی خۆیی كردووە.

رەیشێڵ ئەوەندە گوێی بە سەركێشیە سۆزدارییەكانی مۆسۆلینی نەدەدا. بەڵام زۆر لە سەركێشیە سیاسی و سەربازییەكانی دەترسا، تەنانەت كارگەیشتبووە ئەوەی جارێكیان پەیامێكی نارد بۆ هیتلەر-ی هاوپەیمانە گەورەكەی و تێیدا سكاڵای دەربڕیوە لەو كەسانەی كە لە دەوروبەری هاوسەرەكەین و هۆشداریی دەداتێ‌ لە ئەگەری ناپاكیكردن لەگەڵیدا. بەتایبەتی سكاڵای لەسەر غالیاتزۆ چیانۆ-ی زاوای، مێردی ئیدا-ی كچی هەبوو. دەیگوت "ئەم پیاوە نەگبەتیی هێناوە بۆ خێزانەكەمان و لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە سووكی كردووین و شكۆداری و گەورەیی خستووەتە پێش ژیان و ئەركەوە و لە رابواردنی لەگەڵ ژناندا نقوم بووە".
  
بەهەرحاڵ، زۆری نەبرد كە مۆسۆلینی بەتۆمەتی هەڵاتن و خۆدزینەوە، زاواكەیی دەركرد و پۆستەكەی ئەویشی گرتەدەست. دواتر شكست و دۆڕانە گەورەكە روویدا و كاتێكیش مۆسۆلینی هەستی پێكرد بڕیاری دا بە جلوبەرگێكی ترەوە رابكات بەرەو سویسرا، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە سنوور ئاشكرا دەبێت و سەرەنجام شیوعیەكان لەگەڵ كلارا بیتاچی-ی دڵبەریدا ئیعدامیانكردن و فاشیەكانیش زاواكەیان ئیعدام كرد.

هێزەكانی ئەمریكا رەیشێڵ-ی هاوسەریان دەستگیركرد، بەڵام تەنیا بۆ چەند مانگێك. بۆ ژنەجووتیارێكی وەكو ئەو ئەوەندە قورس و زەحمەت نەبوو كە سەرلەنوێ‌ بگەڕێتەوە سەر ژیانە قورسەكەی خۆی. دەوڵەتیش بێبەشی كرد لە مووچەی خانەنشینی بەو پاساوەی كە مۆسۆلینی مووچەیەكی فەرمیی لە دەوڵەتەوە نەبووە هەتا دوای مردنی بۆ هاوسەرەكەی بمێنێتەوە.

دوای ماوەیەك رەیشێڵ گەیشتە ئەو بڕوایەی كە باشتر وایە بگەڕێتەوە بۆ گوندە بچووكەكەی خۆی، ئیتر لە گوندی پریداپیۆ چێشتخانەیەكی ئاسایی كردەوە. پێویست ناكات پێتان بڵێم كێ‌ سپاگیتیی چەوری لادێیانەی ئامادەدەكرد؟ ئەی رەتشێڵ مۆسۆلینی نەیدەگوت ناتوانێت دە خولەك لە شوێنێكدا و بێ‌ ئیش دابنیشێت؟! رۆژێكی ساڵی 1979 لە تەمەنی 89 ساڵیدا خەوی لێكەوت و هەڵنەسایەوە.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە