ته‌ڵه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانم بۆ مه‌نێره‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 28/08/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

"با باسى بیره‌وه‌رییه‌كان نه‌كه‌ین. ته‌ڵه‌م بۆ مه‌نێره‌وه‌. تێیناكه‌وم. رێز له‌ وابه‌سته‌بوونت به‌ پیشه‌كه‌ته‌وه‌ ده‌گرم، به‌ڵام حساباته‌كانمان جیاواز و ته‌نانه‌ت ناكۆكیشن. تۆ قسه‌یه‌كى ورووژێنه‌رت ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ناونیشانێكى ورووژێنه‌ره‌وه‌ له‌ (ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت)دا بڵاوى بكه‌یته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت مافى خۆته‌ هه‌وڵبده‌یت و مافى رۆژنامه‌وان-ى پیشه‌گه‌ره‌ ده‌ستبه‌ردارى هه‌وڵى راوكردنى راز و گێڕانه‌وه‌كان نه‌بێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ من بۆ خۆم زۆرم له‌وانه‌ هه‌یه‌. پێشتر ئاگام له‌ هه‌ندێك له‌ گفتوگۆكانت بووه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ منیش له‌ سوپا و حزب و ده‌وڵه‌تدا كارم له‌گه‌ڵیاندا كردووه‌. گێڕانه‌وه‌ و به‌سه‌رهاته‌كانى ئه‌وان قه‌ناعه‌ته‌كانى دوو هێنده‌ لێكردووم به‌وه‌ى كه‌ باس و گێڕانه‌وه‌كانى خۆم له‌گه‌ڵ خۆمدا ببه‌مه‌ گۆڕه‌وه‌، ئه‌و گۆڕه‌ى كه‌ بۆ كه‌سانێكى له‌م ته‌مه‌نه‌ى مندا دوور نییه‌.
  
پێش ئه‌وه‌ى بپرسیت، ده‌زانم چ پرسیارێك له‌ مێشكتدایه‌. وه‌ڵامدانه‌وه‌ى منت ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى خوێنه‌ر بتوانێت به‌راوردێكى بكات له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌كانى ئه‌و یاریزانانه‌ى تردا كه‌ له‌گه‌ڵیان یاخود له‌ دژیان بووم. تۆ ده‌ڵێیت: ئه‌ركێكى راسته‌قینه‌ و مێژووییمه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یزانم و ئه‌وه‌ى تێكه‌ڵاوى بووم و شایه‌تم به‌سه‌ریه‌وه‌، بیڵێم و باسى بكه‌م. هه‌ندێك له‌م وێستگانه‌ ئاڵۆز و خوێناوى و قورس بوون و هه‌ندێك جار بوونه‌ته‌ هۆى ماڵوێرانى و قوربانیدانى به‌ئێش و ئازارى خێزانه‌كان و هه‌موو وڵاتى ماندوو و شه‌كه‌ت كردووه‌. تۆ خۆت ده‌زانیت كه‌ من به‌ كه‌سێكى ئازا و دڵڕه‌ق و هه‌ڵه‌شه‌ ناوده‌برام. به‌ڵام به‌راشكاوى پێت بڵێم من شه‌رم ده‌كه‌م قسه‌بكه‌م و ده‌ترسم.

به‌هیوابووم كه‌ وڵاته‌كه‌م ئێستا پێشكه‌وتوو و ئارام بوایه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوویى یان كارێكى به‌سوودم هه‌بوایه‌ باسم ده‌كرد. ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كى باشم هه‌بوایه‌ ده‌مخسته‌ به‌رده‌ست نه‌وه‌ نوێكان بۆ ئه‌وه‌ى رێنیشانده‌ریان بوایه‌ یان ببوایه‌ به‌ هاوه‌ڵ و راوێژكاریان بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى ئایینده‌ و پاشه‌ڕۆژیان. بڕوام پێبكه‌ ئێمه‌ پیاوانى رابردووى ئازارچێژین و ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بڕۆین و ون ببین. تۆ هه‌وڵده‌ده‌یت بمهێنیته‌ قسه‌، چونكه‌ لاى خۆته‌وه‌ بڕیارى ئه‌وه‌ت داوه‌ كه‌ من تاوانكارم. هه‌ڵبه‌ت لۆمه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌یشت ناكه‌م، چونكه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا هه‌ڵه‌ و گوناهى وامان كردووه‌ كه‌ شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانى ناشاردرێنه‌وه‌ و له‌ژێر گوشارى خه‌ونى پێشوه‌خته‌ یاخود هه‌ڵه‌شه‌یى گه‌نجیدا كردوومانن. به‌ڵێ به‌شداربووین له‌وه‌ى كه‌ وڵاته‌كانمان بگۆڕین بۆ تۆپه‌ڵێك له‌ پاشماوه‌ى وێرانكاریى، له‌كاتێكدا خه‌ونى به‌هێزى و تین و توانا و یه‌كێتى و رابوون و به‌هۆشهاتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ى مه‌زنایه‌تى و قایمكردنى پێگه‌ى ئه‌ومان هه‌بوو له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كانى تردا.
   
باش ده‌زانم پرسیارى چیم لێده‌كه‌یت و ده‌رباره‌ى چى لێم ده‌پرسیت. ته‌نیا ناوى هاوڕێكانم به‌سن بۆئه‌وه‌ى ببێته‌ جێى سه‌رنج و ورووژاندنى رۆژنامه‌نووس و خوێنه‌ران. به‌ڵام هه‌ڵدانه‌وه‌ى قه‌تماغه‌ى هه‌موو ئه‌و برینانه‌ به‌هیچ جۆرێك به‌شدارنابێت له‌ راگرتنى ئه‌و گلۆر و لێژبوونه‌وه‌ ترسناكه‌ى كه‌ وڵاته‌كانمانى تێكه‌وتووه‌. ناوى هاوڕێكانم ورووژێنه‌ر و ترسناكن. ئه‌وان، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام حسێن بوون. عه‌لى ساڵح سه‌عدى و حازم جواد بوون. ده‌یشتوانیت سیمبوله‌كانى قۆناغه‌كانیشیان بخه‌یته‌ سه‌ر، له‌ نموونه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسم و عه‌بدولسه‌لام عارف. ده‌زانم پرسیارى میشێل عه‌فله‌ق و ئه‌مین حافز و حافز ئه‌سه‌د-یشم لێده‌كه‌یت.

من نكۆڵى له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ خۆیشم ئاماده‌ و به‌شداریش بووم. ده‌یشزانم كه‌ تۆ پرسیار ده‌كه‌یت ده‌رباره‌ى رووخاندنى قاسم و چیرۆكى ئیعدامكردنه‌كه‌ى له‌ رادیۆ. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیى دژ و خراپى نێوان قاسم و عارف-ى هاوڕێى كه‌ ده‌ستى لێنه‌پاراست و كاتێك بۆى هه‌ڵكه‌وت حسابى كوشنده‌یى خۆیى له‌گه‌ڵدا یه‌كلایكرده‌وه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ پرسیار ده‌رباره‌ى رووبارى خوێنى نێوان به‌عس و شیوعیه‌كانیش ده‌كه‌یت. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عس له‌ 1968 دا. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گه‌نجێكى شه‌رمن كه‌ ناوى سه‌دام حسێن بوو و به‌ نازناوى (السید النائب) رازیى بوو هه‌تا كاتى تێسره‌واندنه‌ گه‌وره‌كه‌ هات و بووه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى فه‌رمانده‌ و تاقه‌ پیاوێك كه‌ تواناى مامه‌ڵه‌ و ره‌فتارى هه‌بێت به‌سه‌ر وڵات و هاووڵاته‌وه‌. 

شه‌رم ده‌كه‌م كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانم بگێڕمه‌وه‌ و ده‌ترسم نه‌وه‌كانم و منداڵه‌كانیان بیخوێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ ئاشكرابێت كه‌ ئێمه‌ وڵاتێكى به‌ تۆڕ و داو چێنراومان بۆ جێهێشتوون كه‌ قه‌سابخانه‌یه‌ك به‌رۆكى به‌رنادات هه‌تا قه‌سابخانه‌یه‌كى ترى بۆ نه‌یه‌ت. وڵاتێك هه‌میشه‌ له‌سه‌ر لێوارى جه‌نگى ناوخۆ یاخود له‌ گه‌رمه‌ى جه‌نگى ناوخۆدایه‌. وڵاتێك نه‌وه‌كانى خۆى هه‌ڵده‌لووشێت و پاڵیانده‌نێت بۆ ناو گۆڕستانه‌كان یان تاراوگه‌كان یان مانه‌وه‌یان له‌ ترس و تۆقینێكى به‌رده‌وامدا.
   
هه‌رگیز وامه‌زانه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌كرێگیراوى بیانى یاخود هه‌لپه‌رست بووبین یان ئالووده‌ و خولیاى كوشتن و خوێن بووبین. به‌ڵام ده‌كرێت به‌ سانایى واى لێكبده‌یته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ گه‌نجانێك بووین نه‌مانده‌زانى دنیا چییه‌ و جیهان چۆنه‌ و ته‌نانه‌ت وڵاته‌كانى خۆمانیشمان نه‌ده‌ناسى و نه‌ده‌زانى. وامانده‌زانى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر رادیۆدا به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌نووسى وڵات بگۆڕێت و كۆنترۆڵكردنى هه‌موو شتێك له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ كارێكى پیرۆزه‌ و كوشتنى هه‌ر كه‌سێك، كه‌ به‌رهه‌ڵستى بكات یان گومانى هه‌بێت، راست و ره‌وا و رێپێدراوه‌. به‌ مافى خۆمانمان ده‌زانى كه‌ ناڕازییه‌كان بنێرینه‌ به‌رده‌م په‌تى هه‌ڵواسین یان له‌ زیندانه‌كاندا جێبهێڵرێن هه‌تا داده‌ڕزێن و  خۆزگه‌ به‌ مه‌رگ و مردنێكى خێرا بخوازن تا له‌ دۆزه‌خى ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان رزگاریان ببێت. 
  
لێتى ناشارمه‌وه‌ كه‌ هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاریى ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم عێراقییه‌كان به‌برسێتى له‌سه‌ر كێڵگه‌كانى نه‌وت ده‌تلێنه‌وه‌ كه‌چى دێوى گه‌نده‌ڵى خێروبێرى عێراق ته‌خشان و په‌خشان ده‌كات و سه‌روه‌ریى و شكۆ و كه‌رامه‌تى به‌فیڕۆ ده‌دات. هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاریى ده‌كه‌م كاتێك عێراقییه‌كان به‌ خۆپیشاندان داواى كاره‌با ده‌كه‌ن. یان كاتێك گوێم له‌ سكاڵاى سوننه‌ ده‌بێت به‌ده‌ست گۆڕینى دیموگرافییه‌وه‌. یاخود كاتێك ده‌بیستم كورده‌كان وایداده‌نێن زوڵم و سته‌م چاره‌نووسێكه‌ و به‌دوایانه‌وه‌یه‌ ئیتر ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى به‌غدا هه‌ر ناوێكى هه‌بێت. هه‌ست به‌ ئازار ده‌كه‌م كاتێك ده‌بینم عێراق ناتوانێت حكومه‌ت پێكبێنێت به‌بێ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندیى باڵیۆزى ئه‌مریكا و واژۆى قاسم سوله‌یمانى.

 چه‌ند تامه‌زرۆى ئه‌وه‌م كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆمدا له‌ به‌غدا چاوه‌ڕێى مه‌رگى خۆم بكه‌م و مناڵ و نه‌وه‌كانم له‌چوارده‌ورم بن. گۆڕێكى ئاساییم له‌ وڵاتێكى ئاساییدا هه‌بێت. ئایا ئه‌گه‌ر زوو كارمان بكردایه‌ تا ده‌وڵه‌تێكى ئاسایى دروست بكه‌ین، ئێستا عێراق له‌م ژیانه‌دا ده‌بوو كه‌ تێیدا ده‌ژیێت؟ ئه‌ى ئایا سوریا به‌م جۆره‌ى ئێستاى ده‌ته‌قییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كارمان بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى ئاسایى له‌ سوریا بكردایه‌؟ نابێت له‌بیریشم بچێت كه‌ سیاسه‌ته‌كانى ئێمه‌ و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانمان به‌شداربوون له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى لوبنان-دا ئه‌و لوبنانه‌ى كه‌ باخچه‌یه‌كى عه‌ره‌بى بوو بۆ پێكه‌وه‌ژیان و پێشكه‌وتن. یاسر عه‌ره‌فات-یش زۆرى چه‌شت به‌ده‌ست براكانیه‌وه‌ و ئه‌مه‌یش هانده‌رى بوو بۆ ئه‌وه‌ى شتێك قبووڵ بكات كه‌ قبووڵكردنى هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌لایه‌وه‌ قورس و گران بوو.

لێتى ناشارمه‌وه‌ ئیره‌یى ده‌به‌م به‌ وڵاته‌ ئاساییه‌كان. ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ فه‌رمانده‌ى مێژوویى نییه‌. ئه‌و وڵاتانه‌ى بڕى تێچووى خوێندن و زانكۆكانیان زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ى كه‌ بۆ ده‌زگاكانى ئه‌من و په‌ره‌پێدانى ئامێره‌كانى ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان خه‌رجى ده‌كه‌ن. ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌ ناوخۆدا ژیانى پێكه‌وه‌یى و له‌ ده‌ره‌وه‌یش هاریكارییان هه‌ڵبژاردووه‌. ته‌ڵه‌م بۆ مه‌نێره‌وه‌. یاداشته‌كانم ناگێڕمه‌وه‌. ئه‌وه‌ى ده‌مترسێنێت، ئه‌و جێگره‌وانه‌یش كه‌ هه‌بوون ئه‌وانیش هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. ئه‌و تاوانه‌ى ئێمه‌ كردمان له‌وانه‌ كه‌متربوون كه‌ تاریكپه‌رسته‌كان كردیان. ئێمه‌ خه‌ونمان به‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ى خاوه‌ن په‌یامى نه‌مر-ه‌وه‌ ده‌بینى، كه‌چى له‌پڕێكدا وڵاتێكمان بینى كه‌ مرۆڤى تێدا كه‌وڵ ده‌كرێت و سوپاى ده‌وڵه‌تانى تر و میلیشایاكانیان تێیدا ده‌گه‌ڕێن. عه‌ره‌ب هیچ پاشه‌ڕۆژێكى نابێت ته‌نیا له‌سایه‌ى ده‌وڵه‌تێكى ئاساییدا نه‌بێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئاساییه‌یش له‌وه‌ناچێت نزیك و به‌ڕێوه‌بێت". 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure