ئایا لابردنى تره‌مپ نزیكه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌بێ ره‌چاوكردنى هه‌ڵوێست له‌سه‌ر لابردنى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا، پرسارگه‌لێكى ره‌واى هه‌م سیاسى و هه‌م یاسایى هه‌ن و پێویسته‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ى كه‌ ده‌گوزه‌رێت. پاشان ئه‌و رێوشوێنانه‌ چین كه‌ پێویسته‌ پیاده‌بكرێن یان نا بۆ جێبه‌جێكردنى هه‌نگاوێكى له‌و جۆره‌؟. پێش ئه‌وه‌ى بچینه‌ ورده‌كارییه‌كانى لابردنه‌كه‌وه‌، ده‌ڵێین: له‌وكاته‌وه‌ى دامه‌زراوه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشینه‌یه‌كى یاسایى نه‌بووه‌ كه‌ بووبێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌كانى له‌پۆسته‌كه‌ى دووربخرێته‌وه‌.  

ئه‌گه‌رچى هه‌وڵدراوه‌ بۆ لابردنى دوو سه‌رۆكى پێشتر كه‌ بریتى بوون له‌ ئه‌ندرۆ جۆنسۆن (1865) و بیل كلینتۆن (1998) به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجام، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ئه‌و رێكاره‌ ئاڵۆز و پڕ له‌ گرێوگۆڵانه‌ى كه‌ پێویستن بۆ لابردنى سه‌رۆك. كاتێك ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بڕیارى لابردنى دوو سه‌رۆكه‌ ناوبراوه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ى دا، ئه‌نجومه‌نى پیران ده‌نگى له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ نه‌دا كه‌ مه‌رجێكى ده‌ستورییه‌، بۆیه‌ پلانى لابردنه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. به‌ڵام لاچوونى سه‌رۆك ریچارد نیكسۆن (1974) ئاراسته‌یه‌كى ترى وه‌رگرت، ئه‌و دواى ئابڕووچوونه‌كه‌ى (واته‌ر گێت) و تۆمه‌تباركردنى به‌ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر حزبى دیموكات-ه‌وه‌، ناچار بوو ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.
خۆ ئه‌گه‌ر له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا ده‌نگى داواكارییه‌كانى لاچوونى به‌رزتر بووبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى سیاسه‌تى خودى تره‌مپ و هه‌روه‌ها بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى بژارده‌كانى به‌رده‌مى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رییه‌وه‌ ده‌رباره‌ى تۆمه‌ته‌كانى تێوه‌گلانى له‌ گه‌نده‌ڵى و پێشێلكردنى یاساكان. تۆمه‌ته‌كانى پێشووى، سه‌باره‌ت به‌ تێوه‌گلان و تێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ روسیا، كشاونه‌ته‌وه‌ دواى ئیدانه‌كردنى پۆڵ مانافۆرت به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنى و مایكل كۆهین-ى پارێزه‌ره‌ تایبه‌ته‌كه‌ى. هه‌روه‌ك هه‌ندێك هه‌واڵیش له‌سه‌ر ئالان وایسیلبێرگ-ى هاریكارى نهێنییه‌ شاراوه‌ داراییه‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا، دزه‌یانكردبووه‌ ناو میدیاكانه‌وه‌. 

تره‌مپ به‌ هۆشداریدانى توندى له‌ ده‌ره‌نجام و ره‌نگدانه‌وه‌ خراپه‌ مه‌ترسیداره‌كان له‌سه‌ر كۆى ئابوریى ئه‌مریكا، رووبه‌ڕووى هه‌وڵه‌كانى لابردنى بووه‌ته‌وه‌. له‌ لێدوانێكیدا بۆ تۆڕى (فۆكس نیوز) ده‌ڵێت :"یان من یاخود ئاژاوه‌ و هه‌ره‌سهێنان" بێگومان به‌ هه‌ره‌سى دامه‌زراوه‌ ئابورییه‌كانیشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌زگا دادوه‌رییه‌كان رێوشێنێكى له‌وجۆره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

كه‌واته‌، ئایا ده‌كرێت رێكاره‌كانى لابردنى به‌ره‌وپێش ببرێت؟ ئه‌ى رێگه‌ى جێبه‌جێكردنى چییه‌؟ ئاخۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ چى ده‌بن كه‌ لێوه‌ى سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟ 
سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵمه‌تى داواكاریى لابردنى تره‌مپ، قسه‌وباسى ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هه‌تا كۆتایى ئه‌م خوله‌ى ئێستاى، واتا تا 2020 له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى بۆ خولى دووه‌میش باسده‌كرێت. ئه‌مه‌یش پشتى به‌ستووه‌ به‌ یه‌كگرتوویى قه‌واره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى، له‌كاتێكدا نه‌یاره‌كانى له‌ په‌رتوبڵاوى و دابه‌شبووندان.

ئه‌ى ده‌رباره‌ى ئه‌و ئابڕووچوونانه‌ى كه‌ ده‌وترێت پارێزه‌ره‌كه‌ى دانى پێداناوه‌، به‌تایبه‌ت پێدانى به‌رتیل به‌ ژنان له‌به‌رامبه‌ر به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ى سكاڵا له‌دژى؟ ئایا ئه‌مانه‌ پێشێلكارییه‌كى هێنده‌ گه‌وره‌ن كه‌ شایانى ئه‌وه‌ بێت پێ لاببرێت؟. برادلى سمیت سه‌رۆكى لیژنه‌ى فیدراڵیى هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ نه‌خێرێكى دڵنیایى و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆهین-ى پارێزه‌ریشى بیڵێت. پاساوه‌كه‌یشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و (پێكهاتن)ه‌ ناچێته‌ ناو چوارچێوه‌ى تێچووه‌كانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ و ئامانجى هاندان و خه‌ڵه‌تاندن نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاربكاته‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. پێشتریش تۆمه‌تى له‌مجۆره‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكه‌كانى تر كراوه‌ به‌وه‌ى پاره‌ و پووڵى (تایبه‌ت)یان خستووه‌ته‌ خزمه‌تى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، وه‌ك بیل كلینتۆن و جۆرج بووش-ى كوڕ و باراك ئۆباما، بێ ئه‌وه‌ى تۆڵه‌یان لێ كرابێته‌وه‌. زۆر جار ئه‌م جۆره‌ سه‌رپێچییانه‌ به‌ سزادانى دارایى چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

به‌پێى ده‌ستور، لابردن له‌ سێ حاڵه‌تى سه‌ره‌كیدا ده‌بێت. یه‌كه‌میان: ناپاكیى گه‌وره‌. دووه‌میان: وه‌رگرتنى به‌رتیل. سێیه‌میان: تێوه‌گلان له‌ تاوانى گه‌وره‌ یان كه‌تنى گه‌وره‌ى وه‌ك هه‌وڵدان بۆ به‌لارێدابردنى دادوه‌رى یان له‌مپه‌ردانان له‌ به‌رده‌میدا كه‌ به‌ تاوانێك داده‌نرێت شایانى له‌ سه‌ر لادانه‌. ئه‌مه‌یش دواى ئیدانه‌كردنى به‌م تۆمه‌تانه‌. تا ئێستایش دادگاى باڵاى فیدراڵى هیچكام له‌م تۆمه‌ته‌ ترسناكانه‌ى ئاراسته‌ى تره‌مپ نه‌كردووه‌. دوابڕیاریش بۆ لابردنى، له‌لایه‌ن هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى كۆنگرێس-ه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت، واتا ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌یه‌كى كه‌مى (نیو+1) داواى لابردنى سه‌رۆك بكات، ئه‌م داوایه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى پیران، ئه‌نجومه‌نى پیران-یش بۆ په‌سه‌ندكردنى ئه‌م بڕیاره‌، پێویستى به‌ زۆرینه‌ى سێیه‌كه‌، واتا 67 پیر.

له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ زۆرینه‌ى ئێستاى كۆنگرێس (نوێنه‌ران و پیران)یش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كۆماریه‌كانن، بۆیه‌ نالۆژیكیه‌ كۆنگرێس بڕیارێكى له‌و جۆره‌ بدات. گومان له‌وه‌یشدا نییه‌ كه‌ پێكداچوونى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و تێكهه‌ڵكشانیان، واده‌كات داواكردنى لابردنه‌كه‌ سه‌رنه‌گرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ سه‌رۆك هیچ تۆمه‌تێكى ئه‌نجامدانى تاوانى گه‌وره‌ى ئاراسته‌ نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ گرتنه‌به‌رى رێوشوێنه‌كانى لابردن، ئه‌زموونه‌كه‌ى ساڵى 1998 بیرده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ حزبى كۆماریى سوور بوو له‌سه‌ر گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى یاسایى دژى سه‌رۆك كلینتۆن و ئه‌وه‌یش كاریگه‌رییه‌كى زۆرى هه‌بوو له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ بوو زۆرینه‌ى له‌ده‌ستدا و هیچى له‌به‌رامبه‌ردا نه‌برده‌وه‌. 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر وامان دانا كه‌ زنجیره‌ى تۆمه‌ته‌كان و رێوشوێنه‌ دادوه‌رییه‌كان بزوێنران، ئایا تره‌مپ هه‌مان رێگه‌ى نیكسۆن ده‌گرێت و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات؟ یان ئه‌م جۆره‌ ئه‌گه‌رانه‌ له‌ كه‌سێتیى ئه‌ودا بوونى نییه‌؟. زۆربه‌ى بیروبۆچوونه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه‌ حزبى كۆمارى جارێكیتر ناكه‌وێته‌ سه‌ركێشیى لابردنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ره‌نجامێكى خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ وازهێنانه‌كه‌ى نیكسۆن-دا كه‌وته‌وه‌. هه‌ر بۆ زانیارییش كاتى خۆى حزبى كۆمارى ملكه‌چى گوشاره‌كانى حزبى دیموكرات بوو كه‌ به‌رده‌وام داواى له‌ سه‌رۆك ده‌كرد ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌ش بكات. ئه‌مه‌یش ته‌نیا وه‌ك ئه‌گه‌رێك ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ندێكیان مایه‌ى په‌سه‌نكردن نین و نابن.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە