جیاوازیى دۆخى به‌سره‌ و كه‌ركوك

بۆچوون / بیروڕا :: 30/08/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
دواى رووخانى رژێمى چه‌ته‌گه‌ریى سه‌دام، ئاوات و ئامانجى عێراقیه‌كان دامه‌زراندنى ده‌سه‌ڵاتێكى مه‌ده‌نى بوو كه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌ربازكردنى عێراق و گه‌لى عێراق له‌ ده‌ره‌نجامه‌ دواكه‌وتووییه‌كانى دیكتاتۆریه‌ت دابنێت، ئه‌و دیكتاتۆریه‌ته‌ى هه‌ر له‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى نوێى عێراقه‌وه‌ به‌ دڕندانه‌ترین رژێمى حوكمڕانى، خۆى به‌سه‌ر عێراقیه‌كاندا سه‌پاندبوو.


گه‌لى عێراق، به‌هێز-ه‌وه‌ به‌شداریى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد به‌و ئومیده‌ى كه‌سانێك هه‌ڵبژێرێت تا خێرێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ بۆ بنیاتنانى عێراقێكى نوێ كه‌ هاووڵاتى به‌ خۆشى و ئارامیى تێیدا بژێت به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى چه‌ندین ده‌وڵه‌تى گه‌وره‌ له‌و قه‌رزه‌ قه‌به‌ و زۆرانه‌یان خۆش بوون كه‌ رژێمى سه‌دام وه‌ك بارێكى گران خستبوویه‌ ئه‌ستۆى عێراق. به‌ڵام ئومێده‌كه‌یان به‌ باچوو، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌ڵیانبژاردن هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ر كه‌ هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانى خۆیان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یش له‌ سه‌ر حسابى ویژدان و خزمه‌تكردنى رۆڵه‌كانى گه‌له‌كه‌یان.


ئه‌وه‌بوو هاووڵاتیانیش پشتگوێیانخستن و له‌ دوا خولى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بایكۆتى به‌شدارى و ده‌نگدانیان كرد، بۆیه‌ ئاستى به‌شداریى، به‌گوێره‌ى هه‌ندێك سه‌رچاوه‌، رێژه‌ى20%ى تێنه‌په‌ڕاند. به‌شێكى زۆرى ده‌نگده‌ران بایكۆتیان كرد و هه‌ستیان به‌و گه‌وجاندن و سته‌م و فێڵ و پیلانگێڕییه‌ كرد كه‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌كانى گۆڕانكاریى به‌هۆى عه‌مامه‌ له‌سه‌ره‌كانى ئێران و ئه‌فه‌ندیه‌كانى بریتانیاوه‌ بۆیان داڕشتوون، چونكه‌ زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ و پاسپۆرتى به‌رزى بریتانین. جێى داخه‌ بریتانیا سه‌رچاوه‌ى ئه‌م هه‌موو دزه‌یه‌ كه‌ له‌ پایه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى عێراقدا ده‌یانبینین، له‌بریى ئه‌وه‌ى زانا و پسپۆره‌كانى زانكۆ دێرین و به‌ناوبانگه‌كانى كامبردج و ئۆكسفۆرد-یان ببینین.  


به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌رگه‌ساتانه‌یشدا كه‌ عێراق-یان گرتووه‌ته‌وه‌، جیاوازیى له‌ نێوان دوو ئیداره‌دا ده‌بینین، ئیداره‌ى حزبه‌ ئایینیه‌كان كه‌ حوكمڕانیى شاره‌كانى باشوریان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، ئه‌و شارانه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ سامانى نه‌وت، له‌ نموونه‌ى به‌سره‌ و ناسریه‌ و عه‌ماره‌، هه‌روه‌ها ئیداره‌ى حزبه‌ كوردیه‌كان كه‌ حوكمڕانیى شاره‌كانى كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ وه‌ك سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوك. 


ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شاره‌كان بێنین و ته‌نیا دوو شارى به‌سره‌ و كه‌ركوك بۆ به‌راورد وه‌ربگرین، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى كه‌ له‌و شارانه‌ن چه‌ندین گرێ و ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ یه‌كه‌م بیره‌ نه‌وت له‌ باوه‌گوڕگوڕ هه‌ڵكه‌نراوه‌، به‌ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت به‌ناوبانگن، ده‌بینین شارى كه‌ركوك كه‌ حزبه‌ كوردیه‌كان به‌ڕێوه‌یان بردووه‌ شارێكى پاك و هاوسه‌نگ بووه‌ له‌ بواره‌كانى كار و كه‌میى بێكارى و دابینكردنى خزمه‌تگوزاریه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ى نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانى (عه‌ره‌ب و كورد و توركمان) سه‌ره‌ڕاى ئه‌و كێشه‌ مێژووییانه‌ى كه‌ ئیستیعمارى بریتانى له‌ په‌نجاكانه‌وه‌ ناویه‌ته‌وه‌ و دواتریش رژێمى به‌عس قووڵیكردنه‌وه‌ و په‌ره‌یپێدان، گه‌وره‌ترینى ئه‌و كێشانه‌یش راگواستنى كورد و ته‌عریبكردنى ناوچه‌كانیان بوو كه‌ تا ئێستایش كاریگه‌رییه‌ ئازاربه‌خشه‌كانى ماونه‌ته‌وه‌ و ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت له‌ به‌غدا نه‌یتوانى به‌پێى ماده‌ى 140ى ده‌ستوری چاره‌سه‌ریان بكات و ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ له‌مپه‌ر و كۆسپ له‌به‌رده‌م شاره‌كه‌ و دانیشتوانه‌كه‌یدا بۆ زیاتر پێشكه‌وتنیان له‌ بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان و گه‌شتیارى و بازرگانى و كایه‌كانى تریشدا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م كێشانه‌یشدا، له‌لایه‌ن حزبه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ بایه‌خى پێدراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن مام جه‌لال سه‌رۆكى كۆچكردووى عێراقه‌وه‌ كه‌ توركمانى ده‌خسته‌ پێش كوردیشه‌وه‌ له‌و هه‌نگاو و پرۆژه‌ى چاره‌سه‌رانه‌دا كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى شاره‌كه‌ى پێشنیار ده‌كرد له‌و كاتانه‌دا كه‌ پارێزگاكه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان-ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.


ئیتر كه‌ركوك له‌و خێره‌دا مابووه‌وه‌ هه‌تا پێش ساڵێك و زیاتر له‌مه‌وبه‌ر كه‌ چه‌ند رووداوێكى له‌ناكاو رووبه‌ڕووى بووه‌ و كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریى جموجووڵه‌ سه‌ربازییه‌كان و هێرشه‌كانى داعش-ه‌وه‌ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى جارێكى تر كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ به‌ر كه‌ڵبه‌ى په‌لاماره‌كانیان.


به‌ڵام به‌ڕاستى بوارى به‌راوردكردنى دۆخى كه‌ركوك، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كانى، به‌ دۆخى به‌سره‌ ناكرێت كه‌ حزبه‌ ئاینییه‌كان به‌ڕێوه‌یان بردووه‌ و كارێكیانكردووه‌ سامانى نه‌وته‌كه‌ى له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن مافیاكانه‌وه‌ تاڵان بكرێت و ده‌سه‌ڵاتى عه‌شایه‌رى و خێڵه‌كیى تێدا باڵاده‌سته‌ و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى تێدا نه‌ماوه‌ و كلیلى كاروباره‌كانى داوه‌ته‌ حزبه‌ ئاینییه‌كان كه‌ شاره‌كه‌یان له‌ گه‌نده‌ڵیى هه‌ڵكێشاوه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ساده‌ترین خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك ئاوى پاكژ بۆ به‌كارهێنان و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریه‌كانى دیكه‌ نه‌مێنن.

شۆڕبوونه‌وه‌ى شاره‌كانى باشورى عێراق بۆ ئه‌و ئاسته‌ له‌ دواكه‌وتوویى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و نائارامى و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى گه‌نده‌ڵى و به‌رتیلخۆرى و بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌كان به‌و ئاست و رێژه‌ زۆر و به‌رزه‌، پێویستى گۆڕینى ئه‌م ئیدارانه‌ى ئێستاى ئه‌م شارانه‌ به‌ ئیداره‌یه‌كى تر، دێنێته‌ئاراوه‌ و  ده‌بێت په‌رله‌مان و حكومه‌تى داهاتوو كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ى جێگره‌وه‌ى باشتر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئیداره‌دان و دوورخستنه‌وه‌ى حزبه‌ ئایینیه‌كان كه‌ خۆیان سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر شار و دانیشتوانه‌كانیاندا و نغرۆیان كردوون له‌ خورافات و قسه‌ى بێسه‌روبه‌ر و پڕوپووچ-دا.
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌ندن

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure