منداڵانی عێراق و ئیستیغلالی سیاسی

بۆچوون / بیروڕا :: 17/09/2018

سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدن
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

بە جۆرێكی جیاواز بیردەكەنەوە. روویەكی پرشنگدار و تێڕوانینێكی ماناداری رەنگاوڕەنگیان هەیە. بە خەندە و بزەیەكی بێگەردەوە هەمیشە وامان لێدەكەن بەدڵ لێیانبڕوانین كە چۆن هیوا و ئومێدی رۆژێكی جوانتر، بە دەوروبەری خۆیاندا پەخش و بڵاودەكەنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا پرسیارگەلێكی زۆر ئاڵاوەتە كایەی ژیانی منداڵان لە عێراقدا چونكە منداڵێتیەكی شێواوە لەبەرئەوەی لە عێراقدان و لەبەرئەوەی لەو توێژەن كە بەزۆری رووبەڕووی خراپبەكارهێنان و شكاندنەوە دەكرێنەوە بەهۆی هەژاری و توندوتیژیی خێزانی و پشتگوێخستن و لەوەیش واوەتر ئەو خوونەریتە خێڵەكیانەن كە دوور و نزیك پەیوەندییان بە منداڵ و منداڵێتیەوە نییە.

حكومەتیش كە دەبێت تواناكانی خۆی بخاتە خزمەتی باشكردنی دۆخی منداڵانەوە كەچی هەموو ئەو توانایانەی خۆی خستووەتە سەر خزمەتی میدیایی و ریكلام و بانگەشەكردن بۆ جوانكردنی رووخسار و سیمای خۆی و شاردنەوە و داپۆشینی شكستەكانی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، هەموو ئەو چالاكییانەیشی كە دەیكات هەر روویەكە لە رووەكانی گەندەڵیی دارایی و ئیداری.
 
هەرچی حزبەكان و فراكسیۆنە سیاسیەكانیشە، كە هەر ئەوانن حكومەتەكان پێكدێنن، بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ منداڵدا دەكەن وەك ئەوەی ئامرازێكی گەورەی بانگەشە و ریكلامكردن بێت لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكاندا و وەك مادەیەكی باش بۆ (ئیستیهلاك)ی میدیایی بەكاریدێنن. هەر لەگەڵ هەڵبژاردنەكە كۆتایی هات ئیتر بایەخ و گرنگیپێدانەكانی ئەوانیش بە منداڵ كۆتایی دێت و نامێنێت. ئیتر چینە سیاسیەكە دەكەونەوە ململانێكانیان و چنینەوەی دەستكەوتە تایبەتەكانیان، بێ‌ ئەوەی هیچ گرنگیی بە چاودێری و سەرپەرشتیی منداڵ و منداڵێتی بدەن. چونكە ئەوەی ویستوویانە دەستیان كەوتووە و تەواو.
كاتێك كاربەدەستێكی حكومی باس لە پشتگوێخستنی منداڵ و دۆخی خراپی مناڵ لە عێراقدا دەكات، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بارودۆخی ئەمنی و هەلومەرجی كۆمەڵایەتیی خێزانە عێراقیەكان كاریگەریی زۆریان لەسەر دروست بووە و ئەمەیش كاریگەریی زۆری لەسەر دۆخی منداڵان دروست كردووە و بووەتە هۆی گۆڕینی رەوشت و رەفتاریان. ئەم قسەیە وەك ئەوە وایە لە وڵاتێكی ترەوە باس لە دۆخی منداڵێتیی عێراق بكرێت نەك خۆی و حكومەتەكەی، كە بۆخۆیشی بەرپرسێكیەتی، بەرپرسیار بن بەرامبەر دۆخەكە.

دوای ئەمانە، ئایا بایەخدانێكی راستەقینەی حكومەتی عێراق هەیە كە لەگەڵ پێویستیی منداڵی عێراقیدا بگونجێت؟ ئەی تا چ ئاستێك رەشەبای سیاسەت خەونەكانی منداڵێتیی لە عێراقدا راپێچكردووە؟ ئەمانەن وایانكردووە رەفتاری منداڵ تێكبچێت و ئاڵۆز و ناجێگیربێت بەهۆی ئەو حاڵەتەی لە دەروونیدا نیشتووە و كەڵەكە بووە كە بارگاوییە بە وێنە و دیمەنەكانی مین و بۆمبڕێژكراوەكان و تەقینەوەكانەوە. ئەمە بێجگە لەو یاسا پڕ لە كەموكورتیانەی بۆ چاودێریی منداڵان دانراون و هەروەها نەبوونی دادوەریی كۆمەڵایەتی كە كلیلی گەندەڵییە ئیداریەكەیە.
 
ئەگەرچی عێراق واژۆی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی مافەكانی منداڵی ساڵی 1989ی كردووە، بەڵام وەك دەبینین منداڵانی عێراق تائێستایش گیرۆدەی دۆخێكی كارەساتبارن و هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە دەوڵەت مافەكانی منداڵی نەكردووە بە خەمی سەرەكیی و بابەتی یەكەمی و نەخشە و پلانەكانی لە دروستكردنی كۆمەڵگەدا. بۆیە منداڵان تووشی حاڵەتەكانی پێشێلكاریی و ئیستیغلال بوونەتەوە، وەك كارپێكردنیان و بەكارهێنانیان لەلایەن كەسانی نەفس نزم و دەروون نەخۆشەوە و قۆستنەوەی ئەو توێژە گرنگەی كۆمەڵگە.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure