عێراق به‌چى چاك ئه‌بێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 03/05/2016

دواڕۆژ
له‌ ده‌عوه‌تێكى كفته‌دا بوین، بێ ئێوه‌ ناخۆش، باس هاته‌ سه‌ر باسى وه‌زعى عێراق و پرسیارى ئه‌وه‌ى چۆن چاك ئه‌بێ. دنیادیده‌یه‌ك وتى با هه‌قایه‌تێكتان بۆ بگێڕمه‌وه‌، وتمان فه‌رموو، فه‌رمووى:

كاتى خۆى كابرایه‌كى هه‌ژارى داماو ئه‌چێته‌ لاى مه‌لاى گونده‌كه‌یان و ئه‌ڵێ خۆم و دایكى مناڵه‌كان و شه‌ش مناڵى سه‌روپێچكه‌ خزاوینه‌ته‌ ژوورێكه‌وه‌، خێرى ئیمانت عیلاجێكمان بكه‌. مه‌لا ده‌ست ئه‌داته‌ پشیله‌یه‌كى حه‌وشه‌كه‌ و ئه‌ڵێ ئه‌م پشیله‌یه‌ش له‌گه‌ڵ خۆتانا بخه‌نه‌ ژووره‌كه‌وه‌ و هه‌قت نه‌بێ. كابرا به‌قسه‌ى ئه‌كات و پاش حه‌فته‌یه‌ك ئه‌چێته‌وه‌ لاى مه‌لا ئه‌ڵێ كوڕه‌ مامۆستا ئه‌و په‌نده‌ چی بوو به‌ منت دا؟ پشیله‌كه‌ عه‌یشى پێ تاڵ كردوین. مه‌لا ئه‌ڵێ خه‌مت نه‌بێ هه‌موو شت حه‌ل ئه‌بێ، ئێستا وه‌ختى ئه‌وه‌یه‌ سه‌گێكیش له‌ ژووره‌كه‌دا به‌خێو بكه‌ن. كابرا به‌ واقێكى وڕماوه‌وه‌ ئه‌پرسێ: سه‌گ؟!. مه‌لا ئه‌ڵێ: به‌ڵێ سه‌گ، كتێب وا ئه‌فه‌رموێ، سه‌گێكیش ببه‌ره‌ ژووره‌كه‌تانه‌وه‌ و هه‌قت نه‌بێ. خولاسه‌ كابرا به‌قسه‌ى ئه‌كات و ئه‌ڕوات. پاش سێ چوار رۆژ دێته‌وه‌ ئه‌ڵێ مامۆستا گیان به‌و قورعانه‌ى له‌ سنگتایه‌ هاتوومه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى خۆم بخنكێنم, ئه‌و سه‌گ و پشیله‌یه‌ موعه‌ده‌ل شه‌ڕیانه‌. مه‌لا ئه‌ڵێ ده‌ ئێستا هه‌ردوكیان ده‌ركه‌ و سبه‌ینێ وه‌ره‌وه‌ بۆلام. سبه‌ینێ كابرا به‌ جامولكه‌یه‌ك ماسته‌وه‌ ئه‌چێته‌ لاى مامۆستا و ئه‌ڵێ سه‌رفرازى ماڵى خوا بیت مامۆستا، به‌ڕاستى چاك نه‌جاتت دام، شوكر ئێستا هیچ موشكیله‌یه‌كم نه‌ماوه‌.

یه‌كێك له‌ میوانه‌كان پرسیارى كرد: یه‌عنى عێراقیش به‌وه‌ چاك ئه‌بێ وه‌كو جارى جارانى لێ بكرێته‌وه‌. 
فه‌رمووى: به‌ڵێ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە