ئایا مووچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان سه‌رلێژبووه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/09/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، حاجى عه‌باس بیست ساڵى ته‌واوكرد له‌ وه‌زیفه‌ى حكومیدا، هێشتایش مووچه‌كه‌ى به‌حاڵ ده‌یگه‌ێنێته‌ سێیه‌كى رۆژه‌كانى مانگ، ئیتر باقى مانگه‌كه‌، هه‌ندێك جار له‌سه‌ر هاوكاریى و هه‌ندێك جاریش به‌ قه‌رز، ده‌ژى و ده‌یگوزه‌رێنێ و تا سه‌رى مانگ به‌ڕێى ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و مووچه‌ حكومییه‌ى كه‌ په‌رله‌مان بۆى بڕیوه‌ته‌وه‌، ره‌چاوى به‌رزیى نرخ و قورسیى گوزه‌رانى تێدا نه‌كردووه‌، یاسایه‌كى بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌ و وه‌ك یاساكانى دوێنێى سه‌دامى ملهوڕ بۆ پلیشانه‌وه‌ى هاووڵاتیه‌ و بۆ ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتى له‌ ترسێكى به‌رده‌وامدا بژى. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و چینه‌ سیاسیه‌ى كه‌ به‌ دروشمگه‌لى كۆتاییهێنان به‌ سته‌مكاریى هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ده‌بینین هه‌مان رێبازى سته‌مكاریى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن! 

ئه‌و سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ى له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چووێنرێن كۆتاییان نایه‌ت، له‌وانه‌: یاسایه‌كى جیاوازیان بۆ مووچه‌ى په‌رله‌مانتاران داناوه‌كه‌ مووچه‌ى ئه‌فسانه‌یى و سه‌رسوڕهێنیان هه‌یه‌ و وایلێكردوون به‌ تێروته‌سه‌لى وه‌ك پاشاكان و شازاده‌كان بژین و به‌ ده‌ستكه‌وت و ئیمیازاتێكى له‌ ژماره‌ نه‌هاتووه‌وه‌ هه‌ر له‌ بیمه‌ى ته‌ندروستییه‌وه‌ بۆ كرێى خانوو و خۆشگوزه‌رانى هه‌تا ده‌گاته‌........، هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌به‌رامبه‌ر ئاماده‌بوونیان له‌ چه‌ند دانیشتێكدا كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو كاته‌كه‌یان كۆبكه‌یته‌وه‌ له‌ سێ مانگ تێناپه‌ڕێت!

تۆ ته‌ماشاى ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ى له‌ عێراقدایه‌، ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ى كه‌ خودى په‌رله‌مانتاره‌كان بناغه‌كه‌یان داناوه‌ و هه‌ر خۆیشیان بوونه‌ته‌ مایه‌ى پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕیى هه‌موو جیهان چونكه‌ به‌ بۆینباخ و پارێزبه‌ندییه‌وه‌ دزى ده‌كه‌ن. 

ئه‌وان ره‌وایه‌تیان داوه‌ به‌ مووچه‌یه‌كى زاڵمانه‌ بۆ عێراقیه‌كان و هه‌ر ئه‌وانیش ره‌وایه‌تییان داوه‌ به‌و مووچه‌ ئه‌هریمه‌نیه‌ بۆ خۆیان كه‌ جۆرێكه‌ له‌ سته‌مێكى توند و تاڵانێكى به‌رده‌وامى خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ به‌ناوى مووچه‌ى به‌یاساكراوه‌وه‌!. نه‌ ناڕه‌زایى مه‌رجه‌عه‌ ئایینیه‌كان و نه‌ ره‌خنه‌ى میدیا و رۆژنامه‌كان له‌ دژى ئه‌م زوڵم و زۆردارییه‌، هیچ سوودێكى نییه‌، چونكه‌ كه‌سى بێئابڕوو هیچ شه‌رم ناكات له‌پێناوى پاره‌دا هه‌رچییه‌ك بكات، هه‌ر بۆیه‌ چینى سیاسى هیچ شه‌رمێكى نییه‌ و به‌لایه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ گرنگه‌ گه‌ گیرفانى پڕ له‌ پاره‌ بێت.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م مووچه‌ زۆر زۆره‌یشیاندا، ئه‌دائى هه‌موویان به‌ درێژایى هه‌موو خوله‌كان شه‌رمهێن بووه‌ و ته‌نانه‌ت بۆخۆیان به‌شێك بوون له‌ گه‌نده‌ڵى، ئه‌وان پشتگیریى كه‌سه‌ دیاره‌ گه‌نده‌ڵه‌كانیان كردووه‌ و كاریان بۆ پاراستنى هاوڕێكانیان كردووه‌ له‌ وه‌زیران و به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كانیان بۆ شاردنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشكردنى گه‌نده‌ڵییه‌كانیان. كاتێكیش لێیانده‌پرسیت: ئاخۆ ئێوه‌ مووچه‌ى حه‌ڵاڵ و ره‌وا و شایسته‌ وه‌رده‌گرن؟ پێتده‌ڵێن: به‌پێى یاسا دانراوه‌!. ئه‌وه‌ له‌بیرخۆیان ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان خۆیان ئه‌و مووچه‌ ئه‌هریمه‌نییه‌یان داناوه‌. 

په‌رله‌مان له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهاندا به‌رپرسیارێتیه‌، نه‌ك شوێن و پێگه‌یه‌ك بێت بۆ تاڵانكردنى پاره‌. ئه‌وان هه‌ر به‌م بێئابڕووییه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون به‌ڵكو ره‌واییان داوه‌ به‌ مووچه‌یه‌كى پێنج ئه‌ستێره‌یى! بۆ دواى خانه‌نشینبوونیان. پاره‌ى عێراق بێ پاسه‌وانه‌ و دزه‌كان پاسه‌وانین و ده‌یپارێزن! بۆیه‌ ده‌بینین یاسا ئه‌هریمه‌نیه‌كان زۆرن كه‌ ماڵى گشتى به‌ فیڕۆ ده‌ده‌ن و به‌ناوى مووچه‌ى چینه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ى عێراقه‌وه‌ تاڵانى ده‌كه‌ن! 

له‌ كۆتاییدا پرسیارێكى گرنگ ده‌كه‌ین: تۆ بڵێیت رۆژێك بێت كه‌سێكى شه‌ریف په‌یدا ببێت و ده‌ست بداته‌ چاكسازییه‌كى راسته‌قینه‌؟ و به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌هێزه‌وه‌ كار بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌ر تاقه‌ دینارێكى دزراو له‌ چینه‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ناوى مووچه‌ و ئیمتیازات و خانه‌نشینییه‌وه‌ دزیویانه‌؟! 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە