رێژه‌ى لایه‌نگریى تره‌مپ له‌ دابه‌زیندایه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 18/09/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌واوكارییه‌كه‌ى شه‌شى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا، تووشى كاره‌سات ده‌بێت.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ 35 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیران و 36 حاكمى ویلایه‌ته‌كان و 435 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌، واتا هه‌موو ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌. خۆ ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان زۆرینه‌ى یه‌كێك له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌ده‌ستبێنن، ئه‌وا تواناى تره‌مپ له‌كاركردنى دوو ساڵى داهاتووى ویلایه‌ته‌كه‌یدا په‌كده‌خه‌ن و ڕه‌نگه‌ دوا خولیشى بێت.

به‌پێى راپرسییه‌ك كه‌ زانكۆیه‌كى ئه‌مریكا كردوویه‌تى، دیموكراته‌كان به‌ڕێژه‌ى 52% بۆ 38%، واتا به‌ 14 خاڵ له‌ پێش كۆماریه‌كانه‌وه‌ن. هه‌مان ئه‌و راپرسییه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رخستووه‌ كه‌ 58%ى ئه‌مریكیه‌كان داوا له‌ كۆنگرێس ده‌كه‌ن لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك-دا بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا 27% لایه‌نگرى سه‌رۆكن. 

راپرسیه‌كى ته‌له‌فزیۆنى (سى ئێن ئێن) ده‌ریده‌خات كه‌ 50%ى ئه‌مریكیه‌كان پشتگیریى له‌ كاره‌كانى رۆبێرت مۆله‌ر-ى لێكۆڵیار ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا 38% له‌ دژیین، ئه‌گه‌رچى تره‌مپ نكۆڵى كردووه‌ له‌ ده‌ستوه‌رانى روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ساڵى 2016 دا و ئه‌وانه‌ى كه‌ خۆیان به‌ تۆمه‌تباركردنى روسیاوه‌ ماندوو كردووه‌ وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ى چواندووه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاستدا به‌ دواى ساحیر و جادووگه‌ره‌كاندا گه‌ڕاون. راپرسییه‌كى ترى رایگشتیى ئه‌مریكیه‌كانم خوێندووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت دیموكراته‌كان به‌ 12 خاڵ، له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا، له‌پێش كۆماریه‌كانه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشى ده‌رخستووه‌ كه‌ لایه‌نگرانى تره‌مپ 39% و نه‌یارانیشى 52% ه‌.
  
ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ پێنجه‌مین راپرسین له‌م هه‌فتانه‌ى دواییدا ئه‌نجامدرابن و ئاشكراى ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌ى لایه‌نگریى تره‌مپ له‌ خوار 40% ه‌وه‌یه‌.

حزبى براوه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران پێویستیى به‌ 218 ئه‌ندام یان زیاتر هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى بڕیار بگرێته‌ ده‌ستى خۆى. له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران-یشدا حزبى براوه‌ ده‌بێت 51 ئه‌ندامى هه‌بێت ئینجا ده‌بێته‌ بڕیار به‌ده‌ست. خوێندوویشمه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆماریه‌كان 150 كورسیى گره‌نتیكراویان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران هه‌یه‌ و 90 كورسییش له‌ ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رى یار و نه‌یار-یدان. له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران كۆماریه‌كان سێ كورسیى گره‌نتیكراویان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر 14 كورسى بۆ دیموكراته‌كان، كورسییه‌كانى تریش بۆ ئه‌م حزب یان ئه‌ویان ده‌بن.
  
ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان كۆنترۆڵى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران یاخود پیران بكه‌ن، بێگومان سه‌رۆكى لیژنه‌كان له‌ ئه‌ندامه‌كانى خۆیان داده‌نێن، ئه‌مه‌یش ماناى سنوورداركردنى تواناى تره‌مپ-ه‌ له‌ ده‌ركردنى بڕیاره‌كاندا. من جارێ ناڵێم دیموكراته‌كان به‌ڕێوه‌ن به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنیان، ئه‌گه‌رچى هه‌موو ئه‌و راپرسییانه‌ى خوێندومنه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانى زۆرینه‌یان ده‌رده‌خه‌ن و زاڵیان ده‌كه‌ن به‌سه‌ر كۆمارییه‌كاندا.
 
له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ له‌ دۆڵ-ێكى تردایه‌. بۆ ئه‌مه‌یش دوو نموونه‌م هه‌یه‌: یه‌كه‌میان ده‌رباره‌ى جۆن بۆڵتن راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییه‌ و جارێكى تریش ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ توندڕه‌وێكى ئیسرائیلى-یه‌ پێش ئه‌وه‌ى ئه‌مریكى بێت. به‌ڵگه‌یشم له‌سه‌ر ئیسرائلیبوونى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دژى دادگاى تاوانه‌كانى جه‌نگ-ى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌. كاتێكیش ئه‌مه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌ ئیداره‌كه‌ى جۆرج بوشى كوڕ-دا بوو و ئێستایشى پێوه‌ بێت هه‌ر دژ و نه‌یارى ئه‌و دادگایه‌یه‌. هه‌موو هۆكاره‌كه‌یشى درۆزنانه‌یه‌ و بۆ تاقه‌ یه‌ك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دادگاكه‌ ده‌یه‌وێت لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-دا بكات له‌پاى تاوانه‌كانى دژى فه‌له‌ستینیه‌كان. جگه‌ له‌مه‌ هه‌موو قسه‌كانى ترى بۆڵتن درۆى بێ ئابڕوون، چونكه‌ ئیسرائیل وڵاتیه‌تى و ده‌یه‌وێت بیپارێزێت.

دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌، ئیداره‌ى تره‌مپ به‌ كورتى و به‌ پوختى وا بیر له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆنفیدراڵییه‌ك له‌ ئوردن و كه‌نارى خۆرئاوا و كه‌رتى غه‌ززه‌ پێكبهێنرێت له‌به‌رامبه‌ر ئیسرائیل-دا. فه‌له‌ستینیه‌كان ئیدانه‌ى ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ى ئه‌مریكایان كرد چونكه‌ ئه‌وان خوازیارى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆن. ئوردن-یه‌كانیش پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌مریكایان ره‌تكرده‌وه‌ چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئوردن وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ.

پڕۆژه‌ى كۆنفیدراڵى كۆنه‌، ره‌نگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1972 كاتێك شاحسێن پێشنیارى شانشینێكى كرد كه‌ كه‌نارى خۆرئاوا و كه‌رتى غه‌ززه‌ له‌خۆبگرێت. به‌ڵام شاحسێن له‌ ساڵى 1988 دا راى خۆى گۆڕى و خۆپیشانه‌كه‌ى فه‌له‌ستین-یش له‌وپه‌ڕى توندییدا بوو و ئیداره‌ى ئوردنیى له‌ كه‌نارى خۆرئاوا دابڕى. ئێستایش جارید كۆشنه‌ر مێردى كچه‌كه‌ى سه‌رۆك و نوێنه‌ریى تایبه‌تیى خۆى بۆ ئاشتى له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ده‌یه‌وێت پرۆژه‌ كۆنه‌كه‌ ببووژێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى دژایه‌تیى ئوردن و فه‌له‌ستینیه‌كان ببێته‌وه‌.  

بێگومان دۆناڵد تره‌مپ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ بتوانێت راى خۆى به‌سه‌ر لایه‌نى عه‌ره‌بیدا بسه‌پێنێت، به‌ڵام شكستیهێناوه‌ و شكستیش دێنێت، چونكه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانى نه‌تانیاهۆ-یه‌ و هه‌موو جیهانیش ئه‌مه‌ ده‌زانێت. بۆیه‌ فه‌له‌ستینیه‌كان وایده‌بینن كه‌ هه‌وڵه‌كانى تره‌مپ سوودى بۆ كه‌س نییه‌ بێجگه‌ له‌ ئیسرائیل و لایه‌نگره‌كانى له‌ ناو رێڕه‌وه‌كانى سیاسه‌تى ئه‌مریكادا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure