سوپرایزه‌كانى تره‌مپ بۆ جیهان!

بۆچوون / بیروڕا :: 16/09/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لئه‌هرام
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


تره‌مپ، ئه‌گه‌ر چاكه‌یه‌كى هه‌بووبێت ئه‌وه‌بووه‌ بۆ جیهانى ئاشكراكرد كه‌ بیرۆكه‌ و بیروڕا نامۆ و توندڕه‌وه‌كانى، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌دا لایه‌نگرانێكى زۆرى له‌ كه‌سه‌ به‌هێزه‌كانى ناو ئه‌مریكادا هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ زۆر و به‌هێزیش بوون كه‌ توانیویانه‌ پاڵیۆراوه‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ كۆشكى سپى.
پاشان له‌ میانه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنیدا، ئه‌ملاولا و پێچوپه‌ناى له‌ خستنه‌ڕووى بیر و بیرۆكه‌كانیدا نه‌بوو، به‌ڵكو زۆر به‌ روونى و به‌ ئاشكرایى ده‌ریبڕین، ئه‌مه‌یش ئه‌و بۆچوونه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵه‌تێنرابن و كرابێتنه‌ قوربانیى فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازیى، یاخود پێچه‌وانه‌ى ویست و ئیراده‌ى خۆیان پاڵێوراویان هه‌ڵبژاردبێت.
هه‌روه‌ك به‌ راشكاوییش به‌ڵێنیدا كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ركه‌وێت و بیباته‌وه‌، ئه‌وا پابه‌ند ده‌بێت به‌وه‌ى رایگه‌یاندووه‌. پابه‌ندى به‌ڵێنه‌كانى بوو و هیچى زیاترى نه‌خستنه‌سه‌ر و تائێستایش خۆڕاگرانه‌ به‌رگریى له‌ سیاسه‌ته‌كانى خۆى ده‌كات، ئه‌گه‌رچى زۆرترین هه‌ڵمه‌تى دژایه‌تیى له‌ ناوخۆدا رووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌ به‌جۆرێك له‌ مێژووى ئه‌مریكادا دژى هیچ سه‌رۆكێك به‌و جۆره‌ تونده‌ نه‌كراوه‌.
 ده‌پرسین: چى وایكرد ئه‌وانه‌ هه‌ڵوێستى خۆیان له‌به‌رامبه‌ریدا بگۆڕن، له‌كاتێكدا به‌ ئه‌مه‌ك بووه‌ بۆ بیروباوه‌ڕ و بژارده‌كانیان و له‌به‌رده‌م نه‌یاره‌كانیشدا خۆڕاگرانه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ى زیاتر هه‌ڵوێسته‌كه‌ ناڕوون و ته‌مومژاویى ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ى هێزى ئه‌وانه‌ به‌ ئاشكرا له‌ سه‌رخستنى تره‌مپ-دا ده‌ركه‌وت، له‌كاتێكدا واده‌زانرا له‌ دواى ده‌بلیو بوش-ه‌وه‌ ئیتر ون بوون و دیار نه‌ماون، هه‌روه‌ها له‌كاتێكدا كه‌ راپرسییه‌ یه‌ك به‌دواى یه‌كه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌بوون هیلارى كلنتۆن-ى ركابه‌رى، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بباته‌وه‌ و سه‌ربكه‌وێت.
ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌، یان توانا و لێوه‌شاوه‌یى پیشه‌ییانه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌و راپرسییانه‌یان كردووه‌، لاواز و بێ ئاست بووه‌، یاخود به‌ ئه‌نقه‌سه‌ت ویستوویانه‌ كاریگه‌ریى بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و كوتلانه‌ى كه‌ بژارده‌كانى خۆیان دیارینه‌كردبوو، له‌مه‌دا پشتیان به‌وه‌ به‌ستبوو كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌م توێژه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌نگ بده‌ن به‌وه‌ى هاوسه‌نگیه‌كه‌ى به‌لادا ده‌شكێته‌وه‌! ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت پرۆسه‌ى راپرسیه‌كان به‌و جۆره‌ پاك و بێگه‌رد نه‌بوون كه‌ باس ده‌كرا، به‌ڵكو لاربووبووه‌وه‌ به‌لاى كلینتۆن-دا و هه‌روه‌ها یاریى به‌ راپرسیه‌كان ده‌كرا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى كلینتۆن. 
ئه‌م نادیارییه‌، هه‌ڵبژاردنه‌ ته‌واوكارییه‌كانى كۆنگرێس، كه‌ له‌ 6ى تشرینى دووه‌مدا ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر تره‌مپ دۆڕا و نه‌یاره‌كانى زۆرینه‌یان هێنا ئه‌وا رێى تێده‌چێت كار بكه‌ن بۆ به‌دادگایى گه‌یاندن و لابردنى، خۆ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ بۆ تره‌مپ بوو ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌رده‌وامیى ده‌دات به‌ سیاسه‌ته‌كانى خۆى و ره‌نگه‌ زیاتریش تێیپه‌ڕێنێت، له‌مه‌یشدا پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت زیاتر دروشمه‌كه‌ى (ئه‌مریكا یه‌كه‌مجار) جێبه‌جێ بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیى هاوپه‌یمانه‌كانیشیدا نه‌یه‌ته‌وه‌ و نه‌گونجێ، ئه‌مه‌یش ماناى درێژه‌دانه‌ به‌ سووكایه‌تیكردن به‌ شه‌رعیه‌تى نێوده‌ڵه‌تى!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە