ساكسۆن و ئه‌ته‌كێتى كه‌مدویى

بۆچوون / بیروڕا :: 01/09/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌لاى ئینگلیزه‌وه‌ كه‌م شت هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ى زۆربڵێى و ده‌مه‌ته‌قێ ناخۆش و نابه‌دڵیان بێت. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك له‌ كه‌میى ئه‌ده‌ب (ئه‌ته‌كێت) و خراپیى په‌روه‌رده‌ى داده‌نێن. یه‌كێك له‌و ئامۆژگارییانه‌ كه‌ له‌ناویاندا باوه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسیار له‌ ئایین و بیروڕاى سیاسیى خه‌ڵكى تر مه‌كه‌. خراپترین پرسیاریش به‌لایانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌سێك بپرسیت: له‌ هه‌ڵبژاردنى گشتیدا ده‌نگت به‌كێ دا؟. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ قسه‌یه‌ك ده‌رباره‌یان هه‌یه‌، ده‌ڵێت: ئینگلیز باسى هیچ ناكه‌ن كه‌شوهه‌وا نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ دیاره‌ و بوارى گفتوگۆ و قسه‌له‌سه‌ركردنى نییه‌.  بێرناردشۆ تێبینیى ئه‌مه‌ى كردووه‌ و كۆمێدیترین دیمه‌نى لێوه‌ خوڵقاندووه‌ كاتێك (Eliza) پاڵه‌وانى شانۆگه‌ریى (Pygmalion) گفتوگۆى بابه‌تى كه‌شوهه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا ده‌كات. 

كه‌ ده‌چوومه‌ بریتانیا زۆرجار و بۆ چه‌ندینباره‌ تووشى ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌بوومه‌وه‌. كه‌ ده‌گه‌یشتمه‌ زانكۆ دیسانه‌وه‌ هاوڕێكانم ده‌یانگوت "ئه‌مڕۆ كه‌شوهه‌واكه‌ى خۆشه‌، وانییه‌؟" هه‌ر ده‌بێت تۆیش بڵێت وایه‌ و وریابیت نه‌كه‌ویته‌ بێنه‌وبه‌ره‌ له‌گه‌ڵیاندا، چونكه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن كه‌ بیانییت و كه‌م ئه‌ده‌بیت.
 
بێگومان ئینگلیزه‌كان ئه‌م خوو-وه‌ى خۆیان بردووه‌ته‌ ئه‌و كۆلۆنیالانه‌یش كه‌ تێیدا ماونه‌ته‌وه‌ و لێى جێگیربوون، به‌ تایبه‌ت ئوسترالیا و نیوزله‌نده‌. له‌وێ كۆچبه‌ران بڵاوه‌یان كردووه‌ و زۆربه‌یشیان له‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ تاوانێكیان كردووه‌ و حكومه‌تى بریتانیا دووریخستوونه‌ته‌وه‌. له‌وێش وایلێهاتووه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر به‌ ئه‌ده‌ب بیت و پرسیارى ناسنامه‌ له‌كه‌س نه‌كه‌یت  یان پرسیارى رابردووى یاخود كاره‌كه‌ى لێ نه‌كه‌یت، یاخود نه‌پرسیت ئاخۆ بۆچى هاتووه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌ چونكه‌ ره‌نگه‌ تاوانێكى كردبێت و به‌هۆیه‌وه‌ دوورخرابێته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ژنێك بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ به‌ هۆى له‌شفرۆشییه‌وه‌ دوورخرابێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌ته‌كێتى كه‌مدویى لایان باوه‌ و باشترین شت ئه‌وه‌یه‌ ده‌مى خۆت بگریت، ئه‌مه‌یش ته‌واو پێچه‌وانه‌ى كلتورى بیاباننشینى و میوانداریى ئێمه‌یه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ پرسیار و وه‌ڵام و قسه‌كردن و بۆخۆیان به‌شێكن له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى میوانداریى.

له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌ده‌بى بێده‌نگى و قسه‌نه‌كردندا، چیرۆك و به‌سه‌رهات و حیكایه‌تى جیاواز و پێكه‌نیناویى هه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌نێو ئوسترالییه‌كاندا. ئه‌دیبێكیان له‌ باسكردنى بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆیدا ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ى گێڕایه‌وه‌:

دوو كه‌س له‌و گه‌ڕۆكانه‌ هاوڕێیه‌تییه‌كى به‌هێز له‌ نێوانیاندا دروست ده‌بێت. رۆژێك پێكه‌وه‌ به‌ گه‌شتێك ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كى كشتوكاڵى كه‌ گه‌نم-ێكى زۆرى تێدا كراوه‌. كاتێك به‌پێ به‌ رێگه‌ى نێوان كێڵگه‌كانى گه‌نمدا ده‌ڕۆن، كه‌ هه‌ردوولاى رێگه‌كه‌ى داپۆشیوه‌، هارى، مژێكى قووڵ له‌ جگه‌ره‌كه‌ى ده‌دات و دوایى جگه‌ره‌كه‌ له‌ لێوه‌كانى دوورده‌خاته‌وه‌ و ئاوڕێك ده‌داته‌وه‌ به‌لاى هاوڕێكه‌یدا و ده‌ڵێت: ئه‌م گه‌نمه‌ له‌ جۆره‌ باشه‌كه‌یه‌. ئیتر به‌رده‌وام ده‌بن له‌ رێ رۆیشتنه‌كه‌یان.

دواى پێنج سه‌عات رۆیشتن ده‌گه‌نه‌ كامپێك و له‌وێ لاده‌ده‌ن و بۆ چه‌ند ساتێكى كه‌م له‌به‌ر ئاگرێكدا ده‌مێننه‌وه‌ و پاشان پاڵده‌كه‌ون و بۆ پشوودان خۆیان درێژ ده‌كه‌ن و هه‌ر یه‌كه‌یان ئه‌و به‌شه‌ى تاقه‌ به‌تانیه‌كه‌ى ژێریان ده‌ئاڵێنێت به‌خۆیه‌وه‌. بێڵ سه‌بیله‌كه‌ى خۆى ده‌ردێنێت، پڕى ده‌كات له‌ تووتن و دایده‌گیرسێنێت. دواى مژێكى قووڵ و درێژ  له‌ سه‌بیله‌كه‌ى رووده‌كاته‌ هاوڕێكه‌ى و ده‌ڵێت : وابزانم ئه‌و كێڵگه‌یه‌ى كه‌ به‌لایدا هاتین جۆ بوو نه‌ك گه‌نم". دواى ئه‌وه‌ى جگه‌ره‌كانیان ده‌كێشن، سه‌ریان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر چمكێكى به‌تانیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان و ده‌كه‌ونه‌ خه‌وێكى قووڵه‌وه‌. 

به‌یانى زوو كه‌ بێڵ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت، ته‌ماشا ده‌كات هارى له‌وێ نه‌ماوه‌! زۆر سه‌رسام ده‌بێت و ده‌حه‌په‌سێت. دواتر پارچه‌ كاغه‌زێكى له‌ژێر به‌ردێكى بچووك له‌  نزیك شوێنى خه‌وتنه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌، به‌رده‌كه‌ى لابردوو كاغه‌زه‌كه‌ى كرده‌وه‌، سه‌یرده‌كات تێیدا نووسراوه‌ "من تاقه‌تى ئه‌م هه‌موو ده‌مه‌ته‌قێ و چه‌له‌حانێیه‌م نییه‌، بڕۆ كه‌سێكى تر بدۆزه‌ره‌وه‌ هاوڕێیه‌تیت بكات!".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure