هاوڕێى ئه‌دیبانى خاوه‌ن نۆبڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 12/09/2018

نووسینى: سه‌میر عه‌ته‌ڵـڵا
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسیم نه‌بینیووه‌ هێنده‌ى فیدڵ كاسترۆ، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ هاوڕێ و دۆستى ئه‌دیب-ى هه‌بووبێت كه‌ سیانیان خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵ بوون. كاتێك جۆن كه‌نه‌دى كوژرا، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ى كاسترۆ چووه‌ لاى تا هه‌واڵه‌كه‌ى پێ بدات، ئه‌و كاته‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ جان دانیال-ى نووسه‌رى فره‌نسیدا له‌كۆبوونه‌وه‌دا بوو. له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوو وه‌ك ناوبژیوانێك بكه‌وێته‌ نێوان سه‌رۆكى ئه‌مریكا و سه‌ركرده‌ كوبى-یه‌كه‌وه‌.

دواتر ساڵى 1996 گابریێل گارسیا ماركیز-ى خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵ كه‌وته‌ نێوبژیوانیى نێوان كاسترۆ و بیل كلینتۆن. كاتى خۆى پێیووت "من دڵنیام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ رووبه‌ڕووى یه‌كتر دابنیشن، ده‌ستبه‌جێ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
 
ماركیز به‌ناوبانگترین هاوڕێ نووسه‌ره‌كانى كاسترۆ و نزیكترینیان بوو لێوه‌ى. تاقه‌ كه‌سێكیش بوو كه‌ ده‌یوێرا ره‌خنه‌ى لێبگرێت. ئه‌وكاتانه‌ى له‌ هاڤانا بوو، كاسترۆ هاوڕێكه‌ى و سه‌ردانیكارانى خۆیى كۆده‌كرده‌وه‌ و وه‌ك عاده‌تى خۆى ده‌یهێشتنه‌وه‌ و هه‌تا به‌ره‌به‌یان بێدار ده‌بوون. كاتێكیش له‌ كاتژمێر نزیكه‌ى دووى به‌یانى-دا كاسترۆ له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ ده‌چووه‌ لایان، ماركیز به‌ بۆڵه‌بۆڵه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوانى ده‌گوت: براده‌رینه‌ ته‌واو ئیتر خه‌و نه‌ما. 

زۆربه‌ى نووسه‌ره‌ چه‌په‌كانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى لاتین هه‌وڵیانداوه‌ خۆیان له‌ كاسترۆ نزیكبخه‌نه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت. دیارترینیان رێجیس دۆبریێ-ى فه‌یله‌سوفى فره‌نسى بوو كه‌ فرانسوا میتێران كردیه‌ راویژكارى خۆى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ پۆلیڤیا كه‌ هاوشانى جیڤارا ده‌جه‌نگى. پێشتریش فه‌لسه‌فه‌ى له‌ زانكۆى هاڤانا خوێندبوو. به‌ڵام دۆبریێ-یش وه‌ك هاوڕێكانى ترى كاسترۆ، له‌ نموونه‌ى ڤارگاس یۆسا-ى پیرۆیى و خۆلیۆ كولتزار-ى ئه‌رژه‌نتینى، دواتر ده‌ستبه‌ردارى بیرى چه‌پڕه‌ویى خۆیان بوون و به‌ كۆنه‌پارێز تۆمه‌تباركران. دۆبریێ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ئه‌و نییه‌ كه‌ گۆڕاوه‌ به‌ڵكو دۆخ و هه‌لومه‌رجى جیهان گۆڕاوه‌. بۆ ئه‌مه‌یش باسى هند ده‌كات كه‌ نموونه‌یه‌ك بوو له‌ هه‌ژارى و چاره‌ڕه‌شى كه‌چى بووه‌ نموونه‌یه‌ك له‌ پێشكه‌وتن و ته‌كنۆلۆژیا.
 
 (ئه‌دیبانى كاسترۆ) به‌رگرییان له‌ خۆى و له‌ كوبا-یش كردووه‌ كاتێك كه‌ له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌ په‌لامار ده‌درا. ماركیز بێ دوودڵى به‌راوردى نێوان شۆڕشى كوبا و ئه‌زموونه‌ نموونه‌ییه‌كانى یه‌كسانى كردووه‌. هه‌مان ئه‌وه‌ى له‌ كۆبادا دیووه‌ كه‌ بارتۆلۆمى دى لاس كاساس له‌ (كۆمه‌ڵگه‌ هندیه‌كان)دا دیوویه‌تى به‌رله‌وه‌ى پیاوه‌ سپى پێسته‌كه‌ بگاته‌ ئه‌مریكا: له‌ كلتورى هندی-دا دزى و توندوتیژیى دژى ژنان و كوشتنى تۆپزى و سووكایه‌تى و ده‌مه‌قاڵه‌ى توند بوونیان نییه‌ و هه‌موان به‌یه‌كه‌وه‌ رازى و ره‌زامه‌ندن به‌ پێكه‌وه‌ییان. به‌ڵام ئیسپانیه‌كان، كه‌ هاتوون بۆ جیهانى نوێ، ئیستیغلالكار و قۆزه‌ره‌وه‌ و نامه‌ده‌نى و توند و ره‌قن.

ئه‌و سه‌رسامیى خۆى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ به‌و كه‌سه‌ى كه‌ رۆژانه‌ هه‌مان كارى ده‌كرد "له‌ ناكاو له‌ شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت بۆ روونكردنه‌وه‌ى كێشه‌یه‌كى تازه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى شۆڕش ده‌بێته‌وه‌، ئیتر له‌ كاتژمێر چوارى دواى نیوه‌ڕۆوه‌ قسه‌ى ده‌كرد هه‌تا نیوه‌شه‌وێكى دره‌نگ بێ ئه‌وه‌ى بۆ ته‌نیا ساتێكیش بوه‌ستێت تا كارمه‌نده‌كان بوارى ئه‌وه‌یان هه‌بێت هیچنا بچن سه‌رئاوێك بكه‌ن".

كاسترۆ و ئه‌رنست هه‌مه‌نگواى ته‌نیا جارێك یه‌كترییان بینیوه‌، به‌ڵام له‌ رۆمانه‌كانى ئه‌و رۆماننووسه‌ ئه‌مریكییه‌دا پشتگیریى لێكراوه‌، چونكه‌ هه‌مه‌نگواى كوباى خۆشده‌ویست، ئه‌و كۆبایه‌ى تێیدا ژیا و خۆیشى تێدا كوشت. ئه‌و كوبایه‌ى (پیره‌مێرد و ده‌ریا)ى تێدا نووسى و خه‌ڵاتى نۆبڵ-ى ئه‌ده‌بى پێوه‌رگرت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure