هه‌ڵبژاردنه‌كانى سوید و فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
دواى چه‌ند رۆژێكى كه‌م، هه‌ڵبژاردنه‌كانى سوید ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كانیش. هه‌ر له‌دواى كۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یش راسته‌وخۆ واده‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو دیاریى ده‌كرێت. هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌وه‌ كه‌ پشووه‌ و به‌ هیچ جۆرێك رێگه‌ به‌ پشوویه‌كى دیكه‌ (زیاده‌) نادرێت.


لێره‌ش وه‌ك عێراق، پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو پێویستى به‌ پێكهێنانى (فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌!)یه‌، بۆئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندیى زۆرینه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبێنێت له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوودا. زۆر قورس و زه‌حمه‌تیشه‌ پێشبینیى ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت، چونكه‌ پێده‌چێت ئه‌و ئه‌نجامانه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ده‌ستیدێنن، له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بن.

له‌م وڵاته‌دا، دوو فراكسیۆنى ته‌قلیدیى ركابه‌رى یه‌كترى هه‌ن، یه‌كه‌میان: فراكسیۆنى سووره‌كان-ه‌ كه‌ حزبى سوسیال دیموكرات (ئه‌و حزبه‌ى بۆ چه‌ندین گرێیه‌ گه‌وره‌ترین حزبى سویده‌) و هاوپه‌یمانه‌كه‌ى له‌خۆده‌گرێت كه‌ حزبى ژینگه‌ (حزبى سه‌وز-سه‌وزه‌كان)ه‌ له‌گه‌ڵ حزبى چه‌پ (كه‌ هه‌تا چه‌ند گرێیه‌كى كه‌مى له‌مه‌وبه‌ر ناوى حزبى شیوعى بوو). له‌به‌رامبه‌ردا فراكسیۆنى شین-ه‌كان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ حزبى راستڕه‌وى مامناوه‌ند و حزبى موحافیزكاره‌ نوێكان و حزبى لیبراڵى و حزبى نێوه‌ند (جووتیارانى پێشوو) و هه‌روه‌ها حزبى دیموكرات مه‌سیحى.
 
له‌م سه‌رده‌مى زۆربوونى ژماره‌ى كۆچبه‌ران بۆ سوید و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دۆخى سه‌ختى ئابورییه‌دا كه‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانى گرتووه‌ته‌وه‌، حزبگه‌لى راستڕه‌وى توندڕه‌و ده‌ركه‌وتوون، هه‌ندێكیان كاروانه‌كه‌یان نه‌گه‌یشته‌ مه‌نزڵ و كۆتاییانهات، هه‌ندێكیشیان به‌هێزه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دان و ركابه‌ریى سه‌رسه‌ختى حزبه‌ راستڕه‌وه‌ مامناوه‌ند-ه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌نگێكى زۆرى لایه‌نگرانى ئه‌وانیان بۆ خۆیان راكێشاوه‌. ئه‌م حزبه‌ توندڕه‌وانه‌ له‌سه‌ر ژێ و هه‌ستى (نیشتمانى)!! یاریى ده‌كه‌ن و پاساوى بارگرانیى ئابورییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى كۆچبه‌رانه‌!! به‌تایبه‌ت كه‌ زۆربه‌ى كۆچبه‌ران پشتیان به‌ یارمه‌تى و كۆمه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (سوسیال) به‌ستووه‌ له‌جیاتى ئه‌وه‌ى بچنه‌ بازاڕه‌كانى كاركردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌و كاره‌ تیرۆریستیانه‌ى كه‌ ئیسلامى توندڕه‌و له‌ جیهان و له‌ ئه‌وروپادا ده‌یكه‌ن. پارتى دیموكراتى سوید كه‌ پارێكى توندڕه‌وه‌، كارده‌كات له‌سه‌ر هه‌ڵشانى ترساندنى خه‌ڵك له‌م توندڕه‌وییه‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ جدییه‌ى كه‌ ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر سه‌قامگیریى وڵات، به‌مه‌یش ئه‌م راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌ توانیوویه‌تى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ خودى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ رابكێشێته‌ ریزه‌كانى خۆیه‌وه‌، ئه‌مانه‌ كار له‌سه‌ر راگرتنى كۆچ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت دروشمى توندڕه‌وانه‌تریشیان هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ئێمه‌ دڵنیاین مه‌حاڵه‌ جێبه‌جێ بكرێن، چونكه‌ ده‌ستورى سوید به‌توندى به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه‌.

ژماره‌یه‌ك حزبى بچووكى هه‌م راستڕه‌و و هه‌م چه‌پڕه‌ویش هه‌ن، ئه‌مانه‌ ده‌نگێكى هێنده‌ كه‌م به‌ده‌ستدێنن ناتوانن پێى بچنه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ر حزبێك رێژه‌ى 4%ى ده‌نگه‌كان بچنێته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌یش هه‌ندێك حزبى دیكه‌ هه‌ن كه‌ زۆر لۆكاڵین و ته‌نیا له‌ هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكان یان شاره‌وانیه‌كان و یاخود هه‌ردووكیاندا به‌شداریى ده‌كه‌ن.

له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا، من وایده‌بینم و به‌پێى پێشبینییه‌كان، مه‌حاڵه‌ یه‌كێك له‌ دوو فراكسیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كورسییه‌ بباته‌وه‌ كه‌ بتوانێت حكومه‌تێكى به‌هێز دامه‌زرێنێت و به‌رنامه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات، لێره‌دا حزبى راستڕه‌وى توندڕه‌و رۆڵى (سه‌نته‌رگیرى/هاوسه‌نگیرى) ده‌بینێت. به‌گوێره‌ى لێدوانه‌كانى هه‌ردوو فراكسیۆنه‌كه‌، كه‌ حزبه‌ نێوه‌نده‌كان لێى به‌گومانن، هه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌گه‌ڵ راستڕه‌وى توندڕه‌و ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كى زۆرى حزبه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ فراكسیۆنى سووره‌كان، وایداده‌نێن كه‌ ئه‌م حزبه‌ ره‌گوڕیشه‌یه‌كى نازیه‌تى هه‌یه‌ و ناكرێت به‌ هیچ جۆرێك هاوكاریى له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌ناو فراكسیۆنه‌ شینه‌كان-یشدا حزبگه‌لێك هه‌ن كه‌ هه‌مان ره‌ئى له‌سه‌ریان هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌م هه‌ڵوێستوه‌رگرتنه‌ خۆى له‌به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوودا راده‌گرێت؟ رۆژانى داهاتوو هه‌موو كارته‌كان ئاشكرا ده‌كات.

به‌ راى ساده‌یى خۆم، كه‌ ده‌رهاویشته‌ى ئه‌زموونى ژیانى ساڵانێكى دوورودرێژى خۆمه‌ لێره‌، هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ و گرێدانى پرسه‌كه‌یه‌ به‌ بارودۆخى ئه‌ورپا و ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ى له‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌تى ترى ئه‌ورپادا كراون، جۆرێك له‌ هاوپه‌یمانێتیى له‌ ئاسۆدا ده‌بینم كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو فراكسیۆنى سوور و شین-دا ده‌كرێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانى حزبى راستڕه‌وى توندڕه‌و بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵێكى گرنگى نه‌بێت له‌ ژیانى سیاسیى چوار ساڵى داهاتوودا. به‌ڵام ئه‌مه‌یش باج-ى خۆیى هه‌یه‌، چونكه‌ فراكسیۆنى شین هه‌موو جۆره‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌گه‌ڵ پارتى چه‌پى سویدى ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌لایانه‌وه‌ پارتێكى كۆمۆنیستییه‌. له‌و باوه‌ڕه‌یشدام حزبى سوسیال دیموكراتى سویدى ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌ردارى هاوپه‌یمانه‌ سووره‌كانى ببێت له‌ پێناو مانه‌وه‌ى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.

گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌یش بدرێت كه‌ راپرسییه‌كان وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن حزبى چه‌پى سویدى رێژه‌ى زیاتر 10%ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستدێنێت و ئه‌مه‌یش ناكرێت به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت. ئه‌م حزبه‌ به‌رنامه‌یه‌كى به‌رز و په‌سه‌ند و جدیى بۆ قۆناغى داهاتوو هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌لى سویدى وه‌ك گه‌لێكى ئه‌ورپایى ده‌مێنێته‌وه‌ و ناوى شیوعیه‌ت ده‌یترسێنێت. ئه‌وان سیاسه‌تى شیوعیانه‌یان ده‌وێت به‌ڵام هه‌ڵینابژێرن.
  سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure