وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
بۆچى سیستمى حوكمڕان له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكى تر جیاوازه؟ بۆچى دیمو‌كراتى له وڵاتێك له‌دایكده‌بێت و تێیدا ده‌مێنێته‌وه، كه‌چى له وڵاتێكى تردا ده‌بێته ئامانجێكى قورس و زه‌حمه‌ت؟. دیمو‌كراتى-یش كێشه‌ى خۆیى هه‌یه، به‌ڵام تائێستایش سیستمێكى حوكمڕانییه كه زۆرترین داواكارى له‌سه‌ره و سهرنجڕاكێشترینیانه. ئه‌وانه‌ى دیموكراتیین خۆیان به‌سه‌ر جیهانه‌وه ده‌نوێنن و لافوگهزافى پێوه لێده‌ده‌ن و مافى ئه‌وه به‌خۆیان ده‌ده‌ن كه ئامۆژگاریى ئه‌وانى تر و رێنوێنیان بكه‌ن و ده‌ستوه‌ردانى راسته‌وخۆیان تێدا بكه‌ن.
كه‌من ئه‌وانه‌ى كه له رووى پره‌نسیپه‌وه دیموكراسیه‌ت ره‌تده‌كه‌نه‌وه. زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى كه له دیمو‌كراتى بێبه‌شن هه‌وڵده‌ده‌ن به داواى لێبووردنه‌وه هه‌لومه‌رجه‌كانى خۆیان روون بكه‌نه‌وه. جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیى به‌كاته‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ى وایكردووه كه سه‌رپێچیى دیمو‌كراتى بێت له واقیعى سیاسییاندا، دۆخێكى كاتییه و به‌شێكه له پلان و رێگه‌ى تایبه‌ت به‌خۆیان بۆ گه‌یشتن به دیمو‌كراتى. گفتوگۆ و مشتومڕه‌كانى له‌مه‌ڕ دیمو‌كراتى و سیستمه‌كانى حوكمڕانى، تووشى شێواندن و خراپ تێگه‌یشتن كراون، ئه‌مه‌یش به‌هۆى جیاوازیه ئایدیۆلۆژیه‌كان و مه‌یله سیاسیه‌كان و ئاسانكاریى بۆ حوكمه ئه‌خلاقیه‌كان. زۆربه‌رى لایه‌نگرانى دیمو‌كراتى كێشه‌ى دیموكراتیه‌ت له ململانێى نێوان دیموكراتخوازه باشه‌كان و خۆسه‌پێنه خراپهكارهكاندا كورت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا دیموكراتیه‌ت و سیستمى حوكمڕانییش وه‌ك هه‌ر لایه‌نێكى تر‌ى ژیانى كۆمه‌ڵگه، به‌ره‌نجامى فاكته‌ر و هۆكارگه‌لى زۆرى بابه‌تى و تێكچڕژاو و پێكداچووه.
كۆمه‌ڵگه‌كان له هه‌موو شتێك‌دا جیاوازن، هه‌یانه زه‌نگین و هه‌یانه هه‌ژارن. هه‌یانه پیشه‌سازیى پێشكه‌وتوون و نوێترین ته‌كنۆلۆژیاكان به‌كاردێنن و هه‌یانه كشتوكاڵیین و ته‌كنۆلۆژیاى ساده و ساكار به‌كاردێنن. هه‌ندێكیان خێڵه‌كى و عه‌شایه‌رین و هه‌ندێكیان دابهشبووى چینه‌كانن. ژیان له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌دا به وردى رێكخراوه و له هه‌ندێكى دیكه‌یاندا هه‌ڕه‌مه‌كییه. كۆمه‌ڵگه هه‌یه هه‌موو شتێك تۆمار ده‌كه‌ن و ده‌ینووسنه‌وه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ى وایش هه‌ن كه گێڕانه‌وه و زاره‌كى-یان به‌لاوه په‌سه‌نده.
هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه رێز له تاك و بژارده‌كانى تاك ده‌گرێت، به‌ڵام هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه ده‌سه‌ڵاتى ئه‌خلاقى كۆمه‌ڵ ده‌خاته سه‌رووى تاك-ه‌وه. هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه ژن ده‌خاته هه‌مان پێگه‌ى پیاوه‌وه، به‌ڵام لاى هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه ژن (عه‌وره‌ت)ه و ده‌بێت بشاردرێته‌وه. له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌دا رۆحى ئه‌و كه‌سانه دهپلشێنرێتهوه كه سه‌رپێچى له داب و نه‌ریت و به‌ها سێكسیه‌كانى كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن، كه‌چى له وڵاتانى تردا ئازادیى سێكسى پارێزراوه و رێزى لێ ده‌گیرێت. هه‌موو ئه‌م جیاوازیانه هۆكارى خۆیان هه‌یه له كاروانى مێژووى تایبه‌ت به هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و جیاوازیى له كاروبار و مه‌سه‌له‌كانى ئابورى و چینایه‌تى و كلتورى و رێكخراوه‌یى و ژێرخانى ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌سه‌لمێنن.
ناكرێت لێكدانه‌وه‌ى هه‌ژارى و كه‌میى پیشه‌سازى و كلتورى موحافیزكار و داخراو به‌وه لێكبدرێته‌وه كه هه‌ندێك شه‌ڕخواز و خراپه‌كار كۆنترۆڵیان كردوون، به‌ڵكو ده‌بێت توێژینه‌وه بكرێت له‌سه‌ر هۆكاره قووڵترهكانى ئه‌م دیاردانه. هه‌مان لۆژیك بۆ سیاسه‌ت و سیستمه‌كانى حوكمڕانییش راسته، چونكه سه‌رسم و نوچدانى دیموكراسیه‌ت هۆكارگه‌لى خۆیى هه‌یه و له خراپى و باشیى تاكى حوكمڕاندا ناگیرسێته‌وه و تێیده‌په‌ڕێنێت.
هه‌ندێك له گه‌ل-انى سه‌ره‌تایى، جۆرێك دیموكراتییان زانیوه و په‌یڕه‌ویان كردووه. ئه‌مه‌یش زانایانى ئه‌نترۆپۆلۆژى و مێژوونووسان له هه‌ندێك ناوچه‌ى هند-دا دۆزیویانه‌ته‌وه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. دواتر ئه‌م دیموكراتیه سه‌ره‌تاییانه ون بوون و هیچ ئاسه‌وارێكیان نه‌ماوه‌ته‌وه. دیموكراتیه‌ت له ئه‌سیناى یۆنانى و له سه‌ده‌ى پێنجه‌مى پێش زایین‌دا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى سه‌ده‌ى چوارى پێش زایین تێپه‌ڕێت، ئه‌سیناى دیموكرات و هاوپه‌یمانه‌كانى كه‌وتوونه‌ته ژێر ملهوڕیى فلیپى مه‌قدۆنى و پاشان ئه‌سكه‌نده‌ر-ى كوڕییه‌وه.
هاوزهمانى ده‌ركه‌وتنى دیموكراتییهكهى ئهسیتا، سیستمى كۆماریى كه سیمایه‌كى دیموكراسیانه‌ى هه‌بوو، له رۆما سه‌ریهه‌ڵداوه و بۆ ماوه‌یه‌كى كه‌مێك زیاتریش له‌و درێژه‌ى كێشاوه.
وشه‌ى دیمو‌كراتى هه‌تا سه‌ده‌ى شازده‌یه‌م له په‌یڕه‌وكردن و له تۆمارى سیاسی‌دا نه‌ماوه و ئینجا بۆ یه‌كه‌مجار زاراوه‌ى دیمو‌كراتى له زمانى ئینگلیزی‌دا هاتووه. سهدهگهلێكى دوور و درێژ به هیچ جۆرێك ناوى دیموكراسى نه‌هێنراوه، له‌و ماوانه‌دا ده‌سه‌ڵاتى تاكڕه‌ویى خۆسه‌پێن بڵاوبووه‌ته‌وه.
گه‌ڕانه‌وه و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى دیمو‌كراتى و په‌یڕه‌وكردن و تیۆریزه و بیرلێكردنهوهى له سه‌ده‌ى شازده‌دا، له‌به‌ر له‌دایكبوونى نه‌وه‌یه‌كى نوێى خێرویست و چاكه‌كار نه‌بووه كه دیموكراتخواز بوون و رقیان له چه‌وساندنه‌وه بووه، هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامى كۆیهاتنى قۆناغێكى دوور و درێژى گه‌مژه‌یى مۆرڤ و ده‌ركه‌وتنى سه‌رده‌مى مرۆڤه زیره‌كه‌كانیش نه‌بووه، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتنى دیموكراتیهتى نوێ و په‌ره‌سه‌ندنى ده‌ره‌نجامى وه‌رچه‌رخانه قووڵه‌كان بووه كه له ئابورى و كۆمه‌ڵگه و چینه‌كان و دامه‌زراوه رۆشنبیرى و كلتووریهكاندا روویانداوه، ئه‌و وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكارییانه وایان كرد كه په‌ره‌سه‌ندن و گواستنه‌وه به‌ره‌و دیمو‌كراتى ببێته حاڵه‌تێكى گونجاو و توانراو.
له كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى پازده، به‌دیاریكراوى له ساڵى 1493دا، ئه‌وروپاییه‌كان كیشوه‌رى ئه‌مریكایان دۆزییه‌وه، ئه‌مه‌یش كاریكى یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو له به‌ره‌وپێشچوونى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى ئه‌وروپادا. ئیسپانیه‌كان و پرتوگالیه‌كان یه‌كه‌مه‌كانى نیشته‌جێبوون و كۆلۆنێلكردنى ئه‌مریكا بوون، ئینجا ئینگلیز و هۆڵه‌ندییه‌كانیش پێیان گه‌یشتن. به‌مه‌یش باكورى ئهتڵهنتى بووه گرنگترین رێڕه‌و و سه‌نته‌رى بازرگانیى جیهانى و جێگه‌ى ده‌ریاى ناوه‌ڕاستى گرته‌وه كه بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ئه‌وێ رێڕه‌و و سه‌نته‌ر بوو.
سامان و هێز له ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپاى سه‌ر ئهتڵهنتى زیادى كرد، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر حسابى ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپى و ئیسلامیه‌كانى سه‌ر ده‌ریاى سپى. پاشاكانى ئیسپانیا و پرتوگال كهشتیگهلیهكانى خۆیان ره‌وانه‌كرد بۆ داگیركردنى جیهانه تازه‌كه، كهشتیگهلهكانى پاشا‌كان به ئاڵتوون و سامانێكى زۆره‌وه گه‌ڕانه‌وه. لایخۆیانه‌وه حكومه‌ته‌كانى ئینگلته‌را و هۆڵه‌ندا كه‌وتنه پشتگیرى و پشتیوانیكردنى كۆمپانیاكان و ده‌ستپێشخه‌رییه تاكلایه‌نه‌كان بۆ داگیركردنى ئه‌مریكا و هندستان و قۆستنه‌وه و قۆرخكردنى سامانه‌كانیان. پاشاكانى ئیسپان و پرتوگال بوونه دهوڵهمهندترینهكان و به‌هێزترینه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا بۆرژوازه ئینگلیز و هۆڵه‌ندییه‌كان بوونه ده‌وڵه‌مه‌ندترین و به‌هێزترینى به‌ره‌نگاربوونه‌وه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پاشا‌كان.
ورده ورده دامه‌زراوه دیموكراتیه‌كان له ئینگلته‌را و هۆڵه‌ندا پێشكه‌وتن هه‌تا ئه‌م شێوازه‌ى ئێستایان وه‌رگرت. به‌ڵام ئیسپانیا و پرتوگال له‌چاوه‌ڕوانیدا مانه‌وه هه‌تا حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى بیست ئینجا به‌ره‌و دیمو‌كراتى رۆیشتن. سه‌ده درێژه‌كانى نێوان دیموكراتیهتى پێشوه‌خته‌ى بریتانیا و باكورى ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ دیموكراتیهتى دواكه‌وتووى نیوه دوورگه‌ى ئیبیریا، جیاكار و جیاوازیى نێوان دوو جۆر كۆمه‌ڵگه‌ن كه له‌یه‌كه‌میاندا خاوه‌ندارێتى تایبه‌ت و چینى بۆرژوازیى پته‌و بووه، بۆیه داواى دیموكراتییان كرد و له ده‌ستى پاشاكانیان راپسكاند و پشتیان به ده‌وڵه‌مه‌ند و زهنگینهكانى وڵاته‌كانیان به‌ست بۆ پشتگیریى دارایى حوكمڕانى و ده‌سه‌ڵات. له كۆمه‌ڵگه‌كانى دووه‌میشدا كه تێیاندا ده‌سه‌ڵات و سامان له ده‌ستى پاشادا بووه و به‌هۆیه‌وه خۆسه‌پێنى و سته‌م و چه‌ساندنه‌وه چه‌سپاوه، دیمو‌كراتى دواكه‌وتووه.
دیموكراتیه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگانه‌دا پێشكه‌وت كه سامان له ده‌ستى پاشاكانیاندا قۆرخ نه‌كرابوو. پشتبه‌ستنى پاشا‌كان به سامانى كۆمه‌ڵگه، هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان سامان و ده‌سه‌ڵاتدا دروست ده‌كات و زه‌مینه‌ى پێشكه‌وتنى دیمو‌كراتى ده‌ڕه‌خسێنێت. له‌گه‌ڵ سامانیشدا هه‌م مه‌عریفه دێت و هه‌م زانست، هه‌روه‌ها به‌هاى كلتورى و سیاسیى تازه دێنه بوون و ده‌سته‌بژێرى یه‌كگرتوو و رێكخراو دروست ده‌بن و بوارى گشتى بۆ دیالۆگى بونیاتنه‌رانه فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌هۆى ئه‌مانه‌یشه‌وه مه‌رجه‌كانى دامه‌زراندن و پته‌وبوونى دیمو‌كراتى ده‌سته‌به‌ر ده‌بن.
ئینگلته‌را نموونه‌یه‌كى تاقوته‌نیا نییه، به‌ڵكو ده‌یان نموونه‌ى گۆڕین و وه‌رچه‌رخانى دیمو‌كراتى هه‌ن، له‌مه‌دا ته‌نیا ویستوومه، به‌ڕاى خۆم، رێگه‌ى بونیاتنه‌رانه بخه‌مه‌ڕوو بۆ بیركردنه‌وه له بابه‌ته‌كه. پرسیارى دیموكراتیه‌ت پرسیارێك نییه ده‌رباره‌ى چاكه‌خوازه‌كان و خراپهخوازهكان بكرێت، به‌ڵكو پرسیاره ده‌رباره‌ى ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه بۆ دیمو‌كراتى هه‌ن و ده‌سته‌به‌ر و فه‌راهه‌من، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى له‌م مه‌رجانه‌دا ون و نین، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیى دۆزینه‌وه و ته‌واوكردنیان. به‌بێ ئه‌مانه‌یش، قسه‌كردن سه‌باره‌ت به دیمو‌كراتى ده‌گۆڕێن بۆ لێدان و مه‌زه‌نده و مه‌به‌ست، ئه‌مانه‌یش خراپ نین ئه‌گه‌ر كاتێكى زۆر به‌م جۆره گفتوگۆ و وتوێژانه‌وه نه‌كوژین.
سه‌رچاوه: ئه‌لئه‌هرام